تەڵەی یەکێتی نەتەوەیی

تەڵەی یەکێتی نەتەوەیی

 (دژایەتی کردنی دەوڵەت-نەتەوە، برایەتی گەلان، دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر، شەڕکردن بۆ سەروەری دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکان)، ئەمانە هەموو ئەو شتانەن کە پەکەکە خەباتیان بۆ دەکات و هەموویان دژی ئەو ویستەن کە خەڵکی کوردستان زیاتر لە ١٥٠ ساڵە تێکۆشینی نەتەوەیی بۆ دەکەن.

دلۆڤان عەلی

نووسەری گەورەی ئیتاڵی دانتی ئەلیگێری ٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە کتێبی کۆمێدیای خودایی دا دەڵێت: “گەرمترین شوێنەکانی دۆزەخ بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە لە کاتی قەیرانی ئەخلاقی گەورەدا بێلایەنی خۆیان دەپارێزن.”

ساڵانێکی دوورودرێژە چەمکی (یەکێتی نەتەوەیی) بووەتە تەڵەیەکی خەتەرناک و بەشێکی زۆری کۆمەڵگای پێ فریو دەدرێت. ئەم کارەش بە پلانێکی تۆکمە و بە مێشکی ستراتیژیک بەڕێوە دەچێت. بەڵام لە ئەساسدا ئەو کەسانەی ئەم بانگەشەیە بەکاردەهێنن، باش دەزانن کە ئەم چەمکە لەگەڵ ئەمری واقیعدا ناکۆکە. بەڵام ئەو کەسانەی کە لەژێڕ هەڕەشەی داڕمانی ئەخلاقدان، پەنا بۆ هەموو بێئەخلاقییەک دەبەن بۆ مانەوەی خۆیان و ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە سوجدەی بۆ دەبەن.

لە دونیادا هەر کاتێک چەمکێک کە بەکاردەهێنرێت پێویستە ڕەهەندەکانی چەمکەکە بە دروستی شرۆڤە بکرێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ڕاستییەکان بە ڕوونی ببینێت و بۆ ئەوەی ڕێگا ڕاستەکان هەمیشە بۆ سەرکەوتنی نەتەوەدا بکرێنەوە. بە تایبەتیش ئەو نەتەوانەی کە لەژێر داگیرکاری و جیۆنسایددا دەژین.

چەمکی یەکێتی نەتەوەیی لەناو میللەتی کورددا زیاتر لەلایەن ئەو کەسانەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت، کە لەژێر ماسکەی جیاوازدا ڕێگری دەکەن لە ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان. بەتایبەتیش ئەو کەسانەی کە بە ناسنامەی ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار لەناو کۆمەڵگای کوردیدا دەدوێن، هەوڵ کۆشش دەکەن بۆ چەسپاندنی ئەم چەمکە.

لە بنەڕەتدا ئەم بانگەشەکردنە بۆ یەکێتی نەتەوەیی بۆ ئەوە نییە کە دوو کورد لە دیاربەکر و هەولێر، لە مەهاباد و قامیشلۆ، یان لە لاچین لەژێر یەک چەتردا کۆببنەوە. بەڵکو کۆششکردن بۆ درۆی یەکێتی نەتەوەیی زیاتر بۆ ئەوەیە کە هەوڵی مەشروعکردنی پەکەکە بدەن لەناو کۆمەڵگای کوردیدا. بە تایبەتیش لەم ١٠ ساڵەی دوایدا کە پەکەکە ئیتر ڕووی ڕاستەقینەی بۆ هەمووان دەرکەوتووە و ئیتر ڕاستییەکان وەکوو خودایەک دەدوێن.

پێش هەموو شتێک ئێمە دەبێ شرۆڤەیەکی دروست بۆ یەکێتی نەتەوەیی بکەین. ئایا یەکێتی نەتەوەیی لەگەڵ کێ و بۆچی پێکدێت؟ کێن ئەوانەی باوەڕیان بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە؟ ئایا یەکێتی نەتەوەیی ئامرازی کۆکردنەوەی هەموو کوردە یاخود ئامرازێکە بۆ فریودان و چەواشەکاری؟

