ناونیشانی IP ڕێکخراوی “عەهدی ـ ملی” کە بەرپرسیارێتی ئاگرەکەی لەنگەی هەولێری گرتۆتە ئەستۆ، ڕۆژئاڤایە

ناونیشانی IP ڕێکخراوی"عەهدی ـ ملی" کە بەرپرسیارێتی ئاگرەکەی لەنگەی هەولێری گرتۆتە ئەستۆ، ڕۆژئاڤایە

پەکەکە لە سۆشیال میدیادا ئەم بابەتە بەکار دەهێنێت بۆئەوەی کە تورکمان و کورد لە هەرێمی کوردستاندا دژی یەکتر هان بدات و بیانکاتە دوژمنی یەکتر. وادیارە پەکەکە خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی پێشمەرگە ئامادە دەکات و هاوکات دەشیهەوێ لە ناو شارەکانی هەرێمی کوردستانیشدا هێرشێکی ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانە بەڕێوە ببات.

لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە پێکهێنراوە، کە بە بازاڕی دەستی دووی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ناسراوە و تێیدا 166 دوکان بە تەواوی سووتاون. تا ئێستا لێژنەکە هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەداوە، بەڵام ڕێکخراوێک بەناوی تەشکیلاتی عەهد ـ ملی کە تا ئێستا ناوی نەبیستراوە، بەرپرسیارێتی ئاگرکەوتنەوەکەی لە ئەستۆ گرتووە. لە ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکەدا هاتووە کە مووسڵ و کەرکووک و حەلەب و هەولێر لە سنووری “میساقی ملی” تورکیادان و ژماردنی پێچەوانە بۆ گەڕانەوەی ئەو شوێنانە بۆ سەر تورکیا دەستیپێکردووە و هاوکات هەڕەشەیان لە بەڕیوەبەرانی ئەو شارانە کردووە. پێگەی “دارکا مازی” بەدواداچوونی بۆ ڕێکخراوی “عەهد ـ ملی” و لێدوانەکەی سەبارەت بە ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێردا کردووە.

ئایا تاقمی “عەهد ـ ملی” ڕێکخستنێکی ڕەگەزپەرستیی تورکە؟

ئاگرەکە کە لە زۆر شوێنی جیاوازی بازاڕەکەدا کەوتەوە، بە خێرایی کۆنترۆڵکرا و بەم شێوەیەش ڕێگری لە کارەساتێکی گەورەتر کرا. بەڵام دیسانیش زۆرێک لە دوکانەکان بە تەواوی سووتان. هەتا ئێستا نازانرێت ئاگرکەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووە یان نا. هەندێک کەس ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئاگرەکە بە ئامانجی تاڵانکردن بەردراوەتە بازارەکە. هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرنگییەکی ورد بەو بابەتە دەدەن و زیانەکانی کاسبکاران قەرەبوو دەکرێتەوە.

کاتێک تەوەرەکە ئەوە بوو کە زیانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، شەوی 28ی شوبات، گرووپی “عەهدی ـ ملی” کە تا ئێستا ناوی نەبیستراوە، بە ڕاگەیاندراوێک کە تێیدا ڕق و نەفرتی لە دژی کوردستان لێدەچۆڕا، بەرپرسیارێتی ڕووداوەکەیان گرتە ئەستۆ. ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا گوتوویەتی: “لەو بازاڕەی کە 2 هەزار و 350 دوکانی تێدایە، لە یەک کاتدا لە 18 خاڵدا بەتایبەتی لە سەنتەری بازاڕەکە، کاتژمێر 7ی ئێوارەدا کۆمەڵیک چالاکیی هاوکاتیان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 166 دوکان بەتەواوی سووتاون و ئەو دوکانانەش کە ماونەتەوە بە شێوەیەکی گشتی زیانیان بەرکەوتووە”.

