هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئاغاوەتی و دابین کردنی یەکسانی لە ڕێبازدا

خۆنەچەماندن لە ڕێبازدا

گەشەپێدانی جیهان، نەهێشتنی زوڵم و ستەم و هەروەها دەستەبەرکردنی یەکسانی و پێکەوەژیان لە بارزانیەکانەوە دەستی پێکردووە.

بووبێ ئەسەر

زۆر جار وتوومە و دووبارە دەیڵێمەوە کە پێویستە هەموو کورد جارێکی دیکە لەسەر ئەم میتۆدە پیرۆزە بخوێنێتەوە کە بارزانیەکان بۆ کورد و بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دایانڕشتووە. ئەم ڕێبازە کە لە ساڵانی 1800دا دەستی پێکردووە، تا ئەمڕۆش چەندین چاکسازی و گۆڕانکاری جیددی لە ژیانی کورد و لە کوردستاندا پێکهێناوە.

هەر ڕێبەر و سەرکردەیەکی کورد، کە بارزانی بوون، کاری بەنرخیان بۆ ئەم ڕێبازە و پەرەپێدانی کردووە. وەک پێشتر گوتمان بناغە و ئەساسی ئەم ڕێبازە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی یەکەمدا دانراوە.

هەروەها; هەموو ڕێبەر و سەرکردە بارزانیەکان بە هەموو توانای خۆیانەوە هەوڵیانداوە و کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئەمە وەک فەلسەفەیەک بۆ کورد ئامادە بکەن. بۆیە لە سەردەمی هەر سەرکردەیەکی بارزانیدا، لەپێناو بەرژەوەندیی کورداندا خاڵ بە خاڵ ئەم ڕێبازە یان فەلسەفەیان ڕەچاو کرد. بەڵام لەبەر ئەوەی کە هیچ دەرفەتێک نەبوو بۆ نووسینەوەی، ئەم ڕێبازە پیرۆزە تا ئێستا بە شێوەی شەفاهی پارێزراوە و هەر خاڵێکی وەک یاسایەک لە نێو کورددا جێگای خۆی کردۆتەوە. ئەم ڕێبازە لەسەر بنەمای گەشبینی و قبوڵکردنی ئارەزوومەندانە چووەتە دڵی هەموو کوردێکەوە کە وڵاتەکەی خۆی خۆشدەوێت.

ئەگەر ئێمە لە دەسپێکدا ڕاوەستە لەسەر ئەم ڕێبازە پیرۆزە بکەین. دەبینین بەم ڕێبازە چاکسازی کراوە. دوای 100 ساڵ ئەوروپییەکان بە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێبازە، چاکسازییان لە وڵاتەکانیاندا کردووە. بەڵام ئەگەر دەوڵەتی خۆمان هەبایا، ئەم ڕێبازە لە هەموو جیهاندا دەخوێندرایەوە و فێری خەڵک دەکرا. ئەمەش وەک وانەیەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گەلی ستەملێکراو لە قوتابخانەکاندا پێشکەش دەکرا و دەخوێنرایەوە.

لە سەردەمی شێخ محەمەدی باوکی بارزانی نەمردا، یاسا و فەرمانی دەرکرد بۆ ئەوەی کورد بە ئاسوودەیی بژی. تەنانەت لە سەردەمی شێخ محەممەددا بینی کە ئاغا کوردەکان تەعەدا لە کورد و گوندنشینەکان دەکەن، هەروەها هەمیشە لە نێوان ئاغا کوردەکاندا ناکۆکی سەری هەلدەدا و زۆرجار ناکۆکی و ململانێی نێوانیان دەبووە هۆی ئەوەی هەندێک لە ئاغاکان لایەنگری داگیرکەرەکانی وڵاتەکەیان دەکرد و شەڕیان لەگەڵ براکانی خۆیان دەکرد. هەر بۆیە زۆرێک لە ئاغا لاوازەکان بۆ پاراستنی خۆیان پاڵیان بە داگیرکەرانەوە دەدا و دوژمنانیش ئەوانیان لە دژی براکەیان بەکاریان دەهێنا. بەڵام ئەو دۆخە، لە ئەمڕۆدا بەشێوەیەکی مۆدێرن لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕێگەی هەندێک حزبی بە ناو کوردەوە ئەنجام دەدرێت.

