سەرۆک و سەرۆکایەتی لە ڕێبازدا

سەرۆک و سەرۆکایەتی لە ڕێبازدا

ئەگەر ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان سەرکەوتن و دەستکەوتێک نیە، لەبەر ئەوەیە کە هیچ سەرۆکێکی نەتەوەیی بوونی نییە کە بتوانێت هەموو کورد و حیزب و بزووتنەوەکانی ئێستا لە ژێر بنمیچێکدا کۆبکاتەوە.

بووبێ ئەسەر

لە مێژووی گەلان و بەرخۆدان و سەرهەڵدانەکانیاندا، ڕۆڵ و ئەرکی بەڕێوەبەر، سەرۆک و سەرکردایەتی زۆر گرنگە.

ئێمە وەکوو کورد پێویستە سەرنجمان لەسەر ئەمە بێت. بە وردی بیربکەینەوە و مێژووی خۆمان لەبەرچاو بگرین. بۆ ئەوەی بزانین لەم مێژووەی ئێمەدا کە هەمیشە پڕ بووە لە شەڕ و ململانێ، کامە سەرکردانە بوون کە ئەرک و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی خۆیان بەباشی بەجێ گەیاندووە، بیانبینن و بیانناسن.

بەم جۆرە مەعریفە فێردەبین کە هەندێک کەس کەوا خۆیان وەک سەرکردەی کورد دەبینن، چۆن ڕۆڵیان لەم مێژووەدا هەبووە. بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێک لە سەرکردەکانی ئێمەی کورد، خۆیان فیدای ئازادیی گەلەکەیان کردووە.

هەندێکیان تا دواگوللـە شەڕیان بۆ ئازادی گەلەکەیان کردووە و لەوپێناوەدا گیانبازییان نواندووە و گیانیان بەخت کردووە. هەندێکیشیان لە زیندانەکانی دوژمندا بەرخۆدانیان کردووە و خۆیان تەسلیم نەکردووە و بە ئازایەتی و مێرخاسیی خۆیان لە زیندانەکانی دوژمندا ڕووبەڕووی هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجە و ناڕەحەتی بوونەتەوە و لەکۆتاییدا لەسێدارە دراون.

هەندێک لە سەرۆک و ڕێبەرانی کوردیش بەتەواوی تەسلیمی دوژمن بوون و ئەوەی دوژمن داوای لێکردن، جێبەجێیان کردووە.

لەم دونیایەدا هەمیشە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی سەرکردەکان گرنگە، کە چۆن ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە. ئەو ئەرکە هەندێک جار بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتەکەیان شکست بهێنێت و هەندێک جاریش بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتی داگیرکراوی خۆیان ئازاد بکەن.

دوای ئەم کورتە وەسفە ئەوەمان زانی کە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی سەرۆک و سەرکردایەتی چیە؟ با ئاوڕێک بدەینەوە و ببینین کە ئەوە چۆناوچۆن لە ڕێبازی بارزانیدا ڕەچاو کراوە.

ڕێباز نەک هەر ڕێپیشاندەرە، بەڵکوو ڕێباز بریتییە لەوەی کە کادیری بزووتنەوە یان حزبەکان پەروەردە بکات تا وەکوو لە ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە لەڕووی ژیری و ئاگاهیەوە توانای وەرگرتنی ڕۆڵی سەرۆکایەتیان هەیە و پەروەردەیان بکەن.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕێباز ئەوەیە کە گرنگییەکی باشیان بە کەسانێک داوە کە توانای وەئەستۆگرتنی ئەرکەکانی سەرۆکەیەتیان هەیە، هەربۆیە کەسانی هەڵکەوتوو بۆ سەرکردایەتی گەلی کورد هەڵدەبژێردران و پەروەردە دەکران بۆ ئەوەی بتوانن بەڕێوەبەرایەتیی گەلەکەیان بکەن و سەرکردەی حزبەکەی خۆیان بن.

لە ڕێبازدا سەرۆک و سەرۆکایەتی بە پێی پێوەرە نەتەوەییەکان و زانین و تێگەیشتنیان، هەڵدەبژێردران. بۆ ئەوەی هەڵە نەکەن، کەسێک وەکوو سەرۆک و کەسێکیش وەکوو یاریدەدەر یان هاوکاری هەڵدەبژێردران. بۆیە خاڵێک لە خاڵەکانی ڕێباز ئەوە بوو کە سەرکردایەت کردنی گەلی کورد هەمیشە لە لایەن دوو کەسەوە بەڕێودەچوو.

ئەو ڕێبازەی کە لە لایەن عەبدولسەلامەوە یەکەم بناخەکانی دانرابوو، لە سەردەمی عەبدولسەلامی دووەمدا دەنگ و ڕەنگی خۆی وەرگرت و لە سەردەمی شێخ ئەحمەدیشدا ئیدی هەندێک لەخاڵەکانی بە کردەوە پێکهاتن.

