کورد لە باکوری کوردستان لەباتی پرسی نەتەوەیی، بە جۆرەها بابەتی بێ بایەخ و بێماناوە سەرقاڵ دەکرێن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژەڤێکی سەرنجڕاکێش بە ناوی مەهدی ئۆزتوزون کاندیدی پارتی دەم بۆ سەرۆکی شارەوانی ئێلهێ هاتە ئاراوە.
ئۆزتووزون پارێزەر و کەسێکە کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ڕۆژەڤی سیاسەتی کورددایە. تەنانەت وەکوو پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەندین جار سەردانی ئیمرالیی کردووە و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە. لە ئێلهێ بوو بە کاندید و لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی “پارتی دەم”دا بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان، 80%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. بەڵام بەداخەوە فیلمی ڕاستەقینە لە دوای ئەمە دەست پێدەکات.
هەرچەندە ئەو کەسەیە کە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام پێی دەگوترێت “کۆتای ژنان هەیە” و بۆیە ئەو بە فەرمی وەک یەکەم کاندیدی سەرۆکی شارەوانی دەستنیشان ناکرێت. لێرەدا ئۆزتوزون سەرەتا نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆی لە دامودەزگا ناوخۆییەکان دەردەبڕێت و دەڵێت دەبوو من کاندیدی پلە یەک بوومایە. یەکسەر قەڵەم بەدەستەکانی پەکەکە تۆمەتباریان کرد بەوەی کە “هەڵوێستی لە دژی پشکی ژنان هەیە، کە ئەمەش جێگای قبوڵ نییە و هتد…”.
دواتر بە ڕێکەوت لە یارییەکی تۆپی پێدا لەگەڵ سەرکان ڕامانل کاندیدی هوداپار ڕووبەڕوو دەبێت و پێکەوە وێنەیەکیان گرت. پەکەکە ئەوە دەکات بە بیانوو و لەسەر ئەو وێنەیە بە هاوپەیمانی خیانەتکاران تۆمەتباری دەکات. دیارە ئەم کارەی پەکەکە لەحاڵێکدایە کە سەرکردەکانی هەدەپە بۆخۆیان لە ئەنجومەن و لە پارلەماندا چوونە پاڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی ڕەگەزپەرستانی تورک و ڕێز و حورمەتی خۆیان پێ ڕاگەیاند، بەڵام پەکەکە ئەم وێنانە نابینێت.
ئایا مەهدی ئۆزتوزون بەوشێوەیە کەوتە ڕۆژەڤەوە؟ دیارە ئەم ڕووداوە چەندین لایەنی ناوخۆیی هەیە. شارەوانی ئێلهێ شارەوانییەکە کە خاوەن بودجەیەکی دارایی زۆر گەورەیە و دەرفەتی قازانج کردنی بەرچاوی لە دەوروبەردایە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم ڕکابەرییە مشەخۆرانەیە هۆکاری ناکۆکییەکە بێت. ئۆزتوزون ئەو کەسەیە کە پەکەکە ناتوانێت پشکی گەورە و پارەی زۆری لێ وەربگرێت. بۆیە بەپێویستیان زانی کە بیگۆڕن و دەستیان بە فرت و فێڵ کرد و لە ژێر پێیان دا. بەم شێوەیە مەهدی رەد کرایەوە. چونکە لەمەودوا تا ئەو تیپە لەسەر کار بن کە حەزفیان کردووە، ئۆزتزون ناتوانێت لە هیچ شوێنێکدا هیچی بەدەست بێت.
