مزگێنیەکەی قەرەیەڵان، کورد دەکێشێتە ناو تاریکی و ململانێیەکی تازەوە

مزگێنیەکەی قەرەیەڵان، کورد دەکێشێتە ناو تاریکی و ململانێیەکی تازەوە

پەکەکە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی پەدەکە، بەرەیەکی جاشایەتی ڕادەگەیەنێت. ئەم پیلانە، پلانی خیانەتکردنە و زیانێکی زۆر بە کورد دەگەیەنێت.

دوایین چاوپێکەوتنی موراد قەرەیلان لەگەڵ میدیای پەکەکە (ANF)، بۆ تێگەیشتن لە قۆناغێکی سەخت و ئاڵۆز، زۆر گرنگە. لێدوانەکەی قەرەیلان ئاماژەیە بۆ سەردەمێک کە کورد دەکێشێتە ناو شەڕێکی ناوخۆیی و تۆوی ناتەبایی لەنێو کورداندا دەچێنێت. دەکرێ قسەکانی قەرەیلان لە ژێر چەند سەردێڕێکدا لەبەرچاو بگرین:

پەکەکە بانگەشەی چی دەکات؟

قەرەیلان لە لێدوانەکەیدا پەیڤێکی سەرنجڕاکێشی باس کرد و گوتی “مزگێنییەک بە جەماوەری خەڵکی باکوور و هەندێک ناوچە کە لە تراژدیای خەندەقەکاندا مەخدوور بوون، دەدەین”. ئەو قسەیەی قەرەیەڵان وەکوو ئەوە شرۆڤە کرا کە ڕەنگو پرۆسەی چارەسەری سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە. بەڵام هەلومەرجی ئێستا ڕێگە نادات پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری لەنێوان پەکەکە و تورکیادا پێکبێت، چونکە بەڕێوەبەریی دەرەوە و کادیرە سەرەکییەکانی پەکەکە لە ئێستادا لەسەر هێڵی سلێمانی-ئاسۆس بەو دەرفەتانەی کە ئێران و عێراق پێیان بەخشیون ژیان بەسەر دەبەن. هەروەها کەسانی نزیک لە پەکەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە موراد قەرەیلان لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵدا گارەی بەجێهێشتووە و لە دەڤەری سلێمانی جێگیر بووە. بەم شێوەیە ئەو مژدە خۆشەی کە پەکەکە دەیبەخشێت ناتوانێت پرۆسەیەکی نوێ بێت سەبارەت بە تورکیا. ئەوەی پەکەکە وەک موژدە و مزگێنی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامە و دەستووری ئێراندا بوو بۆ چاندنی تۆوی ناتەبایی لە ناو ماڵی کورددا. پەکەکە دەیەوێت لەژێر ناوی یەکێتی نەتەوەییدا هێرشێکی تازە ئەنجام بدات.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هاوپەیمانی یەنەکە و پەکەکە کە لە ساڵی 2013 بەملاوە بە سپۆنسەری و گەرەنتی ئێران و حکومەتی ناوەندی عێراق پەرەی سەندووە و دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم جۆرە لێکۆڵینەوەیە دەمێکە لە ئەوروپا و سلێمانی بەردەوامە. هەروەها ڕەنگە بەرەیەکیش ڕابگەیەنرێت، لەنێویاندا هەندێک ڕێکخراوی ناحکومی سەر بە حەشدی شەعبیش هەبێت. هەموو داتاکان ئاماژە بەم شتە دەکەن.

