بەشی دووەم: چۆن ئاڵای دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیادا هەڵکران؟

بەشی دووەم: چۆن ئاڵای دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیادا هەڵکران؟

هەرێمەکانی پاراستنی میدیا چین؟

چەمکی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا” کە ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە پێشنیاری کردووە، هیچ واتایەکی مێژوویی نییە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە پێویستە ئەو ناوچانە وەک ئەو هەرێمانە ناو ببەین کە پەکەکە دەستی بەسەردا گرتوون. کاتێک لەو گۆشەنیگایەوە لە پەکەکە بڕوانین دەبینین کە ناوچەکانی حەفتەنین، بادینان، خواکورک، برادۆست و قەندیل کە هەموویان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیادا جێگیرکراون، واتە ئەو بەشەی باشووری کوردستانە کە هاوسنوورە لەگەڵ باکووری کوردستان و لە ستراتیجیترین شاخ و دەشتەکان پێکدێت. مرۆڤ دەتوانێ ئەم هەرێمانە بە پێی ئامانجە مێژووییەکانی تورکیا و ئێران و تەنانەت عێراقیش پێناسە بکات. 

بە پێی بۆچوونی تورکیا؛ بەشێک لەو ناوچانەی کە دەوڵەتی تورک لە ساڵی 1920دا وەکوو میساقی میللی پێناسەی کردوون، خۆی لەناویاندا دەحەوێنێتەوە. ئەم ناوچەیە شوێنێکی ناوەندە، ناوچەکە پێکهاتووە لە ستراتیجیترین شاخەکان کە کاریگەرییان لەسەر دەشتی نەینەوا و هەولێردا هەیە. بە واتایەکی تر، 85٪ی هەرێمەکانی پاراستنی میدیای پەکەکە بەشێکە لە ئامانجی مێژوویی تورکیا.

بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئێران، 15٪ی هەرێمەکانی پاراستنی میدیای پەکەکە دەکەوێتە دەڤەری قەندیل و خنێرە، کە ئێران دەیهەوێت دەستیان بەسەردا بگرێت.

ئەم ناوچانە بە فەرمی بەشێکن لە باشووری کوردستان؛ ستراتیجیترین ناوچە شاخاوییەکان لەلایەن پەکەکەوە داگیرکراون، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەو ناوچانە پارچە ـ پارچە ڕادەستی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران دەکەن.

بەشی چیای قەندیل لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیای پەکەکە چی بەسەر هات؟

زۆربەی بنارەکانی چیای قەندیل کە درێژەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە، لە سنووری پارێزگای هەولێرە و بەشێکیشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانیدایە. ئەو شوێنەی کە لە میدیاکاندا بە چیای قەندیل ناسراوە، لوتکەی چیای قەندیل و چەندین گوند و دۆڵ و زۆر شاخی دیکە لەخۆ دەگرێت. ڕێگایەکی سەرەکیی هەیە کە ڕانیە-چۆمان و سیدەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

قەندیل، ستراتیژیکترین ناوچەی کوردستانە، لە سەردەمی ڕژێمی سەدامدا، سوپای عێراق بەهۆی پێشمەرگەکانی کوردستانەوە نەیتوانی بچێتە ئەو ناوچەیە. پەکەکە ئەم ناوچەیە ستراتیجییەی وەکوو ناوەندی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا ناودەبات. دوای پاشەکشەی پەکەکە لە باکوری کوردستان لە ساڵی 1999دا، پەکەکە نزیکەی 3 هەزار گەریلای رەوانەی دامێنی چیای قەندیل کرد. ئەو شوێنە نەک تەنیا چالاکی سەربازییەکان، بەڵکوو بوو بە ناوەندی هەموو چالاکییە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان و پژاک و پەیەدە و پەچەدەکە و هەموو لقوپۆپەکانی کەجەکە لەوێ دەمانەوە. پەکەکە نەیتوانی پەیوەندییەکی جیددی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە پێش بخات، بەڵام بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک بەدەست بهێنێت، دامەزراوەیەکیان بە ناوی شارەوانی قەندیل دامەزراند و هەوڵیاندا بە هەندێک خزمەتی ڕێژەییەوە نیشان بدەن کە ئەوان فەرمانڕەوای ئەوێن.

