دوران کاڵکان ستایشی ئێران دەکات: هێرشەکەی کرمان هێرشێک بوو دژی قاسم سولەیمانی

داهاتوودا باشتری ڕوون دەکاتەوە کە پەکەکە هێزێکی میلیشیایی (پارامیلیتەر)ی ڕێژیمی ئێرانە.

دوران کاڵکان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە ڕایگەیاند، هێرشەکەی کرمان، هێرشێک بوو دژی قاسم سولەیمانی، دەوڵەتی تورکیا لە پشت هێرشەکەوەیە و تورکیا دەیەوێت ئێران بخاتە نێو شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

دوران کاڵکان، یەکێک لە ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە، بە ناوی ڕەمزی “سەلاحەدین ئەردەم”ـەوە وتارێکی بەناونیشانی “بۆچی داعش هێرشی کردە سەر ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سولەیمانی؟” بۆ ڕۆژنامەی حیزبەکەی بەناوی “یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا” نووسیوە کەوا لە ئەورووپا بڵاو دەکرێتەوە. کاڵکان لەو وتارەی بەم ناونیشانە بڵاوکراوەتەوە پێشبینی سەرنجڕاکێشی کردووە و بە جۆرێک هێندێ ڕاستیی ئاشکرا کردووە؛ پەکەکە دەیهەوێ ئێران لە ناوچەکەدا وەکوو دەوڵەتێکی مەعسووم ـ بێتاوان پێناسە بکات.

“تورکیا دەیهەوێت ئێران بەشداری شەڕی غەززە بکات”

دوران کاڵکان لە زۆر بەشی وتارەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئێران لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بەدوور ڕادەگرێت و دەوڵەتێکی لهەڤهێنەر و ئاشتیخوازە. کاڵکان لە وتارەکەیدا دەربارەی ئەو مژارە نووسیویەتی: “لەم ڕووەوە گەورەترین هەوڵی تەیێب ئەردۆغان ئەوەیە کە ئێران بە شێوەیەکی چالاکانە پەلکێشی ناو شەڕی غەززە بکات…” دەشڵێت: “ئەو هێرشە بۆ ئەوە ئەنجامدرا کە بە ئێران بڵێن دەست لە ئاشتی و تەبایی و لهەڤهێنەری بەر بدە ولە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەڕ بکە”.

دوران کاڵکان هەوڵیداوە وێنایەکی وەها پیشان بدات کە “ئێران بێتاوانە و خۆی لە شەڕی غەززە بەدوور دەگرێت”. بەڵام لە ڕاستیدا ئێران لە سەرەتاوە لە شەڕی غەززەدا چالاک بووە و تەنانەت بە پیلانگێڕی “ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا” ناسراوە. ئێران خۆیشی حاشا لەم ڕاستییە ناکات و نایشارێتەوە.

ئایا ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاشتی ولهەڤهێنانە؟

بە گشتی دوران کاڵکان بەدرێژایی وتارەکی هەوڵیداوە کە ئێران وەک هێزێکی لێکنزیککەرەوە و لهەڤکار لە ناوچەکەدا پیشان بدات کە دەستی لە شەڕەکاندا نەبووە و خۆی لە شەڕ بەدوور دەگرێت. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەگەڵ بەهاری عەرەبی کە لە ساڵی 2011 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد، ئێران لەڕێگای میلیشیاکانیەوە کە هەر لە عێراق هەتا سووریا، لە لوبنانەوە هەتا یەمەن و ئەفغانستان لە هەموو شوینێک پێکیهێنابوون، خوێنی ڕشت و بە دەیان شاری کاول کرد. ئێران لەڕێگای میلیشیاکانیەوە دەستوەردان لە ئیدارەی ئەو دەوڵەتانە دەکات و تا ئێستا بە هەزاران کەسی بێگوناحی کوشتوون. پڕ ڕوونە کە ڕێژیمی ئێران یاریزانێکی سەرەکی شەڕ و ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ڕۆڵێکی پێشەنگ و یەکلاکەرەوە دەگێڕێت.