یەکسەر مشتومڕێک لەسەر ناسنامەی ئەم گرووپە گوماناوییە کە ناوەکەشی نادیارە، دروست بوو. چونکە ڕێکخراوەکە بەتەواوی لەسەر بنەمای دوژمنایەتی کردنی کوردستان دامەزراوە و سوکایەتی بە هەرێمی کوردستان دەکات. ئەم ڕێکخراوە دەڵێ سوێندیان خواردووە میساقی مللی جێبەجێ بکەن و دەڵێن دەیانەوێت کورد بکەنە خزمەتکاری تورکان.

ئەو وشانەی لە بەیاننامەکەدا بەکارهێنراون هاوشێوەی دەربڕینی ڕەگەزپەرستانی تورکن. بەڵام مەسەلەی ئەوەی کە ئایا ڕێکخراوێکی لەو شێوەیە لە ڕاستیدا بوونی هەیە و کێ خاوەنی ئەو ڕێکخراوەیە، پرسێکی زۆر لێڵ و تاریکە. کۆمەڵە پرسیارێکی وەکوو ئەوەی کە ئایا ئەساسەن ڕێکخراوێک بەناوی گرووپی “عەهد ـ ملی” بوونی هەیە؟ ئایا ڕێکخراوێکی بەلیندەرە یان ڕێکخراوێکی ڕەگەزپەرستی تورکە و ئایا بەڕاستی ئەوان بوون کە ئاگریان لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بەرداوە و سووتاندویانە، هێشتا وەڵامەکانیان دیار نیە. چونکە داتاکانی ئەو تاکە ماڵپەڕەی کە هەمانە سەبارەت بە ڕێکخراوەکە، زۆر گوماناویین.

هەواڵەکەی گرووپی عەهد ـ ملی لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئاپلۆد کراوە

ئەو ماڵپەڕەی بەناوی ڕێکخراوی عەهدی مللی کراوەتەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. تیمی تەکنیکی دارکا مازی لێکۆڵینەوەی لە مێژووی سایتەکە کردووە کە ئەنجامەکان بەم شێوەیەن:

ئەو ماڵپەڕە کە لە 26ی حوزەیرانی 2023دا کراوەتەوە، ماوەیەکی زۆرە بە شێوەیەکی چالاک بەکارنەهێنراوە. ناوی ماڵپەڕەکە لە ماڵپەڕی دوبەی بە ناوی Reseller تۆمار کراوە و هەروەها سێرڤەری ئایدیەکەشی لە کۆمپانیای Parking وەرگیراوە کە بنکەکەی لە ئەمریکایە. ماڵپەڕەکە لەو بەروارەدا دروستکراوە، بەڵام هیچ هەواڵێکی بڵاو نەکردۆتەوە. هەتا پێش ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر، تەنها 3 ڕاگەیاندراو لە ماڵپەڕەکەدا ئاپلۆد کرابوو. خوێنەرانی ئاسایی ڕێکەوتەکانی ئەو 3 ڕاگەیاندراوە بە جیاواز دەبینن، بەڵام ڕێکەوتی ڕاستەقینەی هەر 3 ڕاگەیاندراوەکە یەک ڕۆژە و ئەویش 27ی شوباتی 2024ـە. واتە دوای ئاگرکەوتنەوەکەی هەولێر، ئەم ماڵپەڕە بەشێوەیەکی چالاک بەکار هێنراوە و بەر لە ئاگرکەوتنەوەکەی هەولێر هیچ چالاکیەکی نەبووە.

تیمەکانی دارکا مازی بەدواداچوونیان بۆ ئەو شوێنە کردووە کە هەواڵەکەی تێدا بارکراوە (ئاپلۆد کراوە). لەبەر ئەوەی کە لە کاتی بارکردنی هەواڵەکەدا VPN بەکارنەهێنراوە، دەرکەوت کە شوێنی ئاپلۆد کردنی هەواڵەکە، شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بووە.