لە باکوری کوردستان سیاسەتوان بوونی نیە، بووکەڵەی پشت ویترین هەن؛ چالاکوان بوونیان نیە، قالب هەن
بێگومان هێزە ناوخۆییەکان زانیاری دیکەش لەسەر ئەم بابەتە دەخەنە ڕوو. بەڵام مەسەلەی ئێمە دۆسیەی خودی مەهدی ئۆزتووزون نییە، بەڵکو ئەو عەقڵیەتەیە کە ئەویان هێناوەتە ئەو دۆخە. ڕووداوی مەهدی ئۆزتوزون کارەساتێکە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بچنە ناو سیاسەتەوە. لە ڕاستیدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بە ڕوونی دەبینیت کە بۆچی لە باکووری کوردستان سیاسەتمەدارێکی بەهێز بوونی نییە و لە دۆسیەی مەهدی ئۆزتوزوندا ئەوە بە ڕوونی دەیبینین کە هەمووان وەکوو مۆرە بەکاردەهێنرێن و دواتر لەناو دەبرێن. لەو گۆڕەپانی سیاسیەی کە لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوە دەبرێت، گرنگ نییە چ کارێکت لەدەست دێت، گرنگ نییە پێگەی تۆ لە ناو خەڵکدا چەندە بێت، ئەوەی دواجار چارەنووسی تۆ دیاری دەکات، ئاست و توانای تۆ نییە، خۆشەویستی گەل نییە، لێهاتوویی و ڕەنج و زەحمەت و ماندووبوونی تۆ نیە. بڵکوو چارەنووسی هەموو ناوەکانی بواری سیاسەتی یاسایی لە باکووری کوردستان لەسەر لێوی بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە قەندیل و ئیمرالیدا دەستنیشان دەکرێ. هۆکارەکەشی ڕوونە، چونکە لەسیستەمی پەکەکەدا ئاکتۆر بوونی نییە، بەڵکوو تەنها قالب هەیە.
کەس ناتوانێت ڕێگایەک بۆخۆی بکاتەوە. هەموو شتێک لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەدا بەڕێوە دەچێت کە پەکەکە دایمەزراندووە. کاندیدەکانی شارە گەورە و گرنگە ئابووریەکانی وەکوو ئامەد و ئێلهێ و ماردین سەرەتا دەچنە لای بەڕێوەبەریی پێوەندیداری پەکەکە لە ئەوروپا و ئەگەر مومکین بێت، دەچنە لای بەڕێوەبەریی پەکەکە لە سلێمانی و بەیعەت بە پەکەکە دووپات دەکەنەوە و سوێند دەخۆن کە بەپێی سیستەمەکە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. پاشان پێیان دەڵێن کە دەبێ لە کامە کادیری پەکەکە تەعلیمات وەربگرن. کاتێک کە مەراسیمی بەیعەت تەواو بوو، ئەوکات بە خەڵک دەڵێن کە دەنگی پێبدەن.
دیموکراسی نییە، قەییوم هەیە
لە ڕاستیدا بابەتەکانی وەک هەڵبژاردنی سەرەتایی و هەڵبژاردنی کاندیدەکان لەلایەن خەڵکەوە هەمووی شانۆگەرییە. ئەوانەی بەشداری دەنگدان دەکەن بنەماڵەی بنیاتی، گەنج و ژنن و ئەمانەش هەموویان فەرمانبەری پەکەکەن. کادیرێکی پەکەکە دێتە لایان و دەڵێت “هەڤاڵانی سەرەوە فڵانکەس بە شیاو دەزانن”، ئیدی هەمووان “دەنگ بەو کەسە دەدەن کە هەڤاڵانی سەرەوە بە شیاویان زانیوە”. ئەوانەی کە لەدەرەوە سەیری بابەتەکە دەکەن، پێیان وایە دیموکراسییەکی گەورە هەیە کە خەڵک کاندیدەکان هەڵدەبژێرن، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەمێک هەیە کە هەمووان دەبێ گوێڕایەڵی سەرەوە بن و ئیتاعەت لە هەڤاڵانی سەرەوە لێبکەن. لەم حاڵەتەدا کەسی هەڵبژێردراو بە تەواوی تەسلیم دەبێت.
هەردوو وەکیل و سەرۆک شارەوانی بە تەواوی لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە هەڵدەبژێردرێن. هەروەها لە دامەزراوە و سەندیکای پارێزەران و کۆمەڵە و سەندیکاکانیشدا بەپێی گرنگی و ئاستی قازانج، سیستمێکی هاوشێوەیان هەیە. کەسێکی شاراوە کە پەکەکە لە هەموو شوێنێک دایدەنێت، لەسەر شاشە دەرناکەوێت، ئەو “نوێنەری هەڤاڵانی سەرەوەیە”. لە ڕاستیدا لە خوارەوە تا سەرەوە، هەرکەسەو قەییۆمێکی بۆ دیاری دەکرێت. لە هەڵبژاردنی کورداندا نەک تەنها دەوڵەت، بەڵکو قەییۆمە دیار و نادیاریکراوەکانی ناو پەکەکەش ئەرکدار دەکرێن.
