تا ئێستا پەکەکە لە شنگال بنکە و بازگەی هەبوو، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ عێراق، دەبێ لەماوەی 2 ڕۆژەدا شارەکە بەجێبهێڵێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەپێی ڕێککەوتنێک بنکەکانی خۆی لە شنگال تەسلیمی سوپای عێراق کرد، بۆ ئەوەی هیچ هێزێکی دیکە نەتوانێت بچێتە ناو شنگال. پەکەکە بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە شنگال بەشێکە لە عێراق نەک کوردستان!
لە ساڵی 2017 دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان شنگالیان لە چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرد، هێزی پێشمەرگە دوای بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆی و سەدان شەهیدی لە پێناو ڕزگارکردنی شنگالدا پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد، لەو شارە کشایەوە و پاشان پەکەکە چووە ناو شنگال و ئەوەی بۆی کرا لەو شارەدا دژ بە ئێزیدییەکان و کۆمەڵگەی شنگال ئەنجامیدا.
پەکەکە: شنگال عێراقە نەک کوردستان!
لەو کاتەوە سەرکردەکانی پەکەکە وەکو بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە و مستەفا قەرەسوو، دوران کاڵکان و جەمیل بایکیش لە میدیاکانی پەکەکەدا هەرچی سەبارەت بە شنگال قسەیان کردبێت بە پانەوە گوتوویانە: “شنگال بەشێکە لە عێراق، شنگال کوردستان نییە”!.
لە ساڵی 2020 حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان واژۆ کرد، بەڵام لەو کاتەوە پەکەکە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە کردووە و ڕێگری لە گەڕانەوەی نزیکەی 300 هەزار خەڵکی شنگال کردووە، کە تا ئێستاش لە کەمپەکاندا دەژین. سەرەڕای ئەمەش شنگال هێشتاش ئاوەدان نەکراوەتەوە و وێرانەیە.
پەکەکە 11 هەزار عەسکەر و میلیشیای حەشدی هێنایە شنگال
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا فەرماندەیی سوپای عێراق 11 هەزار عەسکەر و میلیشیای حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و هەواڵگری عێراقی بە چەک و پێداویستی لۆجستییەوە ڕەوانەی شنگال کردووە. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا سەرپەرشتی ئەم هێزە دەکات و پێشوەختە ڕێککەوتنێکیان بەشیوەی ژێر بەژێر لەگەڵ پەکەکەدا واژۆ کردووە بۆ ئەوەی کە شنگال ڕادەستی هێزە عێراقییەکان بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەی “دارکا مازی”، پەکەکە بە بێ هیچ مەرجێک ڕازی بووە کە سەرجەم هێزەکانی خۆی وەک یەبەشە و یەپەژە و کادیرەکانی ڕێکخراوەکە و بازگەکانی و هەروەها سەرجەم بنکە سەربازی و مەدەنییەکانی بەبێ بەرامبەر و بەبێ هیچ قەرەبوویەک ڕادەستی ئەرتەشی عێراق بکات.
پەکەکە لە میدیاکانی خۆیدا دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و چەواشەکردنی ڕۆژەڤ کردووە و دەڵێ، سوپای عێراق بە هێزێکی زۆرەوە چووەتە ناو شنگال و دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە.
پەکەکە بنکەکانی خۆی ڕادەست کرد
ئەو هێزانەی سوپای عێراق کە چوونەتە ناو شنگالەوە، سەرجەم بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان لە شنگال لە پەکەکە وەرگرتووە، ئێستا ڕێگری دەکەن لەوەی کە گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچەیەی کە بۆخۆیان پێی دەڵێن (بەڕێوەبەریی خۆسەری شنگالی پەکەکە!)، بگەڕێنەوە بۆ شنگال.
سەرەڕای تەسلیمبوونی دڵخوازانەی پەکەکە و ڕادەستکردنی بنکەکانی، بەڵام ڕێکخراوەکە لە میدیاکانیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزە عێراقییەکان یەکینە سەربازییەکانیان لە نێوان گوندەکاندا جێگیر دەکەن و لە خاڵە سەربازییەکان ناسنامەی هاووڵاتیان دەپشکنن و ڕێگری لە چوونە ناوەوەی ئەندامانی ناوەند و دەزگاکانی (بەڕێوەبەریی خۆسەری پەکەکە!) دەکەن بۆ ناو شنگال.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە، سەرجەم بازگەکانی پەکەکە لەسەر سنووری سووریا-عێراق لابراون و ڕادەستی هێزە عێراقییەکان کراون، بەتایبەتی لەشارۆچکەکانی سنوونێ و خانەسۆر و دەڤەری قبلات.
ئەنجوومەنی عەشیرەتەکانی شنگال هەڵوەشایەوە
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە ژێربەژێرە، ئەنجوومەنی عەشیرەتی شنگال کە لە لایەن پەکەکەوە دامەزرابوو، خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. زانیارییەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆی 9 ئەندامی ئەنجوومەنی عەشیرەتی شنگال کە سەرجەمیان لەلایەن پەکەکەوە دامەزراون و وەک ئەنجومەنی پشتیوانی پەکەکە لە شنگال کاردەکەن، 5 کەسیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.
ئەم ئەنجومەنە دوای ئەوەی پەکەکە 60%ی شنگالی تەسلیم کرد، دەستی بە هەڵوەشانەوە کردووە.
پەکەکە لە چیای شنگال
ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە ئەوەیە کە پەکەکە دەبێ بە هێزە چەکدارەکانی خۆیەوە لەسەر چیای شنگال بێت و نەچێتە ناو شارەکەوە.
تا سێ ڕۆژ لەمەوبەر یەپەژە و یەبەشە سەر بە پەکەکە لە شنگال بوون و بنکە و بازگەیان هەبوو، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنی نێوانیان پێویستە لەماوەی دوو ڕۆژەدا پەکەکە شنگال بەجێبهێڵێت.
جگە لەوەش پەکەکە چیتر ناتوانێت لە شنگال بازگە دابنێت و خەڵک بگرێت، واتە تا ئاستێک لاواز بووە کە چیتر ناتوانێت جووڵە بکات. ئەو هێزانەی پێشتر لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەهێنرانە شنگال، ئێستا لە شارەکە کشاونەتەوە و دیارنەماون.