پەدەکە توانی پەکەکە لە حیزبێکی گاڵتەجاڕیەوە بکات بە حیزبێکی شەڕکەر، بەڵام پەکەکە سپڵەیی کرد وئەو چاکەیەی لەبەرچاو نیە.
سمکۆ عەبدولعەزیز
پارتی کرێکاران بە گشتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەتایبەتی وەکوو پشیلەن، پشیلە لەو گیانلەبەرانەیە کە چەندەی نان پێبدەیت و زکی تێر بکەی، چەندە خزمەت و هاوکاریی بکەیت، هەر پاش ئەوەی کە تێری خوارد یەکسەر چاوەکانی دەنووقێنێت و هەموو چاکەکان لەبیر دەکات. پەکەکەیش ڕێک وایە، چەندە یارمەتی پەکەکە بدەیت، ئەو حیزبە چاوەکانی دەنووقێنێت و بەردەوام ناڕازی و دەم بەگلەییە.
لە دوای کودیتاکەی 12ی ئەیلولی 1980، سوپای تورکیا زەخت و فشاریکی زۆری خستە سەر پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و پەکەکەش یەکێک لەو پارتانە بوو. پاش کودیتاکە، پەکەکە کۆنفرانسێکی ساز دا و لە کۆنفرانسەکەدا بەو بڕیارە گەیشت کە تەنها لە ڕێگای سەربازی و چەکداریەوە دەتوانێ حکوومەت لە تورکیا بگۆڕێت. هەر بۆیە پەکەکە سەرەتا ژمارەیەک گەریلای بەمەبەستی شەڕ کردن ڕەوانەی باکوری کوردستان کرد، بەڵام زۆربەی ئەو گەریلایانە گیانیان لەدەستدا و هەندێکیشیان وازیان لە پەکەکە هێنا. دوای ئەوە پەکەکە تووشی بێسەروبەری و ئاڵۆزیەکی زۆر هات. گرینگترین هۆکارەکانی ئەو شڵەژانەی بارودۆخی پەکەکە، بریتی بوون لە:
1- سوپای تورکیا توانیبووی باکوور بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکات.
2- دەوڵەتی سووریا سنوورەکانی لەبەردەم پەکەکەدا داخست و ڕێگەی نەدا پەکەکە بۆ شەڕکردن سنوورەکانی بەکاربهێنێت.
3- لە ساڵی 1982 ئیسرائیل شەڕێکی توندی لە لوبنان ئەنجامدا و سوریاش کەوتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە.
4- شەڕی ئیسرائیل لەدژی فەلەستین و هاوکارییەکانی پەکەکە بۆ فەلەستین لەدژی ئیسرائیل پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی خستە دۆخێکی زۆر خراپەوە.
5ـ حکومەتی سووریا پاڵپشتی و هاوکاریە لۆجستیکیەکانی بۆ پەکەکە و هێزە فەلەستینیەکان ڕاگرت.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی عەبدوڵڵا و حزبەکەی کەوتنە دۆخێکی زۆر خراپ و لە ڕاستیدا تەنها وەکوو حیزبی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو مابوون و لەو ڕاگەیاندراوانەشدا پەکەکە بەردەوام دەیگوت، ئێمە ئەمساڵ شەڕی چەکدارانە پێشدەخەین و دەیکەین بە ساڵی سەرکەوتن. بەڵام زۆر ساڵ و هاوین تێپەڕ بوون و سەرکەوتن لە هیچ کوێ دیار نەبوو و ئەو بەڵێنانە هەر دووبارە و چەند بارە دەکرانەوە بە بی ئەوەی جێبەجێ بکرێن. ئەو بەڵێنانە ئەوەندە دووپات ببوونەوە کە گەل گاڵتەیان بە پەکەکە دەکرد و پێیان دەگوت “حیزبی شەڕی هاوینان”.
ئاکیول دەڵێت: “پەکەکە هەمیشە دەیگوت ئەو هاوینە دابێت ئێمە شەڕی چەکداری دەست پێدەکەین، بەڵام هاوینی ساڵی 1982 هات و هێشتا هیچ شەڕێک نەکرابوو. پەکەکە ناچار دەیگوت ئێمە شەڕی چەکدارانەمان بۆ هاوینی 1983 دواخستووە، بەڵام ئەو هاوینەش هات و خەباتی چەکدارانە دەستیپێنەکرد. هەربۆیە بڕیاری شەڕی چەکدارانەی پەکەکە لەناو خەڵکدا ببوو بە مایەی گاڵتە و گەپ”.