 کەڕ و کوێر پێشوازی لەیەکتر دەکەن – قەرەیلان ستایشی بافڵ دەکات

قەرەیلان لە وتارەکەیدا بە شان و باڵی بافڵ تاڵەبانیدا هەڵدەدات. بافڵ، کە باوکیشی ئامادە نەبوو بڵێ ئەوە کوڕی منە، بافڵێک کە لە شەقامەکانی سلێمانیدا گاڵتەیان پێدەکرد، ئەمڕۆکە بە پڕۆفایلی مافیای ساختە، لەلایەن قەرەیەڵانەوە ستایشی دەکرێت. قەرەیلان بافڵی وەک میراتگری باوکی دەستنیشان دەکات. قەرەیلان، بێ ئەوەی شەرم لە تەمەنی خۆی بکات، ستایشی ئەو کەسە دەکات کە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن بە ئاشکرا گوتی ئێمە کەرکوکمان فرۆشت. دوو بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر لاهوور شێخ جەنگی هەڤاڵ و هاوڕێی نزیکی پەکەکە بوو، چۆنە کە یەکسەر لاهوریان بەجێهێشت و دەستیان کرد بە ستایشکردنی بافڵ؟ هەروەها قەرەیلان لە وتارەکەیدا ستایشی جەلال تاڵەبانی کرد و گوتی کە من لە نزیکەوە دەمناسی. بۆیە پێم سەیرە بۆچی سەرۆکی پەکەکە ئۆجەلان و جەمیل بایک، هەردووکیان “جەلال تاڵەبانی”یان بە “لەشفرۆشی سیاسی” ناو بردووە، قەرەیلان دەتوانێت ئەمەیش ڕاڤە بکات؟ بۆچی ئەمانە دەڵێین؟ بۆ ئەوەی نیشان بددرێت کە کەڕ و کوێر پێشوازی لە یەکتر دەکەن. ئەوانەی لەیەک دەچن، ڕۆیشتوونەتە پاڵ یەک و لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە.

یەنەکە بە درێژایی مێژووی خۆی هیچ شتێکی باشی بۆ کورد نەکردووە، بە درێژایی مێژووی خۆی لە ژێر چەتری ئێران و عێراقدا جووڵەی کردووە. سیاسەتی پەکەکەش هەمان سیاسەتە. ئەوەی ئەوان یەکدەخات ئێران و عێراقە و جگە لەوە هیچی تر نییە. کۆمەڵێک کەس کە هیچ سوودێکیان بۆ کورد نییە، کۆبوونەتەوە و ئیدیعای ئەوە دەکەن کە مزگێنیی یەکڕیزیی نەتەوەیی دەدەنە کوردان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا دەتوانن مزگێنیی کارەسات و تراژدیا بە کورد بدەن.

مامەڵەکردن لەژێر باڵی ئێراندا، جگە لە زیان هیچ سوودێک بە کورد ناگەیەنێت. لە ناوەندەکەدا حیسابێکی بیرکاری سادە هەیە. کوردستان بەسەر چوار پارچە دابەشکراوە و هەر پارچەیەک دەبێت شەڕ لەگەڵ داگیرکەرەکەی بکات. بۆ پاراستنی پێگەی خۆی، پێویستە هێزەکانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە سەرقاڵ بن تا بتوانن قەوارەی هەرێم بپارێزن. لە باشووری کوردستان دەبێ ئەو هێڵە جێی ناکۆکیە لە عێراق وەربگیردرێتەوە کە لە خانەقینەوە تا شەنگال درێژ دەبێتەوە. کوردستان دەبێ مافی فرۆشتنی نەوتی هەبێت. ئەمانە پرسی باشووری کوردستانن. بەڵام پەکەکە و یەنەکە وەک ئەوەی باشوور هیچکام لەم کێشانەی نەبێت قسە دەکەن و دەڵێن شنگال سەر بە عێراقە. ئەوان وەکوو بەشێک لە حەشدی شەعبی خۆیان ڕێکدەخەن. ئایا ئێوە بەم شێوەیە چ دەسکەوتێکتان بۆ گەلی کورد دەبێت؟ خەڵکی باشوور ناتوانن بۆ ئەوەی ئێران سەرکردەکانی پەکەکە بپارێزێت، لە دژی تورکیا شەڕ بکەن. شەڕی بەوەکالەت، زیانێکی زۆر بە کوردستان دەگەیەنێت. ئەوەی پەکەکە دەیکات خیانەتە.