بێگومان ئەوانەی لە هەموو کەسێک زێدەتر بانگەشە بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەکەن، ئەو کەسانەن کە هێشتاش بەدوای ئەو خەیاڵەوەن کە پەکەکە بکشێننە نێو جڤاتی کوردەوە. لەکاتێکدا کە فەلسەفە و کرداری پەکەکە پێچەوانەی خواستی میللەتی کوردە. (دژایەتی کردنی دەوڵەت-نەتەوە، برایەتی گەلان، دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر، شەڕکردن بۆ سەروەری دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکان،) ئەمانە هەموو ئەو شتانەن کە پەکەکە خەباتیان بۆ دەکات. هەموو ئەمانە دژی ئەو ویستەن کە خەڵکی کوردستان زیاتر لە ١٥٠ ساڵە تێکۆشینی نەتەوەیی بۆ دەکەن.

جگە لەوەش پەکەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بەرپرسیارە لە خوێنی ١٠٠ هەزاری کوردی بێتاوان و بەرپرسیارە لە وێرانکردنی ٨٠٠٠ هەزار گوندی کوردستان. پەکەکە هۆکاری سەرەکییە کە هەموو دەوڵەتانی داگیرکەر سنووری کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر کورد بەکاردەهێنن. جگە لەوەش لە وڵاتانی ئەوروپادا پەکەکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ تیرۆریزەکردنی دۆزی ڕەوای کورد دەدات. ڕفاندنی منداڵان، کوشتنی خەڵکی بێتاوان، سەرانەسەندن و بازرگانی ماددەی هۆشبەر، پەکەکە بەم هۆکارانە یەکێکە لەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپادایە.

گەر لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانە بکەین کە لەنێو پەکەکە و هەدەپ دا دەبن بە بڕیاردەر و میسیۆنەر، هەموویان کەسانی غەیرە کوردن، کەسانێکن کە بە بنەچە ئەرمەن، تورک، ئازەری، عەرەب و باڵکانن. هیچ پەیوەندییەکیان بە سۆسیۆلۆژی خەڵکی کوردستانەوە نییە. بەڵام چونکە پەکەکە و هەدەپ هەردووکیان بەدەستی دەوڵەتی تورک دامەزراون، بۆیە لە هەموو هەڵبژاردن و گۆڕانکارییەکدا لە ئەنقەرەوە کەسانی پەروەردەکراو هەڵدەبژێردرێن و دواتر بە دەنگی ئەو کوردانەی کە ٤٥ ساڵە بیرناکەنەوە و خۆیان فریودەدەن، لەناو پەکەکەدا دەبن بە سەرکردە و یانیش لەسەر لیستی هەدەپ دەچنە پەرلەمان و دەبن بە بڕیار بەدەست.

ئەمانە هەموو ئەو ڕاستیانەن کە ئەمڕۆ هەن. بۆیە پرسیارەکە جددیەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەو کەسانەی کە بانگەشەی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن، ئامانجیان ئەوەیە کە گەلی کورد بکەنە شەریکی تاوان و تیرۆریزمی پەکەکە، یاخود بۆ بەدەستخستنی پۆست و تێرکردنی زگیان لەلای پەکەکە، کۆشش بۆ ئەم بانگە ساختەکارییە دەکەن؟

لە فەلسەفەی هیچ وڵات و نەتەوەیەکی دونیادا نەبووە نەتەوەیەک کە خەبات بۆ ڕزگاری و دژی کۆڵۆنیالیزم دەکات، لەگەڵ کەسانێکدا کە تیرۆریزم بەڕێوە دەبەن، بچنە هەمان سەنگەرەوە. ئەمە تەنیا گاڵتەجاڕییە و خۆفریودانە.

زۆرێک لەو کەسانەشی کە ئەم بانگە درۆیینە بڵاودەکەنەوە، کاتێک ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە کە خەڵکی پێیان دەڵێن ئێمە یەکێتی نەتەوەییمان لەگەڵ ئەوانەدا ناوێت کە خەبات بۆ سەردەستیی داگیرکەران دەکەن، جامبازەکان یەکسەر بەوە وەڵام دەدەنەوە (کچ و کوڕانی ئێمە لە چیا شەڕ دەکەن) کە ئەمەش تەنیا ڕستەیەکی کلاسیکی دۆڕاوە.

