ئەنەکەسە داوای دامەزراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیی فره‌یی دەکات كه ته‌واوی پێكهاته‌كانی سووریا له خۆ بگرێت.
ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بۆ چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه و گشتگیری پرسی كورد، جه‌خت له پێویستیی ئه‌نجامدانی گفتوگۆی ڕژد له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا دەکاتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، داوا دەکات، بۆ دیاریكردنی شێوازی حکوومڕانی داهاتووی ده‌وڵه‌تی سووریا، هەروەها بۆ چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه و گشتگیر بۆ پرسی كورد، گفتوگۆی ڕژد له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئەو وڵاتە بکرێت.
ئه‌نجوومه‌نه‌كه له بەیاننامەکەدا داوای هاوكاری و كاری هاوبه‌ش له‌نێوان ته‌واوی پێكهاته‌كانی گه‌لی سووریا دەکات، دەڵێت: “پێویستە ئەو کارە هاوبەشانە به شێوه‌یه‌ك بێت، گه‌ره‌نتیی به‌دیهاتنی ئاواته‌كانی هه‌مووان بكات له ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیی فره‌یی كه ته‌واوی پێكهاته‌كانی سووریا له خۆ بگرێت”.
له بەیاننامە‌كه‌دا داواشكراوە کە سه‌رنج بخرێته سه‌ر قۆناغی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی نوێی سووریا كه پێویستی به به‌شداریی كارا و گشتگیرانه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سووریا هه‌یه، هاوکات ئەنجوومەنەکە ئاماژە‌ی به ڕۆڵی گه‌لی كورد کردووە له په‌ره‌پێدانی ژیانی سیاسی له سووریا، سه‌ره‌ڕای ئه‌و په‌راوێزخستن و نكۆڵیكردنه‌ی له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دەکرێت.
دوێنێ شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، ئیبراهیم بڕۆ، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە بە کوردستان24 گوت: هیچ لایەنێک لە ڕۆژئاوای کوردستان داوای جیابوونەوە و سەربەخۆیی نەکردووە، هاوکات ئێستا دۆخێکی جیاواز و ئەرێنی بۆ کورد لە سووریا دروست بووە، حکوومەتی ئێستای سووریا دەرفەتی داوە، کورد لە ڕێگەی دەستوور و گفتوگۆوە مافەکانی بەدەست بهێنێت.
لە 10ی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا،ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە پرسی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها یەکپارچەیی خاکی سووریای لەخۆگرتبوو، هەروەها دابەشکردنیشی ڕەتکردەوە، لەو کاتەوە چەندین دانیشتنی دانوستاندن لەنێوان هەردوولا بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەم بارەوە نەهاتووەتە دی.