شێخ ئەحمەد باش ئاگاداری ئەوە بوو کە سەرۆک و سەرۆکایەتیی گەلی کورد نابێت تەنها تاقە یەک کەس بێت، بەڵکوو پێویستە لە دوای سەرۆک کەسێکی ژیری دیکەش هەبێت بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا کەموکوڕی و هەڵەکانی سەرۆک ڕاست بکاتەوە. لەبەر ئەوە بوو کە لە سەردەمی شێخ ئەحمەد و سەرۆکی نەتەوەیی بارزانیی نەمردا ئەم خاڵە جێبەجێ کرا. هەرچەندە بارزانیی نەمر سەرۆکی حیزبەکەش بوو، بەڵام ڕۆڵ و ئەرکی شێخ ئەحمەد لە هی ئەو کەمتر نەبوو. لەو سەردەمەدا سەرۆکایەتیی گەلی کورد لەوان پێکهاتبوو. کاتێک شێخ ئەحمەد کۆچی دوایی کرد، ئەمجارە بارزانیی مەزن، هەریەک لە ئیدریس بارزانی نەمر و مەسعوود بارزانیی بۆ سەرۆکایەتی گەلی کوردستان پەروەردە دەکات.

دوای کۆچکردنی بارزانیی نەمر، ئیدریسی نەمر و سەرۆک مەسعوود بارزانی ئەرکی سەرۆکایەتی بەڕیوە دەبەن. لە پاش کۆچی دوایی نەمر ئیدریس بارزانی، ئەوجا ڕێزدار مەسعوود بارزانی، بۆ ئەوەی کە پارتی و بزاڤی ئازادیخوازانەی کورد بە بێ سەرۆک نەمێنێتەوە، بەڕیز نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئامادە و پەروەردە دەکات.

ئەم میتۆدە لە ڕێبازدا بەردەوامە. چونکە ئەمەش بەشێکی گرنگی ڕێبازی پیرۆزە بۆ ئەوەی میللەتی کورد بێ سەرۆک نەمێنێتەوە و هەمیشە سەرۆکی نوێ ئامادە و پەروەردە دەکرێت. هەرگیز نابێت گەلی کورد بێ سەرۆک بمێنێتەوە، کەسانی دەسەڵات هەمیشە ئەوانی دیکەیان بۆ سەرۆکایەتی کردن ئامادە و پەروەردە کردووە و لە داهاتووشدا دەیکەن.

ئەم ڕێبازە ئەوەی دەستەبەر کرد و بارزانیی نەمری کرد بە سەرۆکی نەتەوەیی کورد. ئەو بوو بە پێشەنگی هەموو کوردەکانی جیهان. ئەمڕۆکە دەبینین بارزانی نەمر وەکوو سەرۆکێکی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا یادی بەرز ڕادەگیرێت و ڕێزی لێدەگیرێت. هەر بۆیە گرنگە کە سەرۆک دەبێ سەرۆکی زۆرینەی نەتەوەی کورد بێت. لەمڕۆشدا ڕێزدار مەسعوود بارزانی، یەکێک لە بناخەکانی ئەو ڕێبازە پیرۆزەش، وەکوو سەرۆکێکی نەتەوەیی ناودەبرێت و ئەویش هاوشیوەی بابی خۆی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا ناسراوە، خۆشەویستە و وتەکانی لە هەموو جیهاندا دەبیسترێت و گوێی بۆ ڕادەگیردرێت.

ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کاتێک ڕێبازی پیرۆز بە ڕەنگ و دەنگەکەیەوە لە کوردستاندا بڵاوبووەوە، بەها و شەرەفی سەرۆکایەتیشی بەرز کردەوە وجێیخست کە سەرۆک نابێ تەنها سەرۆکی حزبەکەی خۆی بێت، بەڵکوو پێویستە بە ئەرکە نەتەوەییەکانیان هەستن بۆ ئەوەی ببنە سەرۆکی هەموو کورد.

ئەگەر ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان سەرکەوتن و دەستکەوتێک نیە، لەبەر ئەوەیە کە هیچ سەرۆکێکی نەتەوەیی نییە کە بتوانێت هەموو کورد و حیزب و بزووتنەوەکانی ئێستا لە ژێر بنمیچێکدا کۆبکاتەوە. بۆیە پێویستە ئەم ڕێبازە لە باکوری کوردستان بە باشی بخویندرێت و بناسرێت بۆ ئەوەی بتوانن لەناو خۆیاندا سەرۆکێک بدۆزنەوە کە بتوانێت هەموو لایەک لە ئامێز بگرێت.

بەم بۆنەیەوە یادی 121 ساڵەی لەدایک بوونی سەرۆکی نەتەوەیی بارزانی دەکەمەوە. سەرم بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەو دادەنوێنم. ئەو زیندووە و لە دڵی هەموو کوردێکدا دەژی و لەداهاتووشدا هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە…

پوستێن ھەمان بەش