لە ساڵی 1982دا عەبدوڵڵا ئۆجەلان هانا بۆ “مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پەدەکە” دەبات و داوای هاوکاری لۆجستیکی لێدەکات. بارزانی ڕازی دەبێت کە هاوکاریی پەکەکە بکات و بەم شێوەیە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئۆجەلان و بارزانیدا واژۆ کرا. خاڵەکانی ئەو ڕێکەوتنە بریتی بوون لە:
1- پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێگە بە گەریلاکانی پەکەکە دەدات بچنە باشووری کوردستان و پشتیوانی لۆجستییان بۆ دابین دەکات و فێری شەڕی پارتیزانییان دەکات.
2- نابێ پەکەکە لە باشووری کوردستاندا کاری ڕێکخستن بکات و نابێ سنوورەکان بۆ شەڕی چەکداری بەکاربهێنێت.
سەبارەت بە ڕێکەوتنەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: “ڕێکەوتنەکەی پەکەکە و پەدەکە بڕگەیەکی مێژوویی بوو بۆ پەکەکە، ئەو ڕێکەوتنە بوو بە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ دەستپێکردنی خەباتی چەکداریمان. ئەو ڕێکەوتنە هاریکارێکی زۆر باش بوو بۆ دەستپێکردنی شەڕی پارتیزانی لە دژی لەشکری تورکیا لە قووڵایی خاکی تورکیادا. گرینگیی ئەو ڕێککەتنە هیچی لە رێککەوتنی نێوان پارتی کرێکاران (پەکەکە) و حکوومەتی سووریا کەمتر نیە”.
بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس ڕەفعەت بالی، سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی نیوان پەدەکە و پەکەکە ڕایگەیاند: “جێگای شانازییە کە توانیومانە بە خوێنی شەهیدەکانمان پارچەیەک لە کوردستان ئازاد و ڕزگار بکەین. ئەو پارچەیە بۆ ئێمە وەکوو قەڵایەکی بەهێز و پتەوە، نەک تەنها بۆئێمە بەڵکوو بۆ هەموو کوردێک. هەربۆیە و لەبەر ئەو هۆکارانە بوو کە ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ پەکەکەدا واژۆ کرد”. (کتێبی دۆسەیا کورد، لاپەڕە 446).
پەدەکە توانی پەکەکە لەو حیزبەوە کە خەڵک گاڵتەیان پێدەکرد بکات بە حیزبێکی شەڕکەر! بەڵام پەکەکە هەوڵیدا پەدەکە وەکوو حزبێکی فیۆداڵی بە خەڵک بناسێنێت.
دوای ئەم ڕێککەوتنە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەموو ئەرکەکانی خۆی بەجێگەیاند و بە هەمووشێوەیەک پاڵپشتیی پەکەکە کرد و تەنانەت سەرجەم تەشکیلاتی خۆی لە باکوری کوردستان خستە خزمەت پەکەکە، بەتایبەتی ئەو ئەندامانەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەسەر سنوور دەژیان.
بەڵام پەکەکە بەتەواوی پێچەوانەی خاڵەکانی ئەم ڕێکەوتنە مامەڵەی کرد و پابەند نەبوو پێیانەوە. پەکەکە خۆی لە سێگۆشەی “باکور- باشوور ـ ڕۆژهەڵات” جێگیر کرد و شەڕی کێشایە ناو سنوورەکان و هاوکات لە میدیاکانی خۆشیەوە بەشێوەیەکی هەرە توند پەلاماری پەدەکە و بارزانیەکانی دەدا.
بەکورتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) توانی پارتی کرێکاران (پەکەکە) لەو حیزبەوە کە خەڵک گاڵتەیان پێدەکرد بکات بە حیزبێکی شەڕکەر! بەڵام پەکەکە هەوڵیدا پەدەکە وەکوو حزبێکی فیۆداڵی بە خەڵک بناسێنێت.
لەبەر ئەم هۆکارانە، هەڵە نییە کە ئەگەر مرۆڤ پەکەکە بە “پشیلەی سپڵە” ناوببات.