دوران کاڵکان لە نووسینەکەیدا لەسەر هێرشەکەی سەر کرمان، ئاماژەی بە تورکیا کرد و ئیدیعای ئەوەی کرد کە تورکیا فەرمانی هێرشەکەی بە داعش داوە و ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە وەزیری دەرەوە هاکان فیدان کردووە.

شایانی باسە دوای هێرشەکەی سەر کرمان کەجەکەش پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە تورکیا بەرپرسیارە لە هێرشەکەی کرمان و داعش لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت.

دیارە داعش قەوارەیەکی فرەنەتەوەییە، کە لقی جۆراوجۆری هەیە و لەلایەن پێکهاتەی جۆراوجۆریشەوە بەڕێوەدەبرێت. وڵاتانی عەرەبی، ڕوسیا و ئێرانیش بەشێک لە لقەکانی داعش بەڕێوەدەبەن. هێرشەکانی داعش لە ناوچەکەدا، سوودێکی زۆری بە ڕێژیمی ئێران گەیاند. ئێران لە دەرەوەی خاکی خۆی شەڕی بەڕێوە دەبرد و هەموو ناوچەکەی بە خوێن داپۆشی. ئەو کەسەی کە لەو شەڕەدا زۆرترین خوێنی ڕشت، “قاسم سولەیمانی” بوو.

کاڵکان: دەیانەوێت ئێرانیش بخەنە بەرەی دژە کورد

دوران کاڵکان ڕایگەیاند کە تورکیا دەیەوێت ئێران بخاتە بەرەی دژە کورد و لە درێژەدا نووسیویەتی: “هۆکاری ئەوەی کە ڕۆژنامەکانی ئاکەپە بە کۆی دەنگ هێرشەکەی تیرۆریستانی داعشیان لە کرمان بەستەوە بە ئیسرائیلەوە، لە بنەڕەتدا عەقڵیەت و سیاسەتی دوژمنایەتیکردنی کوردانە. بەم شێوەیە “ئامانج ئەوەیە ئێران بچێتە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و هەروەها لەگەڵ ئێران هاوپەیمانەتی نوێ لە دژی پەکەکە دروست بکەن”.

کاڵکان لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت: “نازانین بەڕیوەبەرانی ئێران چی دەڵێت لەسەر ئەو پەیامانە، ئایا ئامادەیە بە بەرەیەکی دژە کوردان بەسەرکردایەتی ئاکەپە-مەهەپە ئەرێ بڵێت یان نا. بەم زووانە گوێمان لەم وەڵامە دەبێت”.

کاتێک مرۆڤ تەماشای لێدوانەکانی پەکەکە و کاڵکان دەکات، ئەو وێنایەی لا دروست دەبێت کە ڕێژیمی ئێران هیچ سیاسەتێکی لە دژی کورد و کوردستان نییە. بەڵام هەموومان دەبینینی کە ڕێژیمی ئێران ڕێگە نادات کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی ئیدارەی خۆی بکات، ببنە هێز و مافە کلتووری و سیاسییە ڕەواکانی خۆی بەدەست بهێنێت. ئێرانیش بە ئەندازەی تورکیا، بۆ دژایەتی کردنی قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی کوردستان، بەرنامەیەکی جیدیی هەیە. ئێران بەرنامەیەکی جددی هەیە لە دژی پێگەی هەرێمی کوردستان، داگیرکردنەوەی کەرکوک لەلایەن ئێرانەوە پیلانی بۆ دانرابوو، هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێریش بەرنامەیەکی ئێرانییە. هەموو ڕۆژێک ئێران هێرش دەکاتە سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات شەهید دەکات و ڕۆژانە لاوانی کورد لەسێدارە دەدات. تەنها لە شۆڕشی ژینادا نزیکەی 100 کورد بە گوللـەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێران شەهید کران.

