زیندانی گوندی “بارێ”ی پەکەکە… دۆزەخی ژێرزەمینیی لاوانی کورد

زیندانی گوندی"بارێ"ی پەکەکە... دۆزەخی ژێرزەمینیی لاوانی کورد

قایمقامیەتی شنگال: لە ساڵی 2020ـەوە زیاتر لە 70 گەنجی ئێزیدی لە شنگال بێسەروشوێن بوون و دوای گەڕان و لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە کە زۆربەیان لە زیندانە نهێنییەکانی پەکەکەدا دەستبەسەر کراون.

پەکەکە لە زیندانی ژێرزەمینیی گوندی “بارێ”دا دەیان لاوی کوردی دەستبەسەر کردووە کە زۆربەیان لە کوردانی ئێزدین. زیندانیەکان لە ژووری تاکەکەسیدا لەلایەن پەکەکەوە بە توندترین شێوە ئەشکەنجە دەدرێن، بەجۆرێک کە ئەو زیندانیە لە ڕاستیدا بۆتە دۆزەخێک بۆ لاوانی کوردی شنگال.

پێگەی “دارکا مازی” لە ڕێگای سەرچاوە تایبەتیەکانیەوە بۆی دەرکەوتووە کە پەکەکە دەیان گەنجی ئێزدی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە تۆمەتی بێ بنەما لە زیندانی گوندی “بارێ”دا دەستبەسەر کردووە. هەروەها دارکا مازی زانیاری تایبەتی لەبارەی قەبارەی زیندانەکە، ژمارەی زیندانییەکان و ئەوکەسانەی کە زیندانەکە بەڕێوە دەبەن، دەستکەوتووە کە لەم ڕاپۆرتەدا بەکورتی ئاماژەیان پێدەکەین.

گوندی بارێ

“بارێ” ناوی گوندێکی دێرینی ئێزدییەکانە کە نزیکەی 70 بنەمالەی تێدا دەژین و زۆربەشیان سەر بە هۆزی سمۆقییانن. گوندەکە لە باکووری ڕۆژئاوای چیای شنگال هەڵکەوتووە.

پەکەکە کە دوای داعش شەنگالی داگیرکردووە، بە دەیان زیندانی نهێنیی تێدا دروستکردووە و ئەو گەنجانەی کە پێڕەوی لە ئایدیۆلۆژیای ئاپۆ نەکەن و پەکەکەیی نەبن، لەو زیندانانەدا دەستبەسەر دەکات. بەکورتی هەر کەسیک کە ڕوانگەیەکی جیاواز لە پەکەکەی هەبێت، تۆمەتی سیخوڕی کردنی وەپاڵ دەدریت و زیندانی دەکرێت. هەروەها ئەو منداڵانەش کە لەلایەن پەکەکەوە ڕفێنراون، لەو زیندانانەدا بەند دەکرێن.

زیندانەکە بە قووڵایی 14 مەتر لە ژێر زەویدا دروستکراوە

زیندانی گوندی “بارێ”ی شەنگال، بەقووڵایی 14 مەتر لە ژێر زەویەوە دروستکراوە، 6 ژووری پاسەوان و ستافی بەڕێوەبەرانی زیندان و ژووری تاکەکەسی و ژووری دیکەی تێدایە. لە ژووری یەکەمی بەڕێوەبەری زیندانەکەدا دەرگایەک هەیە کە دەرواتە سەر توونێلی گوندی “بارێ”. هەروەها لە تەنیشت ژووری زیندانیەکاندا دەرگایەکی دیکە هەیە بۆ ناو توونێلەکە. ژووری زیندانییەکان 3 بە 4 مەتر و ژوورە تاکەکەسیەکانیش 2 مەترن و بەرزایی ژوورەکانیش 2 مەتر دەبێت.

زیندانەکە لە بەرد دروستکراوە، سیستەمی گۆڕینی هەوا  و کامێرای چاودێریی تێدا دانراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە سەرچاوەکانی دارکا مازی لەناوخۆی زیندانەکەوە دەستیان خستووە، زۆربەی ئەو کەسانەی لەلایەن پەکەکەوە لەم زیندانە دەستبەسەر کراون، بە سیخوڕی و جاسووسی تۆمەتبارن و سەرجەمیان دەست و قاچیان بەستراوەتەوە و بە توندی ئەشکەنجە دراون و دەدرێن.

ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی زیندانی “بارێ” کێن؟

زیندانی بارێ لەلایەن 5 کادیری پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێت و دارکا مازی ناسنامەی ئەو 5 کەسەی دەستکەوتووە کە برتین لە:

  1. بەرفرات ئورفا/ سەرپەرشتیاری زیندان، لە ساڵانی 2000دا پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە.

  2. دڵسۆز/ هاوکاری بەرفرات، خەڵکی باکوری کوردستانە، لە ساڵانی 2000دا پەیوەندیی بە پەکەکە کردووە و پسپۆڕ و شارەزای تەقەمەنییە.

  3. چەکدار کۆبانی/ خەڵکی کۆبانی، لە ساڵانی 2000دا پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە.

  4. بۆزان کۆبانی / لە ساڵانی 2017 ـ 2018 دا تێکەڵ بە پەکەکە بووە.

  5. ماسیرۆ کۆبانی/ پاسەوانی زیندان.

لە زیندانی گوندی “بارێ”ی پەکەکەدا، بەدەیان کەس زیندانی کراون، بەشێکی زۆریان لە گەنجانی ئێزدین کە بە تۆمەتی سیخوڕی و جاسووسی لەلایەن پەکەکەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها گەنجانی خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێندێک زیندانیی عەرەبیش لە زیندانەکەدا بەند کراون.

ناوی هەندێک لە بەندکراوانی زیندانی “بارێ”ی پەکەکە

پێگەی “دارکا مازی” توانیویەتی ناوی 27 بەندکراوی زیندانەکە بەدەست بخات کە بریتین لە:

  1. سەرهەڵدان/ ئەندامی پەکەکەیە و بەڕێوبەری میوانخانەی “کورا سمۆقیا” بووە.

  2. دژوار/ خەلکی جزیرا بۆتان لە باکوری کوردستان.

  3. غەمگین ڕۆژهەڵاتی.

  4. سیروان ڕۆژهەڵاتی.

  5. جۆتکار ئامەد.

  6. بۆتان/ خەڵکی ئاگری باکوری کوردستانە.

  7. سەرحەد شێخ/ ئێزدییە و لە دژەتیرۆری یەبەشەدا کاری دەکرد.

  8. مەنسوور/ ئێزدییە و لە عەشیرەتی “قەیرانی”یە و لە دانیشتوانی “سیبا شێخ خدر”ی سەر بە ناحیەی گرعوزێرە و گەریلای یەبەشە بووە.

  9. ئەبو عەرەب / لە دانیشتوانی قامیشلۆیە و بەرپرسی گروپی قوریا بووە، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەستبەسەر کراوە.

  10. سەڵاح ـ ئەحمەد / ئێزدییە، بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکراوە.

  11. دوو کوردی ئێزدی بە تۆمەتی کوشتنی “پیر چەکۆ” فەرماندەی فەوجی 80ی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستبەسەر کراون.

  12. عەبدوڵڵا حەدۆ عەسکەر، بە کۆدناوی ڕێناس / عەرەبە، بەرپرسی بەشی عەرەبەکانی هەواڵگری یەبەشە بووە، چەند مانگێک پێش ئێستا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ تورکیا دەستگیرکراوە.

  13. بەختیار وان / بەهۆی پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ کادرێکی پەکەکە دەستبەسەر کراوە.

  14. سێ عەرەب بە ناوەکانی قەیس و مونتێسیر و مەحمود / لەسەر کردەوەی نائەخلاقی لەگەڵ کچانی ئێزیدی دەستبەسەر کراون.

  15. ژمارەیەک لە کرێکارانی هەڵکۆڵینی تونێل بە ناوەکانی عیماد، ئەیمەن، عودەی، عەبوود، حەسەن، حەسەن، ئەحمەد، ئەحمەد و ماهر کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستبەسەر کراون.

جینایەت و زولم و ستەمی پەکەکە لە شنگال ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئاسکرا دەبێت و زیندانە نهێنییەکانی پەکەکە لە شنگال بوونەتە شوێنی تەسفیە و لەناوبردنی و کوشتنی لاوانی ئێزدی. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە قایمقامیەتی شنگال ڕایگەیاندووە، لە ساڵی 2020ـەوە زیاتر لە 70 گەنجی ئێزیدی لە شنگال بێسەروشوێن بوون و دوای گەڕان و لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە کە زۆربەیان لە زیندانە نهێنییەکانی پەکەکەدا دەستبەسەر کراون.

پوستێن ھەمان بەش