بۆ نمونە کاتێک کە تەییب تەمەل قەییۆمی ئەنجومەن بوو، فەرمانی هەموو پەرلەمانتارێکی لەدەستدا بوو، کە دەبێ چی بڵێت، چی بکات، چەند وەک باج بدات بە پەکەکە و هتد… ئەو کەسانەی دەیانەوێت دووبارە هەڵبژێردرێنەوە، ڕێزیان لە تەییب تەمەل گرتووە.
کەسانێکیش هەبوون کە دەیانویست ئەو سیستەمەی پەکەکە تێکبدەن. کەسانێک هەبوون کە بە کاریزمای کەسیی خۆیان بەرگریی دەکەن و بە شیوازی خۆیان لەلای خەڵک خۆشەویست بوون، ناوبانگیان دەرکردووە و دەیانویست تاڕادەیەک سەربەخۆ قسە بکەن. بەڵام ئەوەش لە لایەن ئیمرالی و لە لایەن بەڕیوەبەریی کەجەکەشەوە وەبەر لەعنەت کەوتن. بۆ نموونە سەلاحەدین دەمیرتاش کاریزمای شەخسیی هەبوو (سەرەڕای ڕەخنە و لێکدانەوە جیاوازەکانمان)، پێشکەوت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرەتا دەستوەردانی کرد و داوای کرد لە دووەمین کۆنگرەی ئاسایی هەدەپەدا کاندید نەبێت. ئۆجەلان لە ساڵی 2014دا بە گوتنی “پێویستە سەلاحەدین بچێتە شارەداریی ئامەد”، هەوڵیدا سەلاحەدین لە سیاسەت دووربخاتەوە، بەڵام دەمیرتاش پەیوەندی باشی هەبوو و جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە. دڵسۆزێکی زۆری هەبوو و زۆرکەس پێی سەرسام بوون. دوای ئەوەی زیندانی کرا، لە یەکەمین کۆنگرەدا، دەستبەجێ لە سەرۆکایەتیی هەدەپە دوورخرایەوە و کەسێکی دیکە لە شوێنی دانرا. چونکە سیستەمەکە لەسەر بنەمای تاکەکەسی دامەزراوە، دەبوو تاقە یەک “خۆر” هەبێت کە ئەویش ئۆجەلان و پەکەکە. جگە لە ئەو، هەموو کەسێکی تر بە یەکسانی و بە یەک دێڕ ڕیزبەندی دەکرا و نابێ ڕەنگ و دەنگێکی جیاواز هەبێت.
ئەو شتەی کە بە باشترین شێوە وەسفی ئەم دۆخە دەکات فیلمەکەی کیبار فەیزۆیە کە دەڵێت: “لە سەر گۆی زەویدا جێگای گۆیەکی دیکە نابێتەوە”، دەبێ تەنها یەک سەرۆک هەبێت و هەموو ئەوانی دیکە دەبێ بیپەرستن. چەرخەکە بەم شێوەیە دەسوڕێتەوە.
لە باکوری کوردستاندا سیاسەتمەدار بوونی نیە
بابەتێکی دوورودرێژە، بەڵام هەموو ئەوانەی ویستیان لە سیستەمی پەکەکە دەربچن، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەناوچوون. دەمیرتاشیش کرا بە کەسێکی ئاسایی. عوسمان بایدەمیر وتاربێژێکی باش بوو، بە شێوازێکی کوردانە هەڵسوکەوتی دەکرد، بەڵام هەر لە سەرەتاوە کەیفیان پێ نەهات، هەرچیان لە توانادا بوو کردیان و لە یەکەم دەرفەتدا لە مەیدان وەدەریان نا و خستیانە پەراوێزەوە. کەسانی وەک ئاڵتان تان هەر لە سەرەتاوە وەک سیخوڕ سەیر دەکران و لێیان نزیک دەبوونەوە. ئەوانەی 30 ساڵ خزمەتیان کردووە، وەک حیکمەت فیدان، لە پشتەوە فیشەکێکیة پێوە نا و شەهیدیان کرد. لەیلا زاناش بەهەمان شێواز بێدەنگ کرا.