دوکانەکانی پێشوو کە لە کەرکوک سووتێنران هی تورکمانەکان بوون

3 لێدوان بە ناوی ڕێکخراوی “عەهد ـ مللی”ـەوە لە ماڵپەڕەکەدا هەیە و لەهەر سێ لێدوانەکەشدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەر 3 ئاگرکەوتنەوەکەی کەرکوک و هەولێر لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو دوکانانەی لە دوو ئاگرکەوتنەوەی یەکەمی کەرکوکدا سووتاون هی تورکمانەکان بوون.

ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی کەرکوک لە 10ی تشرینی یەکەمی 2023: بەپێی ڕاگەیەندراوی یەکەمی عەهد ـ مللی، ئەو ئاگرەی لە 10ی تشرینی یەکەمی 2023 لە بازاڕی کەرکوک کەوتەوە، بەهەمان شێوە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە 10ی تشرینی یەکەمی 2023دا لە کاتی سەرلەبەریانیدا ئاگرمان لە بازاڕی کەرکوک بەرداوە و 5 ئامانجمان تێکداوە”. ئەوەی جێگای سەرنجە لەو ئاگرکەوتنەوەدا تەنها 3 دوکان سووتابوون و دوکانە سووتاوەکانیش هی تورکمانەکان بوون. دیارە دوکاندارەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەو فرۆشیارانەی مۆبایل کە لەبەردەم دوکانەکانیاندا کاڵایان دەفرۆشت، بە ئەنقەست ئاگریان لە دوکانەکانیان بەرداوە تا بتوانن کاڵاکان بە دڵی خۆیان بفرۆشن. هەروەها سەرکردەکانی بەرەی تورکمانی چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و داوای هاوکاری کردنی ئەو کەسانەیان کردووە کە دوکانەکانیان سووتاوە.

ئاگرکەوتنەوەکەی کەرکووک لە 21ی 1ی 2024: لە ڕاگەیەندراوەکەی 22ی ژانیڤەری لە سەر ماڵپەڕەکەدا ئەم قسانە وتراوە: “رۆژی سێشەممە 21ی ژانیڤەری، دوو دوکانمان لە ناوچەی ئەحمەد ئاوا لە سەنتەری شاری کەرکوک سووتاند و لەناومان بردن”.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوە بوو کە ئەو دوکانەی لە گەڕەکی ئەحمەد ئاوا کە سووتاوە بەهەمان شێوە موڵکی تورکمانەکان بووە. تەنها دوکانێک سووتاوە کە ئەویش دوکانێکی بچووکە کە جلوبەرگی پیاوانی دەفرۆشت و ئەو دووکانەش خاوەنەکەی تورکمان بووە. هەروەها ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.

ئەم ڕێکخراوە لە بەیاننامەکەیدا هەروەها باس لەوە دەکات کە ئاگریان لە 18 شوێن لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بەراوە، بەڵام پڕ ڕوونە کە ئەم زانیاریانەش هەڵەن و فڕیان بە ڕاستیەوە نیە.

ئاژاوەگێڕییەکی گەورە لە ئارادایە، ڕەنگە ڕێکخراوی عەهد ـ مللی، ڕێکخراوێکی ساختە بێت

ئەو ڕاگەیاندراوانەی کە بەناوی ڕێکخراوی “عەهد ـ مللی”ـەوە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە هەموو ئەو زانیاریانەی لە ڕاگەیاندراوەکاندا هاتوون، ساختەن. لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئابووریدا تێدەپەڕن، ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگە، دۆخەکە قورستر دەکات. هەروەها خاوەن دوکانەکان دەیانەوێت ئەو زیانانەی بەرکەوتوون قەرەبوو بکرێنەوە، ئەگەر قەرەبوو نەکرێنەوە کاردانەوەیان دەبێت. واتە ئەم ئاگرە بەو ڕادەیە کە زیانێکی ئابوورییە، هێندەش شەڕێکی دەروونییە لەدژی کۆمەڵگەی کورد. بەڵام بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئەو ڕوداوە هاوکات لەگەڵ بڕیاری دژەکوردانەی بەناو “دادگای فیدراڵی عێراق” لەسەر کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕوویداوە. واتە گروپێک و دەستێک دەیانهەوێت کورد و تورکمان دژی یەکتر هان بدەن. ئەگەر ئەم ئاگرە بە ئەنقەست هەڵگیرسابێت، بێگومان ئەوە ئاژاوەگێڕییەکی جیددی و گەورەیە.

