کێ باجی کوشتنی 9 چەکدارەکەی تورکیا دەدات؟

پەکەکە دەیهەوێ هەروەکوو چۆن بەهۆی شەڕی خەندەقەکانەوە باکووری کوردستانی کاول کرد، بەهەمان شێوە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانیش وێران بکات.

ساڵانیکی زۆر بەسەر گواستنەوەی شەڕی چەکدارانەی پەکەکە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان، تێپەڕ بووە.، پەکەکە بە چەواشەکاری و دروشمی هەڵخەڵەتێنەر درێژە بەو شەڕە دەدات. ئەنجامەکەشی بۆتە لەئارادا بوونی بەرخۆدانیکی بێ واتا و ساختە کە هیچ سوود و قازانجیکی بۆ نەتەوەی کورد نیە. بۆردومانکردن، گۆڕینی سەدان گوندی ئاوەدان بۆ ناوچەی شەڕ، نزیکبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە سەنتەری گوند و سنووری شارۆچکەکان، هەروەها لەدەستدانی لوتکەی ستراتیژیکەکانیش بوونەتە بەشی باشووری کوردستان. بەکورتی، باشووری کوردستان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر باجی ئەو پێکدادانە ساختەیە دەدات و زیانی زیاتری بەردەکەوێت.

فراوانکردنی بەرخۆدانی پەکەکە، بەواتە تەسلیمکردنی خاکی زیاتر دێت

لەگەڵ دەسپێکی وەرزی زستانی ئەمساڵدا، پەکەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک بیانوو بە دەوڵەتی تورکیا دەدات تا پەلاماری باشووری کوردستان بدات. لە زستانی 2019ـەوە ئەرتەشی دەوڵەتی داگیرکەر، بە بیانووی پەکەکەوە لە دەیان لووتکە و ناوچەی ستراتیژی باشووری کوردستان جێگیر بووە. بۆ ئەمساڵ واتە 2024یش، پەکەکە بەڵێنی بە دەولەت کە هەندێک ناوچەی دیکەی ڕادەست بکات و بۆ ئەو مەبەستەش چەند چالاکیەکی ئەنجامدا. ئەوەی ڕویدا بەکورتی بەمشێوەیە بوو: “دەوڵەتی تورک چەند چەکداریکی خۆی کردە قوربانی بۆ ئەوەی بیانووی دەستبکەوێت تا هێرشە داگیرکەرانەکانی بۆسەر باشووری کوردستان بەرفراوانتر بکات”.

ڕۆژی هەینی 12/1/2024، پەکەکە 9 چەکداری تورکیای لە ئامێدی کوشت و لەو کاتەوە پەکەکە و لقوپۆپەکانی بە پانەوە رێکلام بەو چالاکیەوە دەکەن و دەڵێی باکووری کوردستانیان ڕزگار کردووە. ئەم سیناریۆیە هەموو ساڵێک دووپات دەبێتەوە واتە پەکەکە لە ڕێگای کوشتنی چەند چەکدارێکی تورکەوە بیانوو بە دەست دەوڵەتی تورکەوە دەدات تا هێرشە داگیرکەرانەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان فراوانتر بکات و ڕێگا بۆ تورکیا خۆش دەکات کە لەپەلاماردانی کوردستان بەردەوام بێت.

دەیان ناوچەی دیکەش دەبنە ناوچەی سەربازی

درەنگانێکی شەوی شەممە 13/1/2024، ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی ئەنجامدا و داوای کرد کە میکانیزمی گونجاوی وەڵامدانەوەی پەکەکە لە باشوور و ڕۆژئاوا تاوتوێ بکرێت. هێشتا کۆبوونەوەکە کۆتایی پێنەهاتبوو کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا بە سەدان بۆمبیان بەسەر مەتینا، خاکورک و قەندیل لە باشووری کوردستان و هەروەها دیرک و تربەسپیێ لە ڕۆژئاوای کوردستاندا باراند. بە ئەگەرێکی زۆر دەیان گوندی دیکەی باشووری کوردستان لەم زستانەدا بەهۆی توندی هێرشەکانەوە، ببنە ناوچەی شەڕ و چۆڵ بکرێن.