ئەمە دیموکراسی باکوری کوردستانە. ئەمە سیستەمێکە لە دوورەوە زۆر جوان دەردەکەوێت. تەنها ئەوانە دەتوانن لە مەیدانی سیاسیدا بمێننەوە کە گوێ لە سیستەمی ئۆجەلان، بەڕیوەبەرانی پەکەکە لە شاخ، لە برۆکسل و پاریس دەگرن. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو کەسانەی سیستەمی وەفادارییان بنیات ناوە تاوانبارن یان ئەوانە تاوانبارن کە سوێندی دڵسۆزی دەخۆن؟ ئەمە بابەتێکی دوورودرێژە.
بێمانایە ئێمە بچینە ناو باس و خواسەوە لەسەر بابەتی مەهدی ئۆزتووزون، وەک ئەوەی ئایا مەهدی ڕاستە یان نا و هتد… بەڵێ، دەبوو کاندیدی یەکەم بوایە چونکە وەک کەسی یەکەم هەڵبژێردرا. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێستاش “پارتی دەم” (DEM) هەستێت و بڵێت دیسان هەر مەهدی کاندیدی ئێمەیە، ئەو سیستەمەی لەسەرەوە باسمان کرد بەردەوام دەبێت. مەهدی بۆخۆی کەڵک لە وشەکانی ناو کتێبەکانی ئۆجەلان دەگرێت و دەیهەوێت پشت بە ئۆجەلان ببەستێت. شوکری چالی لە هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە جۆلەمێرگ لە پلەی یەکەمدا هەڵبژێردرا، بەڵام قەییومی پەکەکە دەستوەردانی کرد و هەڵبژاردن دووبارە کرایەوە، هێندێک لایەنگریان لە دەرەوە هێنایە ناو هەڵبژاردنەکە وشوکر لە کاندیداتۆری شارەوانی وەلا نرا.
مەسەلەکە ئەوەیە کە لە باکور شتێک بە ناوی سیاسەتی کوردی و سیاسەتمەداری کورد بوونی نییە. لە باکور کۆمەڵگە لەلایەن پەکەکە و دەوڵەتی تورکەوە کاول کراوە. کۆمەڵێک کەسی گوێڕایەڵ بە گاڵتەجاڕی پێکەوە کۆدەبنەوە و نوێنەرایەتی ئەم گەلە دەکەن. کێشەی ملیۆنان کورد، خەباتی سیاسی گەلێک کە زمانی دایکیەکەی قەدەغە کراوە، بۆ ئاستی کێ پەرلەمانتارە، کێ کامە تەندەر وەردەگرێت و هتد… دابەزاندووە.
کێشەی مەهدی ئۆزتوزون لە باکووری کوردستان ئەوەیە کە چۆن جەماوەرێکی ملیۆنان کەسی لە لایەن گرووپێکی بچووکەوە بەڕێوە دەبرێن؛ پارتی دەم و ئەو پێڕەوانەی کە نوێنەرایەتییان دەکات، نیشانی داین کە لەسەر هیرارشی (سیستەمێک کە هەرکەسە و هەر شتێک خاوەن پلەی دیاریکراوی جیاجیان) و کولتوورێکی عەبدایەتی و کۆیلایەتی پراکتیزە دەکرێت. بە ڕوونی دیارە کە کورد لە باکوری کوردستان لەباتی پرسی نەتەوەیی کورد، بە جۆرەها بابەتی بێ بایەخ و بێماناوە سەرقاڵ دەکرێن.
کێشەکە نە عەلییە، نە وەلی و نە مەهدی، بەڵکوو هەتا ئامانجە سەرکییەکە کورد و کوردستان نەبێت، ئەم داڕزان و بۆگەنیوبوونە بەردەوام دەبێت.