ئۆجەلان: “کورد و عەرەب لە سووریا وەک برا بەیەکەوە دەژین و ئێوە دەتوانن ڕۆڵیکی گرنگ و مێژوویی لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک، ئارام، یەکگرتوو و دادپەروەر بگێرن”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، پەیامێکی بۆ سەرۆک عەشیرە و ریش سپییە عەرەبەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان هەناردووە و تێیدا داوای خاوەندارێتی کردن لە خۆش و برایەتی گەلانی کورد و عەرەب کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئەیلوولی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ شێخ و سەرۆک عەشیرە و ریشسپییەکانی عەرەب لە ناوچەکانی جزیری، دێرەزوور، ڕەققا و تەبقا ڕاگەیاند: “من پشتیوانی و پشتگیری خۆشک ـ برایەتی یەکیەتیی گەلی کورد و عەرەبم کە خاوەن بناخەیەکی مێژووییە”.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
“بۆ شێخ و ڕیشسپییەکانی هەرێمەکانی جزیرە، دێرەزۆر، ڕەقە و تەبقا:
دۆستانی هێژا:
لەسەرەتادا بە دڵخۆشی، خۆشەویستی و ڕێزدارییەوە سڵاوتان لێ دەکەم.
یەکێتی و پشتگیریتان لەسەر بنەمای سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک خاوەن واتایەکی گەورەیە.
ئێوە بەم یەکێتییەتان بناغەیەکی مێژوویی نوێ کە باوەڕی بە پەیوەندی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی کورد و عەرەب بونیاد دەنێن.
لە دڵی مێژوو و ڕابردووتاندا، لە نێوان هەردوو گەلانی کورد و عەرەب پەیوەندی هەیە. لە قوڵایی مێژوودا، دۆستایەتی و برایەتی نێوان گەلانی عەرەب و گەلی کورد هەمیشە لە پێشینە بووە. تەنانەت ئەم دۆستایەتییە، لە سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی بە سەرکردایەتی پێغەمبەر محەمەد، ڕێگەی بە زۆربەی کوردەکان دا بە ئاسانی بەشداری ناو ئاینی ئیسلام ببن. هۆکاری سەرەکی پەیوەندی پتەوی نێوان گەلانی کورد و عەرەبە. ئەم پەیوەندییە خوشک-برایەتییە لە نێوان ئەو دوو گەلەدا بۆ چەند سەدەیەک لە دوای ئیسلام بەردەوام بوو و پەرەی سەند.
ئەم پەیوەندییە کە ئەمڕۆ ئێوە بەڕێوەی دەبەن لەلایەنێکەوە مێژووییە و لەلایەنێکی دیکەوە کۆمەڵایەتییە. هەروەها خاوەن بناغەیەکی سیاسیشە، هەربۆیە واتا و گرنگییەکی گەورە بەم هەڵوێست و یەکێتییە لە سووریا دەدەم. پشتگیریی لە خوشک-برایەتی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی کورد و عەرەب دەکەم، چونکە بناغەیەکی مێژوویی هەیە.
لەسەر ئەم بنەمایە، خۆمان پێشخست و دیدگامان لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی و نەتەوەی دیموکراتیک دا. دەبێت هەمووان یەکسان بن، ئازاد بن، پێکەوەبژێن، خۆیان بەڕێوەببەن. دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە یەکسانی و دادپەروەریی بونیادبنرێت. دەبێت کورد و عەرەب پێکەوەبژێن. ئەمەش گرێدراوە بە پشتگیرییتان بە قەسەدەوە. پشتگیریتان بۆ قەسەدە هەڵگری واتایەکی گەورەیە.
دۆستانی هێژا:
ئێوە دەتوانن ڕۆڵیکی گرنگ و مێژوویی لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک، ئارام، یەکگرتوو و دادپەروەر بگێرن. گرنگە عەرەب، کورد، سوریان-ئاشووری و هەر کەسێک کە لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە دەژێت بۆ ئەم برایەتییە مێژووییە تێبکۆشێت.
من بەم هیوا و باوەڕییەوە لەباوەشتان دەگرم.
جارێکی دیکە بەڕێزدارییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم.
هیوای سەرکەوتن و تەندروستیتان بۆ دەخوازم.
سڵاوی دۆستانە و برایەتی
28/7/2025
عەبدوڵا ئۆجالان
دوورگەی ئیمرالی”