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان زیاتر دەکات، بە هاوکاری پەکەکە، قۆناخێکی دیکە لەوێ دەچیتە پێش و هەندێک ناوچەی دیکەش داگیر دەکات. هەروەها پەکەکەش زیاتر لەجاران مانۆڕ لەسەر مژاری کوشتنی ئەو دوو سێ چەکدارەی تورک دەدات و وەکوو سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر داگیرکەرانی کوردستان و دەسکەوتێک بۆ کورد پیشان دەدات و هەوڵ دەدات تا گەلی کوردی پێ فریو بدات.

لە ڕۆژاڤا لە مانگی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە لانیکەم 90 دامەزراوەی ژێرخانی و ئابووری و خزمەتگوزاری هێرشیان کرایە سەر و خاپوور کراون، واتە پەکەکە بەو سیاسەتەی خۆی دەیهەوێ هەروەکوو چۆناوچۆن باکووری کوردستانی بەهۆی شەڕی خەندەقەکانەوە کاول کرد، بەهەمان شێوە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانیش کاول و وێران بکات.

شەڕی چەکدارانەی پەکەکە لە 40 ساڵی ڕابردوودا چ دەسکەوتێکی بۆ کورد هەبووە؟

نزیکەی 40 ساڵ بەسەر دەستپێکی شەڕی چەکداری پەکەکە لە دژی سوپای تورکیا تێپەڕ بووە کە لە 15ی ئابی 1984دا دەستیپێکرد. پێویستە کورد لەخۆی بپرسێت کە لەم 40 ساڵەدا کورد چ دەستکەوتێکی لەم شەڕە هەبووە؟ دۆزی کوردی بە چ ئاستێک گەیاندووە؟ باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات پێش دەستپێکردنی شەڕی چەکداری پەکەکە چۆن بوون و ئێستا چۆنن؟ بەکورتی پەکەکە لەم 40 ساڵەدا چی پێشکەش بە کورد کردووە؟ وەڵامەکە زۆر ڕوون و بەرچاوە، باکووری کاول کرد و بۆ تورکەکانی بەجێهێشت. هەموو ساڵێک ئەرتەشی تورکیا زیاتر پەلکێشی قووڵایی باشووری کوردستان دەکات. ڕۆژئاوای کوردستانیش زۆری نەماوە هاوشیوەی باکوور بەتەواوی ببێت بە وێلایەتێکی عوسمانی و لە ڕۆژهەڵاتیش پەکەکە بەر لە دەوڵەتی ئێران، حیزب و بزاڤە ڕزگاریخوازانەکەی ئەو بەشەی نیشتمان سەرکوت دەکات.

پەکەکەیەک کە مەیدانی  ڕاستەقینەی خەباتەکەی باکوری کوردستانە، ساڵانێکە باکوری بەجێهێشتووە و بۆ لەناوبردنی قەوارەی باشووری کوردستان، شەڕی ساختەی خۆی گواستۆتەوە بۆ ئەو بەسەی نیشتمان. پەکەکە ئەمڕۆکە بۆتە بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەحبی و ئێران و بۆتە ئامرازێک بەدەست میت و ئیتڵاعاتەوە و پێویستە لە دەرەوەی قەزیەی کورد سەیر بکرێت. شەڕی چەکدارانەی 40 ساڵەی پەکەکە سەلماندوویەتی، ئەو حیزبەی کە پێی دەگوترێت “پارتی کرێکارانی کوردستان”، لەژێر ناوی کورداندا، دژی کورد و کوردستان کاردەکات و هیچ دەستکەوتێکی بۆ نەتەوەی کورد بەدەست نەهێناوە.

پوستێن ھەمان بەش