هەر بۆیە شێخ محەممەد ئەمە بە ناعەدالەتی دەزانێت. دەبینێت کە هەندێک ئاغا هەمیشە دەتوانن خۆیان بدەنە پاڵ دوژمن و شەڕ لەگەڵ براکانی خۆیان بکەن. چونکە شێخ محەممەد دەبینێت کە زەحمەتە بەم شێوەیە یەکڕیزیی کورد پێکبێت و ئازادی و سەربەستیی بۆ ئەوان دەستەبەر بکات، دەیهەوێت بە کار و لێهاتوویی خۆی، بە هەوڵ و سەرپەرشتی خۆی، گوندنشینەکان دژ بە ئاغاکانیان ڕاپەڕن. بۆیە ئەویش دەچێتە پاڵ گوندنشینەکان و پێکەوە و بە بێ ڕشتنی خوێن، ئەم سیستەمەدا لەناو کوردانی باشووری کوردستاندا هەڵدەوەشێنێتەوە و زەوی و زاری ئاغاکانیش بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر گوندنشینەکاندا دابەش دەکات.

لەو سەردەمەدا کە شێخ ئەم شۆڕشە دەکات، تەنانەت لە هەندێک وڵاتی ئەوروپی و لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا، سیستەمی فیۆداڵی لە کاردا بوو. بۆیە ئەمڕۆ دەبینین لە باشووری کوردستاندا ئاغاوەتی بوونی نییە، چونکە شێخ محەممەد بە شۆڕشێکی بێ خوێن ئەم سیستەمەی لە ناو کوردەکانی باشووری کوردستاندا هەلوەشاندبۆوە.

دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئاغایەتی لە باشووری کوردستان، ئیدی شێخ محەممەد دەست دەختە ناو تەریقەت و عەشیرەتەکانی کورد بۆ ئەوەی کە ئەوانیش بکات بە نەتەوەپەروەر و تێدەکۆشێت تا ئەو تەریقەت و عەشیرەتانە لە پێناو نەتەوەکەیاندا یەکگرتوو بن و کار بۆ ئازادیی وڵاتەکەیان و نەتەوەکەیان بکەن و سەریش دەکەوێت.

ئێمە شاهیدی ئەو ڕاستییەین کە شێخ محەممەدیش لە سەردەمی خۆیدا سێ شۆڕشی کردووە. یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەی ئاغاواتی بوو، دووەمیانیش ئەوە بوو کە زۆربەی عەشیرەتە کوردەکانی لەژێرناوی کۆنفیدراسیۆنی بارزانیەکاندا یەکخست. سێهەمیش ئەوە بوو کە تەریقەتە ئاینیەکانی خستە خزمەت نەتەوە و میللەتەکەی خۆیان. بە ڕوونی دەبینرێت کە هەر سەرۆک و ڕێبەرێکی بارزانیەکان لە سەردەمی خۆیدا چەند شۆڕشێکی بەرپا کردووە، چونکە پەروەردەیەکی نەتەوەیییان هەبووە و لەسەر ئەم بنەمایە پەروەردە بوون.

وەک گوتمان لە سەردەمی شێخ محەممەددا، سیستەمی ئاغاوەتی زۆر بەهێز بووە و شێخ دەبینێ کە ئاغاکان زەخت و فشارێکی زۆر دەخەنە سەر گوندنشینەکان و بەمشیوەیە ئاغاکان دەوڵەمەندتر و گوندنشینەکانیش هەژارتر دەبوون. هەر بۆیە سیستەمی ئاغاوەتیی هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی هەموو کورد، لە شوێن و ناوچەکانی خۆیاندا و بە پێی ئیمکان و توانا و سامانی خۆیان بە یەکسانی بژین.

هەروەها هەموو ئایین و تەریقەتەکانی کوردی خستۆتە خزمەت نەتەوەی کورد تا ئەوانیش وەک هەموو حوکمڕانان بتوانن ئایین بۆ نەتەوەکەیان بەکاربهێنن. شێخ محەممەد قبووڵی نەدەکرد کە هەندێک دەوڵەمەندن و هەموو شتێکیان هەیە و هەندێکیش هەژارن. بۆیە سیستەمی ئاگاوەتیی هەڵوەشاندەوە و زۆربەی هۆز و تەریقەت و ئایینەکانی خستە خزمەت نەتەوەی کورد.