لە ساڵی 2012 پڕۆسەیەک ڕوویدا کە چارەنووسی قەندیل دەگۆڕێت و لەبەر هێندێ هۆکار کەس باسی ناکات. دوای شەڕی نێوان ئێران و پەکەکە-پژاک لە مانگی تەباخی 2011دا، سەرجەم خاڵە ستراتیژییەکانی چیای قەندیل ڕادەستی سوپای ئێران کران. قەندیل بە درێژایی ساڵانی 1970-1990 ناوەندی شەڕ بووە، بەڵام بۆ یەکەمجار ئاڵای هێزێکی کۆلۆنیالیستی لەوێ هەڵکرا. ئێران بە دروستکردنی چەند بنکەیەکی سەربازی هەموو دۆڵ و تەپۆڵکە و دەڕەکانی ناوچەکەی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. شەوانە کاتێک سەیری چیای قەندیل دەکەیت، بەهۆی ڕووناکی بنکە سەربازیەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە شارێک دەچێت.

قەندیل کە وەک ئەفسانەی هەرێمەکانی پاراستن تەماشا دەکرا، لەلایەن پەکەکەوە ڕادەستی ئێران کرا.

هەرێمەکانی پاراستنی میدیا چەندەی سوود بە تورکیا گەیاندووە؟

هەرێمەکانی پاراستنی میدیایی پەکەکە کە لە حەفتەنینەوە هەتا سێگۆشەی زاگرۆس لەخۆ دەگرێت، بە تەواوی لەگەڵ پڕۆژەی “میساقی میللی” دەوڵەتی تورکدا هاوتەریب و هاوبەشە.

ئەگەر لە ڕووی جوگرافییەوە ئەم دۆخە ڕاڤە بکەین؛ سنوورەکانی باکووری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان “331کم” درێژن، لەم مەودایەش، 107 کم لە دۆڵی پڕئاو و “224 کم”یش لە شاخی بەرز پێکدێت. لەماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا، سەرجەم ئەو ئەو “224 کم” ناوچە شاخاویە ئەستەمانە، لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون. ئەرتەشی تورکیا لەم “224 کم” سنوورە ستراتیجییەدا نزیکەی 45 بۆ 50کم چووەتە ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە. لەو “107 کم”ـەش کە ماوە، دەوروبەری 20 بۆ 25 کیلۆمەتری داگیر کردووە. بەشی یەکەم لە حەفتەنین، مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و هەتا گۆڤەندە و ناوچەی دووەمیش هەتا خواکورک و خنێرە درێژ دەبێتەوە.

دەوڵەتی تورک ئاڵای خۆی لە ستراتژیکترین شوێنەکاندا هەڵکردووە و ڕێگاوبانی دروستکرد و بنکەی سەربازی دامەزراندووە. بە واتایەکی دیکە تورکیا بە کردەوە بە پێی پلانی “میساقی میللە” لە ستراتیجیترین بەشی ناوچەکەدا هێزەکانی جێگیر کردووە.

ئەم ناوچانەی کە دەڵێین دەوڵەتی تورک داگیری کردوون، هەموویان لە ساڵانی نێوان 1988 تا 1999 لە دەستی پەکەکەدا بوون. ئەو ناوچانەی پێشتر پەکەکە دەیگوت ئێمە حکومەت پێکدەهێنین و پەرلەمان دادەمەزرێنین و هتد… ئێستا جگە لا گارە هیچ جێگایەکیان لە دەستی پەکەکەدا نەماوە. گارە لەخۆیدا ناوچەی شەڕی پەکەکەیە و لەوێ تونێل هەلکۆڵراون و هیچ خەڵکێکی سڤیلی تێدا نیە.

کاتێک بە پراکتیکی حیسابی بکەین، 15٪ی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا ڕادەستی ئێران کراون. 80٪ـەکە دیکەش دراوە بە تورکیا و تەنها چیای گارە کە ڕووبەرەکەی 5٪ی هەرێمەکە دەگرێتەوە، لە دەستی پەکەکەدا ماوەتەوە. بە واتایەکی تر 95٪ی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کە لە ساڵی 2002دا بە ڕێنمایی ئۆجەلان ڕاگەیەندرا، لە نێوان تورکیا و ئێراندا دابەش کراون.

پشکی کورد لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیادا چ بوو؟

ئەم پرسیارە زۆر گرنگە کە کورد چ سوودی لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا وەرگرت؟ وەڵامەکەی ئەوەیە: سفرێکی گەورە.

