ئەمەریکا: ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندە چاودێرەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان نیشانیاندا کە پێشێلکارییەکان کەمبوونەتەوە.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پاڵپشت بە ڕاپۆرتی ناوەندە چاودێرەکانی ئازادی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، دەڵێ پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕادەربڕین کەمبوونەتەوە و لەو ڕوانگەیەشەوە دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێم دەکات.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندە چاودێرەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان نیشانیاندا کە پێشێلکارییەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ساڵی 2022 بۆ 2023 کەمبوونەتەوە و لە ناویشیاندا کەمبوونەوەی بەرچاوی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان.
زیاتر دەڵێ، “بینینی ئەم گۆڕانکارییە مایەی هاندانمانە و دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە هەوڵەکانی تا ئێستایان بۆ باشترکردنی ژینگەی میدیا و ڕاگەیاندن. بەڵام هێشتا ڕۆژنامەوانان و ناوەندە چاودێرەکان ڕاپۆرتی پێشێلکاریی لەسەر هەندێک لایەنی میدیایی بڵاودەکەنەوە لە ناویاندا دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی گشتی و بەشداربوون لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییانەی حکوومەت ڕێکیان دەخات”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە: “بۆ باشترکردنی توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوەی پرسیاری بەجێی ڕاگەیاندنەکان لە کاتی خۆیدا، کار لەسەر ئەوە دەکەین گوتەبێژەکانی ناوەندە جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنێرین بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا باشتر تێبگەن لەوەی نووسینگەکانی ڕاگەیاندن لە حکوومەتی خۆمان لە ئەمریکا چۆن کارەکانیان ئەنجامدەدەن”.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا پێشتر بەهۆی کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری چەند جارێک پیرۆزبایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر لە ڕێکەوتی 14ی شوباتدا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی ماف و گەشەپێدانی ڕۆژنامەنوسانی کرد و پێشوازی لە کەمبوونەوەی پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان کرد.