پێم بڵێ دەنگت بە کام حزب داوە؟ بڵی تۆ میسیۆنەری کێی؟

پێم بڵێ دەنگت بە کام حزب داوە؟ بڵی تۆ میسیۆنەری کێی؟

کورد ئەگەر بیهەوێت لە قوڕ و زلکاوی کۆلۆنیالیزم خۆی ڕزگار بکات، پێویستە سەرەتا ئەم میسیۆنێرە دەوڵەتییانە لە کۆڵی خۆی بکاتەوە کە لەژێر ناوی چەپی تورک و ڕۆشنبیری تورک و دۆستە تورکەکان و هتد…دا سواری بان ملی کوردان بوون. ئەمانە قەییۆمە شاراوەکانی دەوڵەتی تورکن کە لەژێر ناوی “پارتی دەم”دا بەسەر شارەوانییە کوردستانیەکاندا فەرز دەکرێن.

زیاتر باس لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئادار و ئەنجامەکانیان دەکەین. دیاردەی هەڵبژاردنەکە ئەو “مامە”یە بوو لەو سەربازە دەنگدەرانەی کە هێنابوونیان بۆ شێرناخی پرسی: “پێم بڵێن ئێوە خەڵکی کوێن؟” کوردێک کە جامانەیەکی لەسەر بوو، ئەم پرسیارەی ئاراستەی ئەو دەنگدەرە گەڕۆکانە کرد کە هێنرابوونە شێرناخ. ئەو مامە شایەنی ئەوە بوو کە ببێتە “دیاردە”. لە ڕاستیدا هەڵوێستێک بوو بەرامبەر بە کۆلۆنیالیستەکان و بێگومان ئەم مامەیە بوو بە وتەبێژی هەموو هەست و هەڵوێستەکانی کورد. تا ئێستا هەموو شتێک جوان و باشە، بەڵام هەموو شتێک بەم جوانی و خۆشیەی کە لەناو خولەکێکدا ڕوودەدات، کۆتایی پێنایەت.

کاتێک کە کورد بە خۆشحاڵییەوە لە سۆشیال میدیادا بۆ وێنەی “مامە سلێمان” دەگەڕا کە دژی کۆلۆنیالیزم وەستابوویەوە و هەڵوێستی پیشاندابوو، بینیمان کە وێنەیەکی لەگەڵ “توولای حاتمۆگوڵار” بڵاو کرایەوە. ئەمجارە مامە سلیمان جامانەی لەسەر نەبوو و دەستی خستبووە سەر شانی حاتمۆگوڵار. لە لایەکی تریشەوە “توولای حاتمۆگوڵار” بە تەکەبور و لووتبەرزیەوە دەڵێت: “سەیرکە من کوردەکەی ئێوەم هێنایە لای خۆم”. هیچ دڵسۆزی و خۆشەویستییەک لەسەر ڕوخساری “توولای حاتمۆگوڵار” نەبوو، بەپێچەوانەوە تەنها دەیویست خۆی لای کورد شیرین بکات. بە تایبەتی کاتێک “توولای حاتمۆگوڵار”  لە وان قسەی دەکرد، خەڵک دروشمی “لەیلا زانا”یان هاوار دەکرد و داوایان لە تولای دەکرد کە بێدەنگ بێت. دوای ئەوە توولای بە نیگایەکی پڕ لە ڕق و قینەوە سەیرێکی “لەیلا زانا”ی کرد.

کاتێک ئەم ڕاستییەمان بینی، کاتێک کە “مامە سولەیمان”ی کورد بەو سەربازە تورکەی کە بۆ دەنگدانیان هێنابوو گوتی: “پێم بڵێ خەڵکی کوێی؟” دڵخۆش و سەربەرز بووین، بەڵام کاتێک دەستی مامە سلێمانمان لەسەر شانی توولای بینی، زۆر دڵتەنگ و غەمگین بووین. چونکە بەڕاستی پێویست بوو، مام سلێمان لە توولای پرسیبا: “پێم بڵێ، دەنگت بە کێ دا؟ قسە بکە، ئایا تۆ وەک قەییۆم دامەزراویت؟” ئێمە چاوەڕوانی ئەم پرسیارەمان لە توولای دەکرد، چونکە ناسینەوەی سەرباز و پارێزگار و نوێنەری داگیرکەران ئاسانە. کاری قورس ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێ میسیۆنێرە تورکەکان و ئەو بەکرێگیراوانەی داگیرکەران دەستنیشان بکات کە خۆیان وەکوو دۆستی کورد پیشان دەدەن.

هەڵە نابێت ئەگەر ناوی “توولای حاتمۆگوڵار” لەڕیزی “یاڵچین کوچوک، ئەرتوگرول کورکچوو، سڕی سورەییا ئۆندەر” هەژمار بکەین. “توولای حاتمۆگوڵار” کە عەرەبە و عەلەوییە، هاوکات سەرۆکی ڕێکخراوێکی چەپگەرایە و ویستی لەم هەڵبژاردنەدا داوای لەو حیزبە کە سەرۆکایەتیی دەکات (SKYP) کرد تا دەنگ بە جەهەپە بدەن. بۆخۆی بە ئاشکرا دەنگی بە جەهەپە داوە. هەر وەک چۆن مام سلێمان پەنجەی بۆ سەربازە تورکەکان ڕاکێشا و وتی خەڵکی کوێن؟ دەبوو لە “توولای حاتمۆگوڵار”یش بپرسێت دەنگت بە کام لایەن داوە؟ بەڵام بەداخەوە ناپرسێت. ئەمە ئەو ئەزمونە نەفرەتیەیە کە سەد ساڵە کوردی بە کۆماری تورکیاوە گرێداوە.