دەوڵەتی ئێران “هۆشی قووڵی سیاسەتی دژە ـ کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. دوران کاڵکان و پەکەکە بەتایبەتی لە ساڵی 2014ـەوە هەوڵی شاردنەوەی ئەو ڕاستییە دەدەن و دەیانەوێت ناسنامەی داگیرکاری ئێران بشارنەوە و وەکوو دەوڵەتێکی بێتاوان – ئاشتیخواز پیشانی بدەن.

نووسراوەکەی کاڵکان گوزارشتە لە ڕاستییەکەی ئەوان؛ پەکەکە ئامرازێکە لەخزمەت ئەجێندای ئێراندا

نووسینەکەی دوران کاڵکان لەخۆیدا پڕوپاگەندەیە بۆ ئێران. پەکەکە هەوڵ دەدات ڕاستییە مێژوویی و ڕۆژانەکان بشارێتەوە و هەوڵی ڕەوایەتیدان بە پەیوەندی و هاوکاریکردنەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا دەدات. دەتوانین بڵێین نووسینی کاڵکان دەربڕینی ڕاستییەکەیانی پەکەکەیە. ئەوانەی کە لەناو پەکەکەدا سیاسەتی ڕۆژانە دادەڕێژن و بەڕێوەی دەبەن، لایەنگرانی ئێرانن. پەکەکە لە ساڵی 2012ـەوە چ لە ڕۆژئاڤا و چ لە باشووری کوردستان بە پێی بەرژەوەندی و ئەجێنداکانی ئێران دەجووڵێتەوە.

بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا، سیاسەتێک دژ بە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات و کادیەکانی خۆی  و لاوانی کوردی ئێزدی لە ڕیزی میلیشیاکانی حەشددا جێگیر دەکات و لە دژی هەرێمی کوردستانیان بەکار دەهینێت. لەکاتێکدا کە ڕێژیمی ئێران هەموو ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتە ئامانج، بەڵام کاری بە لقوپۆپەکانی پەکەکە وەکوو “پژاک و کۆدار و یەرەکە”ـەوە نیە. ئێران بە هەبوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو پەدەکە ـ ئیران. پاک و کۆمەڵە لەناو خاکی باشووری کوردستانیشدا زۆر قەلسە بەڵام لقوپۆپەکانی پەکەکە لە سنوورەکانی ئاسۆس، قەندیل و پێنجوێن لە تەنیشت پایەگاکانی سپای پاسدارانی ئێرانەوە خاڵی گومرگی دادەنین و باج لە کۆڵبەران دەستێنن.

ناوەڕۆکی نوسینەکەی کاڵکان دەریدەخات کە: “بەرپرسانی پەکەکە وەکوو جەمیل بایک، مستەفا قەرەسو و دوران کاڵکان بەو دەرفەتاەی کە ئێران پێیداون دەژین و دەپارێزرێن. پەکەکە لەژێر پاراستنی ئێراندایە، بەتایبەتی دوای شکستی شەڕی خەندەقەکان لە ساڵی 2015دا، پەکەکە بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە. مەحاڵە پەکەکە لەدەرەوەی بەرژەوەندییەکانی ئێران هەڵسوکەوت بکات و بجووڵێتەوە. هەر بۆیە ئاسان نیە کە لە هێڵی سلێمانی ـ شنگال و کەرکوک دوور بکەوێتەوە.

هەروەها دانوستانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا و دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری وەک ئەوەی ساڵی 2012 هەرگیز لەلایەن ئێرانەوە قبووڵ ناکرێت. لە ڕاستیدا هەڵوێستی کەجەکە و کاڵکان کە لە وتارەکانیاندا ستایشی ئێران دەکەن و هێرش دەکەنە سەر دەوڵەتی تورکیا، ئەوەیە کە دەیانەوێت بە ئێران بڵێن: “ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا نەماوە”.

داهاتوودا باشتری ڕوون دەکاتەوە کە پەکەکە هێزێکی میلیشیایی (پارامیلیتەر)ی ڕێژیمی ئێرانە. بەڕاست ئایا پەکەکەیەک کە ئەوەندە پەیوەستە بە ئێرانەوە، دەتوانێت نوێنەرایەتی کوردی ڕۆژهەڵات بکات؟

پوستێن ھەمان بەش