پەکەکە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ تاکی کورد و پرسی کورد کردووە…

پەکەکە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ تاکی کورد و پرسی کورد کردووە...

پەکەکە لە ژێر سایەی مێشکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە تووشی هەڵەی گەورە و کوشندە هاتووە.

سمکۆ عەبدولعەزیزی

بیرکردنەوەی هەڵە دەبێتە هۆی کردەوەی هەڵە، کرداری هەڵەش بێگومان دەرئەنجامێکی هەڵەی لێدەکەوێتەوە.

ئەنجامە هەڵەکان دەبێتە هۆی کێشە لە ژیانی تاک و کەسانی دەوروبەری و تووشی تەنگ و چەڵەمەیان دەکات و تەنانەت هەندێکجاریش بەرەو فەوتانیان دەبات.

پەکەکە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا لێکدانەوەی هەڵەی بۆ تاکی کورد و پرسی کورد کردووە و ئەو لێکدانەوە هەڵەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەفتاری خراپی بۆ گەلی کورد و کوردستان لە هەر چوار پارچەکە دروست کردووە. ڕەفتارە خراپەکانی پەکەکە بوونەتە هۆی ئەوەی کە دەرئەنجامی خراپ بەدەست بهێنێت و نەتەوەی کوردی تووشی قەیرانی زۆر گەورە کردووە و ئەو قەیرانانە خەڵکیان لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بەلاڕێدا بردووە.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، چۆن پەکەکە بە هەڵە بیری کردۆتەوە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەتوانم بیروڕای خۆم  بەم شێوەیە بخەمە بەر دیدی ئێوە:

لە ڕوانگەی زانستی سیاسیدا چەمکی حزبایەتی واتە بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ و لێکدانەوە و دانانی بەرنامە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.

کاتێک کە تاکێک مێژووی پەکەکە دەخوێنێتەوە و کەسێکی وەکوو من کە ساڵانێک کارم لەگەڵدا کردوون و بە پراکتیک بینیومە کە ئەم حیزبە لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا هیچکات بەشێوەیەکی گروپی و بەکۆمەڵ بیری نەکردۆتەوە و ئەگەر هەندێک جاریش بەشیوەی گرووپی و بەکۆمەڵ بیری کردبێتەوەش، لە دەرئەنجامی ئەو بیرکردنەوەدا کەسێکی وەکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاتوە و ئەو هزرە گرووپی و بەکۆمەلەی لەناو بردووە و بیروڕای خۆی بەسەر گرووپەکەدا سەپاندووە.

لە ئەنقەرە لە ساڵانی 1970 تا 1978 ژمارەیەک کەس بەشیوەی بەکۆمەڵ بیریان لە دامەزرانی حیزبێک کردۆتەوە ڕەشنووسێکیان بۆ پەێڕەو و پرۆگرامی ئەو حیزبە داناوە، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1978 دەچێتە ئامەد و بۆ ماوەیەک بە تەنیا دەمێنێتەوە و لەو ماوەیەدا بە تاقی تەنیا خۆی پێڕەو و پرۆگرامێک بۆ پارتی کریکاران ئامادە دەکات و سەرجەم ڕەنج و ماندوبوونی چەند ساڵەی هەڤاڵەکانی خۆی پشتگوی دەخات و دەتوانم بڵێم کەمتر لە 5%ی ئەو ڕەشنووسەی کە لە کۆبوونەوەی ئەنقەرەدا  پێشنیار کرابوو، لە ڕەشنووسە نوێیەکەدا جێگیر کراوە.

لە 27/11/1978 یەکەمین کۆنگرەی پەکەکە لە ماڵی سەیفەدین زوگوڕلو لە گوندی فیس کە دەکەوێتە سنووری شاری ئامەد، بە ئامادەبوونی نزیکەی 20-22 کەس بەسترا. لەم کۆنگرەیەدا، عەبدوڵڵا خۆی دەکاتە هەمەکارە و بەتاقی تەنها خۆی بۆ چەند کاتژمێرێک قسە دەکات. بەشداربووانی کۆنگرە بۆچوونی خۆیان لەبارەی ڕەشنووسەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە نووسیبوو، بەڵام لە ئەنجامی ئەو دانوستانانەی کە لە کۆنگرەکەدا کرا، لەناو ڕەشنووسەکەدا جێگایان نەدرایە.

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، ئایا لەو پرۆگرامەی کە پەسند کرا، چارەسەری پرسی کورد چۆناوچۆن لەبەرچاو گیرا؟

کاتێک مرۆڤ ئەو بەرنامەیە دەخوێنێتەوە، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە چارەسەری کێشەی کورد تەنیا لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی زانستی لەبەرچاو گیراوە، بەڵام ئەمە سۆسیالیزمی زانستی مارکس-لینین نییە، بەڵکو سۆسیالیزمی ڤێتنامە.

لە ڕاستیدا ئەمە کاکڵەی بابەتەکەی منە، ئایا پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە یان کێشەیەکی چینایەتییە؟

سۆسیالیزم بە گشتی چەمکێکی فکرییە بۆ چارەسەری چینە کۆمەڵایەتییەکان نەک چارەسەری خاک و سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەریی مرۆڤ.

پرسی لەپێشینەی کورد ئەوە نییە کە دوای ئەوەی بە سەربەخۆیی بگەن، چۆن خۆیان بەڕێوەدەبەن، بەڵکوو پرسی کورد ئەوەیە کە چۆن دەتوانن خاکی کوردستان لەچنگ داگیرکەرانی کوردستان ڕزگار بکەن.

گەلی کورد بە هەموو چین و توێژەکانیەوە ژێردەستەیە و دەچەوسێنەوە، هەر بۆیە پێویستە سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا بەشدار بن. خاکی کوردستان خاکی هەموو چین و توێژەکانی کوردستانە نەک خاکی چینێکی تایبەت.

لێرەدا پەکەکە لە ژێر سایەی مێشکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە تووشی هەڵەیەکی گەورە و کوشندە بووە، چونکە ئەو پێڕەو و پرۆگرامەی کە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی پەکەکە دانراوە لە ژێر سایەی جێبەجێکردنی چەمکی سۆسیالیزمی زانستیدا داڕێژراوە.

بە واتایەکی تر دەتوانم بە کورتی بڵێم کە پارتی کرێکاران تووشی هەڵەی ستراتیژیک هاتووە و هەروەها لە ڕووی ڕەفتار و لە کردەوەشدا کەوتۆتە ناو هەڵەوە.

لە بەشی دووەمدا هەوڵ دەدەم ئەو هەڵانە بخەمە بەرچاو…

پوستێن ھەمان بەش