شێخ محەممەد لە خۆیەوە دەستی پێکرد. بۆ ئەوەی میللەتەکەی خۆی بهێنێتە سەر ئەو بروایەی کە دەبێ رەوشی میللەتەکەی بە هەموو ڕەنگ و شیوەیەک و لەهەموو ڕوو و هەلومەرجێکدا وەک یەک بێت. هەر بۆیە قبووڵی نەدەکرد ماڵەکەی لە ماڵی خەڵکی گوندەکە جوانتر و گەورەتر بێت. لە خێزانەکەی قەدەغە دەکات جلی گرانبەها و ڕەنگاوڕەنگ لەبەر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن وەک خێزانێکی گوندنشین بژین. لە بەر دەروازەکان و ماڵەکانیاندا هیچ نیگابان و پاسەوانێک نەبوو. ماڵەکەی ئەویش وەکوو ماڵی هەموو گوندنشینەکان بوو. قبووڵی نەدەکرد ماڵەکەی و جلوبەرگی خێزانەکەی و جلوبەرگەکانی لە خەڵکی گوندەکە گرانتر و جوانتر بن. هەر بۆیە لەو قۆناغەدا خەڵک نەیاندەتوانی لەنێوان بنەماڵەی شێخ محەممەد و گوندنشینێکدا هیچ جیاوازییەک ببینێت. هەر لەبەر ئەو فەرهەنگ و پەروەردەیە بوو کە تەنانەت بارزانی گەورە و نەمریش نەیدەویست کە گڵکۆکەی و گۆڕەکەی لە هی پێشمەرگەیەک گەورەتر بێت.

ئەوەی لێرەدا سەرنجڕاکێش و گرنگە ئەوەیە کە سەیری مێژووی کام ڕێبەر و سەرکردەی بارزانیەکان بکەیت، دەبنیت کە ئەوان سەرەتا لەخۆیانەوە دەستیان بە گۆڕانکاری کردووە و بەر لە هەر شوینێکی دیکە چاکسازییان لە ماڵی خۆیان کردووە. منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان گەڕاندووە و لە شەڕەکانی دژ بە داگیرکەراندا منداڵەکانیان دەبردە بەرەکانی شەڕ. منداڵەکانیان دەبردنە بەرەکانی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ئەوەی متمانەی گەلەکەیان بەدەست بهێنن، بەڵام ئەمڕۆکە منداڵی یەک ڕێبەر و سەرکردەی حزبە کوردییەکان لە باکوری کوردستان لەگەڵ باوکەکانیان نابیندرێن. ئەوەی بارزانیەکان جیا دەکاتەوە ئەمەیە…

هەر لەبەر ئەمەشە دەبینین لە سەردەمی هەر ڕێبەر و شێخێکی بارزانیەکاندا کۆمەڵێک چاکسازیی بەنرخ بۆ ژیانێکی باش بۆ کورد کراوە. کوردە چەپەکانمان زۆرجار باسی سوودەکانی سۆسیالیزمیان دەکرد. بەڵام باوەڕم پێ بکەن ئەگەر زیاتر لە کتێبەکانی لینین و هەموو سەرکردە سۆسیالیستەکان، ڕێبازی خۆیانیان بخوێندبایەوە، ئەوا فێردەبوون کە چاکسازییەکان بە ڕێبازی بارزانی ئەنجامدراون و بە سەدان ساڵ دوای ئەوان، لە زۆر وڵاتی تر بەڕێوەچوون. بە زمانێکی کراوە ئەگەر دەوڵەتی خۆمان هەبا، ئێمە وەک کورد و ڕێبازەکەمان لە پێش زۆرێک لە وڵاتانی جیهانەوە دەبووین.

هەر بۆیە گرنگە کورد مێژووی خۆی و ئەم ڕێبازە پیرۆزە بە باشی بزانێت. کاتێک بە باشی بیناسن و بیزانن، بۆیان دەردەکەوێت کە ئەمە ڕێنیشاندەر و ڕچەشکێنی گۆڕانکاری و چاکسازییە لە جیهاندا. فێر دەبن کە ئەوکاتەی بارزانیەکان دەیانویست یەکڕیزی میللەتەکەیان پێکبهێنن، زۆرێک لە گەلانی دونیا ئاگاداری ئەوە نەبوون.

بە ئاسانی دەتوانم بڵێم پێشەنگایەتی گەشەپێدان و چاکسازی لە بارزانیەکانەوە دەستی پێکردووە. بەهۆی نەبوونی دەوڵەتەوە ئەو توانا و فەزیلەتانە نەنووسران و بە ناوی کوردەوە لە جیهاندا بڵاو نەکراونەتەوە. دیسانەوە دەردەکەوێت کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەو ڕێبازەیان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا و وەکوو ئەوەی هی خۆیان بێت، بەکاریان هێناوە. بە زمانێکی کراوە و ڕوون دەڵێم: گەشەپێدانی جیهان، نەهێشتنی زوڵم و ستەم و زۆرداری، دەستەبەرکردنی یەکسانی و پێکەوەژیان لە بارزانیەکانەوە دەستی پێکردووە.

پوستێن ھەمان بەش