بۆ یەکیەتییەکی بەهێز و پتەوی نەتەوەیی، پێویستە ئەم ڕێبازە لەهەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی باکووری کوردستاندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
بووبێ ئەسەر
کاتێک بارزانیەکان یەکیان گرت و ویستیان بە دەستی خۆیان وڵاتی خۆیان بەڕێوە ببەن. بڕیارێکی زۆر گرنگ و نیشتیمانییان دا. ئەوان گوتیان: “هیچ دەسەڵاتێکی بیانی لەسەر خاکەکەمان قبووڵ ناکەین”.
ئەمەش هەم یەکێک بوو لە خاڵە گرنگەکانی ڕێباز و هەمیش خاڵێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو. بۆیە پێویستە کورد لە سەر ئەم بنەمایە خەبات و تیکۆشانی خۆی دژ بە داگیرکەران بەڕیوە ببات. لەخۆیدا ڕێباز لەوێوە دەستی پێکرد. لەسەرەتادا کوردی کرد بە خاوەن ڕێبازیک تا نەتەوەی کوردیش هاوشێوەی هەر نەتەوەیەکی دیکە ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی.
پاش ئەوەی کە ئیدی لە سەرانسەری جیهاندا گەلان دەبوون بە خاوەن دەوڵت و دەبوون بە خاوەن دەستوور و بەرنامە و ڕێبازی خۆیان، بارزانییەکانیش لەوە تێگەیشتن کە ناکرێت کورد بەبێ دەوڵەت و ڕێباز بێت و بۆ ئەوەی ببنە دەوڵەت دەبوو سەرەتا یەکڕیزی گەلەکەیان بەدەست بهێنن و کوردان یەکبخەن.
بارزانیەکان لە ئافراندنی ڕێبازدا درکیان بەوە کرد کە ئێستا بەرە بەرە عەشیرەت و ئاغاکان وەلا دەنرێن و لە جێگای ئەوان دەوڵەتەکان دادەمەزرێنن. بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، بەر لە هەرشتێک پێویستە ڕێبازێک واتە فەلسەفەیەکی نەتەوەیی هەبێت. پاشان بە پێی خاڵ و پرەنسیپەکانی ئەو ڕێبازە، یەکێتییەکی نەتەوەیی پێکبێت هەتا کوردیش بتوانن ببنە خاون دەوڵەتی خۆیان.
به پێی ئه م ڕوانگە و تێگه یشتن و زانینە، سەرۆک و ڕێبەرانی بارزانیەکان دەستیان بە دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ هۆز و ئاغاکانی کوردستان کرد. هەروەها بۆ ئەوەی یەکبگرن و پێکەوە دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنن، دەستیان بە خەبات و چالاکی کار وکرد.
بە هەوڵ و خۆڕاگری بارزانییەکان لە ڕێگەی کار و خەباتی هاوبەشەوە، بۆ یەکەمجار لە نێو کورد و لە باشووری کوردستان یەکێتییەکی نەتەوەیییان دامەزراند بەناوی کۆنفیدراسیۆنی بارزانیەکان کەوا لە هەشت عەشیرەت پێکهاتبوو.
لەبەر ئەوەی کە کۆبوونەوەی ڕاگەیاندنی یەکێتیە نەتەوەییەکە لە گوندی بارزان بەڕێوەچوو، ئەو یەکگرتووییە ئێستا بە ناوی بارزانیەکان ناسرا. لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا هەموو بەرخۆدانەکانیان بە ناوی خەبات و بەرخۆدانی بارزانیەکانەوە بەڕێوە دەچن. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بارزانی عەشیرەتێک نییە، بەڵکوو پێکدێت لە کۆنفیدراسیۆنێک لە عەشیرەتە جیاوازەکان و ناوی بارزانییە.
لێرەدا دەبینین کە یەکەم بیرۆکەی هێڵی نەتەوەیی لە سەردەمی “شێخ عەبدولسەلام”ـەوە بەرە بەرە لەناو بارزانییەکان و کوردەکاندا بڵاودەبێتەوە. ئەو پەرەسەندنە لەسەر دەستی شێخ عەبدولسەلامی دووەم شکڵ دەگرێت. بناغە و بنەمای ڕێبازەکە دامەزرا. دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بە هزر و ڕامانەکانی شێخ ئەحمەد شکڵی گرت. بارزانی نەمر هەموو ژیانی خۆی لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیدا بەخشی. ڕێباز یەکەم بەرهەمی خۆی بە ئازادی باشووری کوردستان و دامەزراندنی هەرێمێکی فیدراڵی بەخشی.