نیلوفەر کۆچ کە ئەندامی کەنەکەیە و یەکێکە لە بەرپرسانی پەکەکە لە ئەوروپا، چەند ساڵ لەمەوبەر لە تەلەڤزیۆنی (مەدیا هەبەر)ی پەکەکەدا ئاوای گوت: “بارزانی دەیهەوێت دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکات، بەڵام پەکەکە سنوور دەپارێزێت و ناهێڵێت وڵاتان پارچە ببن.” بەپێی ئەم قسانەی نیلوفەر کۆچ بێت، ئەو کچ و کوڕانەی کە بەگوتەی جامبازەکان کە لە چیا شەڕ دەکەن، خەباتی ئەوان بۆ پاراستنی سنووری داگیرکەرانە و بۆ ڕێگریکردنە لە پارچەبوونی دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکان. کەواتا ئەوانەی بانگی درۆیینەی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن، ئایا ئەوان لە نیلوفەر ڕاستگۆترن؟ یاخود تەنیا دەیانهەوێ بە دەمامکەوە و بە دووڕوویی ژیانێکی سەرشۆڕانە بۆ پارچە نانێک یاخوود بۆ پۆستێک بەدەست بخەن؟

ڕاستییەک هەیە کە هەمیشە بەو پەڕی قەناعەتەوە مرۆڤ دەتوانێت درکی پێ بکات. دوو چینی کۆمەڵگا کە زۆرترین زەرەریان لە نەتەوەی کورد داوە، ئەو کەسانەن کە بەخۆیان دەڵێن ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار. ئەم دوو چینە خوڵقێنەری گەورەترین قەیرانی ئەخلاقین لە کوردستاندا. چونکە هەموو کاتێک بەرژەوەندی شەخسی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی نەتەوەی کورد. هەروەها هەرکاتێکیش کە لەلای پەکەکە پێگەیان دەکەوێتە خەتەریەوە، یەکسەر دەست دەکەن بە موخالەفەتی پەکەکە. بەڵام لە ئەساسدا مەسەلە موخالەفەت نییە، بەڵکو کریزی بەرژەوەندییە، بۆیە دەتوانن لەهەمان ساتدا بگەڕێنەوە باوەشی پەکەکە، گەر پەکەکە کەمتر لە پێگەکەی پێشووشیان پێ بداتەوە. ئەمانە لە کورتترین پێناسەدا مرۆڤی بچووکی بێکارەکتەرن.

ئەرکی ئەخلاقی هەر کوردێکە کە لە هەموو شوێنێک هەوڵی بێدەنگکردن و بەرپەرچدانەوەی ئەو کەسانە بدات کە دەیانهەوێ لە ڕێگای بانگەشەی یەکێتی نەتەوەییەوە، ڕێگا بۆ پەکەکە بکەنەوە بۆ ئەوەی کارەسات و جینۆسیادی زیاتر بەسەر گەلی کورددا بهێنێت. ئامانجی سەرەکی ئەم کەسانە ئەوەیە کە نەوەی نوێ بەرەو ئامانجێکی هەڵە ببەن. چونکە لەم ساڵانەی دواییدا هۆشیاربوونەوەیەکی جددی لەناو چینی گەنجاندا هەیە. ئیدی سەردەمی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانە. سەردەمی گۆڕانکاریی و ئافراندنی هزریی نوێیە. کە بێگومان ئەمە بەهیچ شێوەیەکی لە بەرژەوەندیی پەکەکەدا نییە. چونکە پەکەکە پێویستی بە نەوەیەکی ناهۆشیار و خەوتوو هەیە بۆ ئەوەی فریویان بدات و بەکوشتنیان بدات. دواتر بازرگانی بە

مردنەکەیانەوە بکات و بڵێت ئەمانە بۆ سەرۆک ئاپۆ گیانیان فیدا کرد. ئەو ئاپۆیەی کە ئیرادەی لە دەستی دەوڵەتی تورکدایە، بۆ ئەوەی نەیکوژن بە بەرچاوی هەموو دونیاوە گوتی دایکم تورکە و ڕێگەم بدەن خزمەتی دەوڵەتی تورکیا بکەم.

لە سەختترین کاتەکاندا ئەرکی مرۆڤە دڵسۆزەکان دەردەکەوێت. بۆیە مرۆڤی خاوەن ویژدان هەرگیز ڕێگانادات هەڵپەرەستەکان ببنە خاوەن قسە لە کۆمەڵگای بندەستدا. بۆیە هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر کەسانی بێئەخلاقدا، ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقییە.

پوستێن ھەمان بەش