بەڵێ هەتا دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان لە ساڵی 2019دا، پەکەکە دەوریەی خۆی لەو ناوچەیەدا بڵاوکردبۆوە، پۆستەری گەورەی ئۆجەلان و ئاڵاکانی هەپەگە و پەکەکە هەڵکرابوون. هەرکەسێک بەو ناوچانەدا تێپەڕ ببوایە، کارتی پێناسیان لێوەردەگرت و دەیانپشکنی. ڕێگایان نەدەدا کە پێشمەرگەکانی کوردستان بۆسەردانیش سەردانی ئەو ناوچانە بکەن. ئەو ێشمەرگانەی کە بۆخۆیان خەلکی ئەو گوندانە بوون، تەنانەت نەیاندەتوانی سەردانی کێڵگە و ڕەز و باخەکانی خۆشیان بکەن. گوندنشینانی ناوچەکە ناچار بوون باج بە پەکەکە بدەن و سەرەڕای ئەوە بەردەوام هەڕەشەشیان لێدەکرا. تا ساڵی 2013 کە پەیوەندییەکانی نێوان یەنەکە و پەکەکە باش نەبوو، پەکەکە بە بیانووی ئەوەی کە “زانیاری بە یەنەکە دەدەن و سیخوڕی دەکەن” خەڵکی دەڤەری پشتدەری دەسبەسەر دەکرد. دوای ساڵی 2014 دۆخەکە گۆڕا، ئەمجارە خەڵکی بێتاوان بەو بیانووە دەستبەسەر دەکران کە گۆیا زانیاری بە پەدەکە دەدەن.

بە واتایەکی تر خەڵکی ئەو گوندانە و ڕەز و باخەکانیان بوونە قوربانی و لەلایەن پەکەکە و هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیاوە مەخدوور کران و لە زەوی و زارەکانیان دابڕان. دەتوانین بڵێین کە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بە جۆرێک لە جۆران پڕۆژەیەک بوو بۆ دەرکردنی کورد لەسەر زێد و خاکی خۆی.

سەرنجڕاکێشترین خاڵ لێرەدا ئەمەیە؛ پەکەکە 15٪ی هەرێمەکانی پاراستنی میدیای ڕادەستی ئێران و 80٪ی ڕادەستی تورکیا کرد، بەڵام کەچی پەکەکە ڕێگە نادات پێشمەرگە دەربازی تەنانەت 1٪ی ئەم ناوچەیەش ببێت. تەنانەت ئەو بارەگایانەی پێشمەرگەکانی کوردستانیش کە لە نزیک ئەو ناوچانەدان، لەلایەن بەپەکەکەوە بە هۆکاری شەڕ دادەنرێن و لە ساڵی 2019 بەملاوە، پەکەکە 9 پێشمەرگەی بە دەستی خۆی شەهید کردوون.

کاتێک ئاورێکی خێرا بەم هەموو زانیاریانە دەدەینەوە، ئەم ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە: هەرێمەکانی پاراستنی میدیا تەنها چەمکێکە کەوا پەکەکە دەیهەوێت لەو ڕێگایەوە بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جیا بکاتەوە و بیکات بە مژارێک بۆ ساتوسەودا و لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا مامەڵەی پێوە بکات. زیاتر لە 22 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی هەرێمەکانی پاراستنی میدیای پەکەکەدا تێپەڕیوە و بەداخەوە ئێستا ئاڵاکانی تورکیا و ئێران لەو ناوچانەدا دەلەرێنەوە.

بۆیە دەستەواژەیەکی وەکوو “میدیا” کەوا لە ڕووی مێژووییەوە زاراوەیەکی گرنگە بۆ کورد، بووەتە شوێنی ڕادەستکردنی خاکی پیرۆز لەلایەن پەکەکەوە بە داگیرکەران. پراکتکی پەکەکە، پراکتکی ڕادەستکردنی ئەو ناوچە ستراتژیکانەیە. هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، سیاسەتی خیانەتکارانەی پەکەکە بەرامبەر بە کورد لە سەدەی 21دا پێناسە دەکات. لە ساڵی 2000 بەملاوە هەموو شوێنێک کە پەکەکە دەیگوت “ئەمە هی منە و کەس بۆی نیە بێتە ئێرە”، داگیرکران گرتوویانە و ئاڵای داگیرکەرانی تێدا هەڵکراوە. لە قەندیل ئاڵای ئێران، لە عەفرین، سەرێکانی، حەفتەنین، کورەژاری مەتینا، خواکورک، زاپیشدا ئاڵای تورکیا و لە شنگالیش ئاڵای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڵکراون.

هەر بەو هۆیەشەوە “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا” وەکوو چەمکێکی نفرەتی و نگریس لە مێژووی کوردستاندا جێی گرتووە و هەرواش جێدەگرێت.

پوستێن ھەمان بەش