گەورەترین زیان کە دەکرێت بە کورد بگات، قسەکردنە لەسەر یەکڕیزی لەژێر سپۆنسەری ئێراندا. ئەمە دەمامکێکە بۆ شاردنەوەی سیاسەتی دابەشی بکە، بیشکێنە و بەڕێوەی ببە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە قسەکانی قەرەیلان، یانیش ئەو سیاسەتەی کە پەکەکە بەڕێوە دەبات، خیانەتێکی گەورەیە و لە ناخێ خۆیدا تاریکایەتی و خیانەتێکی گەورە دەحاوێنێتەوە. بەم سیاسەتە، واتە بە پشتیوانی ئێران، جەمیل بایک لە مێرگەپان و قەرەسو لە تاران بە ئارامی دەژین، بەڵام کورد تێکیدەشکێنن.

مەلا مستەفا بارزانی: ئەوەی چەکی دوژمن هەڵبگرێت، جاشە

بۆ ئەوەی هاوپەیمانی یەنەکە و پەکەکە شەرعیەتی پێبدرێت، پێویستە پەدەکە بە شەیتان بکرێت. قەرەیەڵان لە درۆ کردن، فیتنە و فەسادی و ئاژاوەنانەوە و سپڵەیی و بێ وەفاییدا بەناوبانگە.

قەرەیلانیش سیاسەتی کرد و وتەیەکی مەلا مستەفا بارزانیی بەکارهێنا. نەمر بارزانی گوتوویەتی: “ئەوەی چەکی دوژمن هەڵبگرێت، جاشە”. چ جوانی گوتووە. قەرەیلان ئەم وتەیەی نەمر مەلا مستەفا بارزانی بەکار دەهێنێت، بەڵام بۆخۆی ڕێبەرایەتیی بزاڤێکی جاش دەکات، ئاڵا و ئارمی میلیشیاکانی حەشدی لەسەر شانی گەنجانی کورد داناوە و چەکەکانی ئەوانی پێداون و بە ناوی ئەوانەوە دژ بە کوردستان بەکاریان دەهێنن. هۆۆ قەرەیلان ئایا ئەم کارانەی تۆ جاشایەتی نین؟ ئێستاش لەگەڵ میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی” بێ شەرمانە پەلاماری دەستکەوتەکانی مەلا مستەفا بارزانی و ڕێبوارانی ڕێبازەکەی دەدەن.

بەڵێ هاوپەیمانی پەکەکە و یەنەکە نابێتە هاوپەیمانییەک کە لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری و مافی کورد و بەرگریکردن لە خاکی کوردستان دامەزرابێت. ئەو هاوپەیمانییە دژی تورکیاش نیە، بەڵکوو بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئێران داڕێژراوە. هەردوولاش لەسەر بنەمای دژایەتی پەدەکە یەیان گرتووە و ڕێککەوتوون. واتە هێزەکانی دژبەری هێڵی نەتەوەیی کورد و دەوڵەتی کوردستان، پێکەوە بە سپۆنسەری ئێران بەرەیەکیان پێکهێناوە. بە واتایەکی تر هاوپەیمانەتی ئەم هێزانە تەنیا دەتوانێ هاوپەیمانەتی جاشەکان بێت.

