چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە کیژۆڵەیەکی دیکەی 14 ساڵانیان لە کۆبانێ ڕفاند

چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە کیژۆڵەیەکی دیکەی 14 ساڵانیان لە کۆبانێ ڕفاند

“هێسرا مەروان” خەڵکی گوندی “قۆلمبغ”ی سەر بە شاری کۆبانێ رۆژئاڤای کوردستانە و ناوی دایکی “ئیلهام”ـە.

ڕفاندنی منداڵان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەسەدە بەردەوامن و لەم دواییانەدا چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”، کە ڕاستەوخۆ لە پەکەکە فەرمان وەردەگرن، کچێکی تەمەن 14 ساڵانیان لە کۆبانێ ڕفاندووە و هەتا ئێستا چارەنووسی نازانرێت.

سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە کە تاقمی چەتەئاسای “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، لە ڕێکەوتی 7/8/2025دا کیژۆڵەیەکی مێرمنداڵیان بەناوی “هێسرا مەروان ئەحمەد جومعە” لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاڤا ڕفاندووە کە لە ساڵی 2011دا لەدایک بووە و تەمەنی تەنها 14 ساڵە.

سەرچاوەکانی “دارکا مازی” ئاماژەیان بەوە کردووە کە “هێسرا” خەڵکی گوندی “قۆلمبغ”ی سەر بە شاری کۆبانێ رۆژئاڤای کوردستانە و ناوی دایکی “ئیلهام”ـە.

سەرەڕای ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.

بەبڕوای چاودێران ئامانجی چەتەکانی تاقمی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕفاندنی منداڵی بچووک، شۆردنەوەی مێشکیان بەگوێرەی ئایدۆلۆژیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەکدارکردن و تێکەڵکردنیانە بە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە.

پوستێن ھەمان بەش