سەندیکای پارێزەرانی ئامەد: تووندوتیژی بەناوی دەوڵەت و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ ئازاردان و بێڕێزیکردن بە هاووڵاتییان، تاوانە”.
قایمقامی شاری پاسور لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان هێرشی کردە سەر گوتارخوێنی مزگەوتێک و بەرپرسانی کارگێڕیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
رووداوەکە دوای نوێژی هەینی رۆژی 19/1/2024 روویدا، کاتێك بوراک ئاکێللەر، قایمقامی شاری پاسور لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان چووە لای گوتارخوێنی مزگەوتێکی شارەکە، سووکایەتی پێکرد و لێی دا.
هۆکاری ئەو مامەڵەیەی ئەو بەرپرسە لەگەڵ ئەو مامۆستا ئایینیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایە گوتارەکەی بەدڵ نەبووە و لە کاتی قسەکردن لەگەڵیشی دوای گوتارەکە پێی گوتووە، “تۆ تیرۆریستی”.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی لێدان و سووکایەتیکردن بە گوتارخوێنەکە بەرپرسانی باڵای کارگێڕیی شارەکەی هێنایە سەر هێڵ و پارێزگا لە راگەیێندراوێکی نووسراودا دەڵێت، “لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و یاساییمان دەستپێکردووە بۆ زانینی راستییەکان و ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە”.
بارۆی ئامەد (سەندیکای پارێزەرانی ئامەد)یش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، “زانیاریمان لەبارەی لێدان و سووکایەتی پێکردن بە گوتارخوێنێک و خزمەتگوزارێک لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری پاسور لەلایەن قایمقام و پاسەوانەکانییەوە بەدەستگەیشتووە. تووندوتیژی بەناوی دەوڵەت و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ ئازاردان و بێڕێزیکردن بە هاووڵاتییان، تاوانە”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “سەرەڕای ئەوەی بە تووندی سەرکۆنەی ئەم رووداوە دەکەین، پەیوەندیمان بە گوتارخوێنەکەوە کردووە و پڕۆسەی تۆمارکردنی سکاڵا و رێوشوێنە یاساییەکان دەگرینەبەر و بەوردی بەدواداچوونی بۆ دەکەین و ئەنجامەکەیشی بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە”.