موراد قەرەیلان وەک شەڕڤانێکی گەورە و فەرماندەی جەنگ قسە دەکات. بەڵام فەرماندەیەکی شکستخواردوو و دۆڕاوە. ڕۆژێک پێش ئێستا پارێزگاری دێرسیم لێدوانێکی دا و گوتی “تەنانەت تاقە یەک گەریلاش لە دێرسیمدا بوونی نەماوە”. چەند ساڵ لەمەوبەر لە هەر گوندێکی دێرسیمدا بە سەدان گەریلا هەبوون. شاخەکانی دەرسیم لە مێژووی خۆیاندا هیچکات بەبێ سەرهەڵدان نەبوون. ئەمڕۆکە لەژێر فەرماندەیی قەرەیەلاندا تاقە یەک گەریلا لە چیاکانی باکوردا نەماوە. کەواتە جەنەڕاڵ قەرەیلانی دۆڕاو دەتوانێت چ مزگێنییەک بە کورد بدات؟ لە ساڵی 2015دا، “ئەرتوگرول ماڤیۆگلوو”، ڕۆیشتە دێرسیم و لەگەڵ دەیان گەریلا فیلمێکی دیکۆمێنتاری بە ناوی باکوور دروست کرد. ئێستا لە دێرسیم گەریلا نەماوە. لە بۆتان گەریلا نییە. قەرەیلان زۆرجار باسی شەرەف و نامووس دەکات، بەڵام بێحەیسییەتی کرۆکی فەرماندەیی قەرەیلانە. موراد قەرەیلان، ئەگەر تۆزقاڵە کەرامەت و شەرەفێکی هەبوایە، دەبوا بەهۆی شکستەکانی گەریلاوە، فیشەکێکی بە سەری خۆیەوە نابا. قەرەیلان باکوری کوردستانی وێران کرد و ئێستا دەڵێن پێشمەرگە ڕێگەمان پێنادات لەسەر هێڵی سەرگەلی، ئاڤا مارک بجووڵێین. بۆچی ناهێڵێ؟؟ تۆ وڵاتێکت بەجێهێشت و هاتوویەتە پشت دوو سێ گوندی نیهێلیان، ئایا دەتهەوێت بەو شێوەیە کوردستان ڕزگار بکەیت؟ ئێوە هەموو باکوری کوردستانتان چۆڵ کرد، هەرێمەکانی نێروێ-ڕێکان، بیرادۆست و دۆسکیتان ڕادەستی سوپای تورکیا کرد، ئەوجا دەتهەوێ لە پشت گوندی “گوهەرز” سەرکەوتنی خۆت ڕابگەیەنیت؟ بە درۆ و تەشقەڵە هیچ شۆڕشێک دروست نەبووە و دروستیش نابێت، کاکە قەرەیەڵان.

لە ساڵی 2016 و لەو ڕۆژەی کە پەکەکە هێزێکی بە ناوی “هێزی پاراستنی باشوور” دامەزراند، ڕایگەیاند کە هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی باشوور. بەڵام جەنابی سەرۆک بارزانی و خوێنساردیی حکومەتی هەرێم نەیانهێشت شەڕەکە ڕووبدات. قسەکانی قەرەیلان وەک “ئیخباریمان دەکەن”یش هەمووی درۆیە. ئەوەی ئیخباریتان دەکات هەر بۆخۆتانن و لەناو خۆتاندان. سیخوڕەکان لەناو خۆتاندان، لەناو ئامرازەکانی گواستنەوە، شێوازی جووڵەکانتان، ئامێرەکان و ئۆتۆمبێلەکان و مۆبایلەکانتانن. کێ دەتوانێ لە ناوەندی گارە ئیخباری ئێوە بکات، ڕۆژئاڤای کوردستان ڕۆژانە هێرشی درۆنیی دەکرێتەسەر، کێ لە حەسەکە و قامیشلۆ و دێریک و کۆبانێ ڕاپۆرتتان لێدەدات و ئیخباریی ئێوە دەکات؟ ئەگەر پێشمەرگەی کوردستان بیویستایە هێرشتان بکاتەسەر، ئێستا هیچ ئاسەواریکتان لە باشووردا نەدەما. ئەوانەی ئێوە باسی دەکەن هەمووی درۆ و چیرۆکن. پەکەکە ڕێنمایی وەرگرتووە و هێرش دەکاتە سەر پەدەکە و هێزی پێشمەرگە، هەر بۆیە قەرەیلان بێ شەرمانە درۆ دەکات.

ئەگەر قەرەیلان کەسێکی شەرەفمەند و دڵسۆز بووایە، لەبیری نەدەکرد کە چۆن لە دوای 2004 لەسەر پێی خۆی مایەوە و بە پشتیوانی سەرۆک بارزانی ڕزگاری بوو و ئەوەندە بێ شەرمانە درۆی نەدەکرد.

لە ئەنجامدا پەکەکە لە نەورۆز و جەژنی بوژانەوەی کورد و کوردستاندا، بەرەی جاشایەتی بۆ ئێران ڕادەگەیەنێت. پەکەکە کورد دەکێشێتە ناو ململانێیەکی نوێیەوە و لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی پەدەکە، بەرەیەکی جاشایەتی ڕادەگەیەنێت. ئەم پلانە زیانێکی زۆر بە کورد دەگەیەنێت، ئەم پلانە پلانی خیانەتکردنە.

پوستێن ھەمان بەش