بناخە و ئەساسی ڕێباز، یەکێتییەکی نەتەوەییە کە زۆرینەی خەڵک لە باوەش دەگرێت. بۆیە لە سەرەتای دامەزراندنی و جێبەجێکردنی ئەم ڕێبازە و دوای گوتنی؛ “ئێمە هیچ دەسەڵاتێکی بیانی لەسەر زەوییەکەمان قبووڵ ناکەین”. بارزانیەکان یەکیەتیی گەلی کوردستانیان دەستەبەر کرد.
لەبەر ئەوەی کە ڕێبەر و سەرۆکایەتیی کۆنفیدراسیۆنی بارزانی لەوە تێگەیشتن کە پێش دەستپێکردنی شەڕ لە دژی داگیرکەران، پێویستە یەکیەتیی گەلی کورد دەستەبەر بکرێت.
هەر لەبەر ئەم گرنگییە بوو کە بارزانی بۆ یەکەمجار ئەم کارەی کرد. لە باشووری کوردستان هەشت عەشیرەتی کورد لەژێر ناوی کۆنفیدراسیۆنی بارزانی کۆبوونەوە و یەکیان گرت. کۆنفیدراسیۆن بە سەرۆکایەتی بارزانیەکان دامەزرابوو، بەرە بەرە دەبوو بە خاوەن ڕێبازێک.
هۆکاری ئەوەی کە خەڵک باسی بارزانییەکان و خەباتیان دەکەن، ئەوەیە کە ئەوان بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد لە ستەم و کۆیلایەتی ڕزگار بکەن، سەرەتا ڕێبازی خۆیان دامەزراند. پاشان لەسەر بنەمای ئەو ڕێبازەدا یەکگرتوویی گەلەکەیان پێکهێنا. دواتر تا ساڵی 1991 لە خەباتی چەکداری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەردەوام بوون. دوای ئەوەش شەڕی دیپلۆماسییان دەستی پێکرد و ئێستاش بەردەوامە.
لێرەدا دەبینرێت کە ڕێباز چەندە گرنگ و پێویستە. چونکە هیچ کام لە گەلانی داگیرکراو و نائازاد بەبێ هەبوونی ڕێباز ناتوانن ڕێگاچارەیەک بۆ ڕزگاریی گەلەکەیان بدۆزنەوە.
پێویستە گەلی کورد بەباشی ئەمە بزانێت، ئەگەر ئەم ڕێبازە نەبووبا کە ئێمە ئەوەندە باسی دەکەین، ئەمڕۆکە کورد نە دەیتوانی خاوەندارێتی لە خۆی بکات و نە هیچ دەستکەوتێکیشی دەبوو. ئەوەی نەتەوەیەک دەکات بە خاوەن دەولەت، ڕێبازە واتە فەلسەفەیە.
ئەگەر ئەم ڕێبازە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش جێگای خۆی گرتبا و ئەگەر پارچەکانی دیکەش ئەم ڕیبازەیان بە باشی زانیبا و قبووڵیان کردبا، ئەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ یەکگرتوویی و یەکیەتیی ئەوانیش دامەزرابوو.
بەڵام دەبینین جگە لە بەشی باشووری کوردستان، بەشەکانی دیکە پەرتەوازە و لەیەک دوورن. یەکیەتیی نەتەوەییەک بوون نییە کە هەموو کورد یان زۆرینەی کورد لەدەوری یەک کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن.
هەر حیزبێک بە تاقی تەنها خۆیەتی و ئەمە بەس نەبوو، هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنیەکان بە تەنیا کار دەکەن. بەمەش تێریان نەخوارد و ڕۆژانە حیزبێک دادەمەزرێت کە بزووتنەوەی باکوری کوردستان و پارچەکانی دیکە لاواز دەکات.
ئەگەر لە باکوری کوردستان کە زیاتر لە 30 ملیۆن کورد هەیە، ئەم ڕێبازە زانرابا و ناسرابایە، لە ئێستادا بە دڵنیایەوە لەوێ بەرەیەکی نەتەوەیی دادەمەزرا کە دەیتوانی ئێش و برینەکانی کورد ساڕێژ بکات.
هەر بۆیە دەڵێم بۆ یەکیەتی و یەکڕیزییەکی بەهێز و پتەوی نەتەوەیی پێویستە ئەم ڕێبازە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی باکووری کوردستاندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. هەر بۆیە پێویستە ئەم ڕێبازە و لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا خویندنەوەی وردی بۆ بکرێت و بە باشی بناسرێت. چونکە هیچ نەتەوەیەک بەبێ ڕێباز ناتوانێت خۆی ئازاد بکات…