بەرخۆدان بکەن، بمرن، شەڕ بکەن و لە کۆتاییدا ڕەنج و خەبات و خوێن و ئازار و ژیانتان دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتی تورکەوە. بۆ تورک ڕاست و چەپ بوونی نییە و هەردووکیان خۆیان بە قەرزداری دەوڵەتی تورک دادەنێن، هەربۆیە هەر دوو باڵەکە ڕۆڵی میسیۆنەر دەگێڕن. سەیرکە، من باسی سیخوڕی ناکەم، سیخوڕی شتێکی جیاوازە. باوەڕبوون پێویست نییە بۆ ئەوەی ببیتە سیخوڕ، هەندێکیان بە هەڕەشە دەتوانن ببنە سیخوڕ، بەڵام ناتوانن ببنە میسیۆنەر. بڕوامەند بوون بۆ میسیۆنەر ئەساسە، میسیۆنێر ژیانی خۆی دەدات لە پێناو ئیمانەکەیدا. ئەم کەسانەی باسمان کرد میسیۆنێری دەوڵەتی داگیرکەرن و وەکوو دۆستی کورد دەجووڵێنەوە خۆیان پیشان دەدەن.

ئەگەر ڕۆژێک نەتەوەی کورد بڵێت “دەمەوێت لە کۆماری تورکیا جیا ببمەوە”، ئەم میسیۆنێرانە یەکەم کەس دەبن کە دژایەتی کورد دەکەن. کێشەی ئەوان ئازادی کورد نییە، ئەوان سوێندیان خواردووە کە دەوڵەتی کەمالیستی بە زیندووی بهێڵنەوە. ئەوان هیچ دۆستایەتییەکیان لەگەڵ کورددا نییە، ئەو دۆستایەتییە تەنیا بۆ جێبەجی کردنی ئەرکەکەیانە و ئەرکی ئەوانیش ئەوەیە کورد لە ئایدۆلۆژیای چەپ نزیک بکەنەوە و لە ژێر دەسەڵآتی دەوڵەتی تورکدا بیانهێڵنەوە.

“ئەرتوگرول کورکچوو”، بەناوبانگترین میسیۆنەری 10 ساڵی ڕابردوو، دوای هەڵبژاردنەکە زۆر گەمژانە قسەی کرد و گوتی: “بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنی 2028دا کۆتایی بە سەردەمی ئاکەپە بهێنین”. بۆچی سەردەمی ئاکەپە دادەخەین بۆ ئەوەی جەهەپە بێت؟ جەهەپە چی بۆ ئێمە دەکات؟ جەهەپەش ناتوانێت و نایهەوێت بڵێ: “دەبێ ناوی کورد لە دەستووردا بنووسرێت”. بۆچی دەبێ کورد سەردەمی جەهەپە دەست پێبکات؟ کورد میسیۆنێکی لەو شێوەیەی نییە. نە پێویستە کە کورد ببێتە خوێنی نوێی کۆمار و نە پێویستیشە کورد ببێت بە گۆپاڵێک بەدەست دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆئەوەی باڵانسی سیستەمەکەی خۆی پێ چاک بکات.

کورد ئەگەر بیهەوێت لە قوڕ و زلکاوی کۆلۆنیالیزم خۆی ڕزگار بکات، پێویستە سەرەتا ئەم میسیۆنێرە دەوڵەتییانە لە کۆڵی خۆی بکاتەوە کە لەژێر ناوی چەپی تورک و ڕۆشنبیری تورک و دۆستە تورکەکان و هتد…دا سواری بان ملی کوردان بوون. ئەمانە قەییۆمە شاراوەکانی دەوڵەتی تورکن کە لەژێر ناوی “پارتی دەم”دا بەسەر شارەوانییە کوردستانیەکاندا فەرز دەکرێن.

بەڵام بەداخەوە کورد ئەوەندە لەم قوڕ و زلکاوەدا گیری خواردووە کە ئەگەر ئەم میسیۆنێرانە دوو قسەی خۆش بڵێن، کەمێک ستایشمان بکەن، ئێمەی کورد وەک بەرخێکی قوربانی سەرمان دەخەینە بەردەم چەقۆکەیان. بە چاوی خۆمان بینیمان کە گەنجە کوردەکان، “ئەرتوگرول کورکچو”یان لەسەر شانی خۆیان دەگیڕا کە تەنانەت چەپەکانی تورک پێیان دەگوت “سیخوڕی دەوڵەتە و خۆی ڕادەستی دەوڵەت کردووە”. بەم چاوانە ئەو کوردانەمان بینی کە دەیانویست دەستی ئەرکان باش، سەرۆکی TKP ماچ بکەن.

بەڵێ ڕاستە کورد بە باشی بەرخۆدان دەکات، باش دەمرێت، بە باشی شەڕ دەکات، بەڵام بۆ کێ و لەپێناو چیدا؟ مادام ئێمەی کورد هەڵنەستین و نەپرسین: “قسە بکە، تۆ میسیۆنەری کێیت؟ قسە بکە، تۆ قەییۆمی کێیت؟ تا لە بەرامبەر هەموو جۆرە کۆلۆنیالیزم و پاشماوەکانی کۆلۆنیالیزمدا ئەم هەلویستە نەتەوەیی و کوردستانیە پیشان نەدەین، کاری ئێمە بۆ ئازادی و سەربەستیی زۆر زۆر ئاستەم و زەحمەت دەبێت.

پوستێن ھەمان بەش