هەسەدە: هێزەكەی حكوومەتی سووریا پاسەوانییان لە گرووپێكی قاچاخچی دەكرد.
هێزەكانی سووریای دیموكراتیک (هەسەدە)، لە لایەن هێزێكی سەر بە حكوومەتی سووریاوە هێرشیان كرایە سەر و شەڕ و پێكدادان روویداوە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 14/9/2025، هێزەكانی سووریای دیموكراتیک (هەسەدە) لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە لە چەند كاتژمێری رابردوودا لە شارۆچكەی (درنج)ی دەردۆی دێرەزوور لە لایەن هێزێكی سەر بە حكوومەتی دیمەشقەوە هێرشیان كراوەتە سەر.
ئەوەشی روون كردەوە كە هێزەكەی سەر بە حكوومەتی سووریا پاسەوانیی ئەو گرووپانەیان دەكرد كە قاچاخچێتی لە ڕێگەی ڕووباری فوراتەوە دەكەن. بۆیە هەسەدە ڕێوشوێنی پێویستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەكە گرتووەتە بەر و تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هەسەدە حكوومەتی سووریای بە بەرپرسیاری تەواو لەو هێرشە لە قەڵەم داوە، هەروەك رای گەیاندووە كە حكوومەتی دیمەشق بەرپرسە لەو چەكدارانەی كە پاسەوانیی لە پرۆسەی قاچاخچێتی دەكەن، لە كاتێكدا سەقامگیریی ناوچەكەیان تێكداوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە تاوەكوو ئێستا حكوومەتی سووریا هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەم پێكدادانە بڵاو نەكردووەتەوە.