بەڵێ لە نێو ئەو تورکمانانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، کەسانی ڕەگەزپەرست هەن، بەڵام هەموو تورکمانەکان ڕەگەزپەرست نین، لە هەمان کاتیشدا، ڕەنگە تورکمانە ڕەگەزپەرستەکان هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی کوردستان بخەنە ڕەوشێکی ناخۆشتر، بەڵام دیسانیش هەبوونی ڕێکخراوێک بە ناوی عەهدی ـ مللی گومانی لەسەرە و زیاتر وادەردەکەوێت کە ئەوە ڕێکخراوێکی ساختەیە.

لەهەمانکاتدا زۆر جێگای سەرنجە کە پەکەکە لە سۆشیال میدیادا کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات. پەکەکە لە سۆشیال میدیادا ئەم بابەتە بەکار دەهێنێت بۆئەوەی کە تورکمان و کورد لە هەرێمی کوردستاندا دژی یەکتر هان بدات و بیانکاتە دوژمنی یەکتر. بەتایبەتی لەو کاتەدا کە پەکەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگای فیدراڵی عێراقدا دەیهەوێت گەمارۆی هەولێر بدات، پەکەکە دەیهەوێت لە ناوچەکانی گارە و برادۆست، هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێبکات، هەڵتۆقینی گرووپی “عەهدی ـ مللی” زۆر جێگای گومانە. بە کورتی وادیارە کە ئێستا پەکەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لەسەر زەوی و هاوکات دەشیهەوێ لە ناو شارەکانیشدا هێرشێکی ئاژاوەگێڕانە وپلانمەند و تێکدەرانە بەڕیوە ببات. هەندێک لە چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە ئەگەر ئەم بازاڕە بە ئەنقەست سووتێنرابێت، ئەگەری زۆرە دەستی پەکەکەی تێدابووبێت.

کاتێک گرووپی “عەهدی ـ مللی” بەرپرسیارێتی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێری گرتە ئەستۆ، بۆ یەکەمجار کادیرانی پەکەکە ئەو هەواڵەیان خستە ڕۆژەڤەوە و لەهەمان کاتیشدا ئەم بابەتەیان کردە هۆکاری هێرشکردنە سەر پەدەکە و هەرێمی کوردستان. دیارە پەکەکە تا ئێستا بە فەرمی لە میدیای خۆیدا باسی ئەو ڕێکخستنەی نەکردووە و وادیارە کە پەکەکە دەیهەوێ سەرەتا ئەم بابەتە بخاتە ناو میدیاکانەوە و دواتر لە ڕاگەیاندنی فەرمی خۆیدا باسی بکات.

هەندێک کەس پرسیار دەکەن کە ئایا پەکەکە دەتوانێت کارێکی وەها خراپ و قێزەون ئەنجام بدات؟ بە دڵنیاییەوە کە دەتوانێت. پەکەکە لە 5ی حوزەیرانی 2021دا، لە دەڤەری ئامێدی بۆسەیەکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دانایەوە و 5 پێشمەرگەی شەهید کرد، بەڵام ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەو پێشمەرگانەیان کردۆتە ئامانج. ئەوان باش دەزانن کە ئەگەر چالاکییەک لە هەولێر ئەنجام بدەن، خەڵک کاردانەوەی دەبێت. بە تێپەڕبوونی کات، هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاشکرا دەبێت، هەروەها ئەوەش ئاشکرا دەبێت کە ئایا ئەم ئاگرە لەخۆیەوە دەستیپێکردووە یان کەسێک بە ئەنقەست ئاگری لە بازاڕەکە بەرداوە.

پوستێن ھەمان بەش