ئامانجی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سەربازی بوو یان پروپاگاندای ڕەوانی؟

ئامانجی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سەربازی بوو یان پروپاگاندای ڕەوانی؟

ڕۆیتەرز: “ئێران پەیامی بە دەوڵەتی ئامریکا وەکوو گرینگترین هاوپەیمانی ئیسرائیل داوە کە نایهەوێ ئاڵۆزیەکان زیاتر تەشەنە بستێنن و بەڵێنی پێداون کە کردەوەی هەڵەشە ئەنجام نادات”.

شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە 13 لەسەر 14ی نیسانی 2024، ئێران بە دەیان مووشەک و درۆن پەلاماری ئیسرائیلی دا و دواتر دەرکەوت کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو درۆن و هاژۆکانە بەر لەوەی ئامانجەکانیان بپێکن و تەنانەت بەشێکی بەرچاویان بەرە لەوەی کە بگەنە ئاسمانی ئیسرائیلیش، لەلایەن سیستەمە دژە مووشەکیەکانی ئیسرائیل و ئامریکاوە تەقێندراونەتەوە. سپای پاسدارانی ئێران لایەنگرەکانی خۆی ڕژاندە سەر شەقامەکان و شایی سەرکەوتنیان گێڕا و هاوکات ئیسرائیل و ئەمەریکاش ڕایانگەیاند کە 99٪ی ئەو هاوژۆک (مووشەک) و درۆنانەی ئێران لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل (گومەزی ئاسنین) و سیستەمی دژە مووشەکی و فرۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکدا، هەر لە ئاسمانەوە تێکشکێندراون.

ئەگەرچی هێرشە ئاسمانیەکەی شەوی ڕابردووی ڕێژیمی ئێران، وەکوو وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانیەکەی ئیسرائیل بۆسەر بینایەکی نزیک کونسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەشقی سووریا ڕاگەیەندرا کە تێێدا ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندە هەرەباڵاکانی سپای پاسداران و فەیلەقی قودسی ئێرانی کوژران، بەڵام بەپێی ئامارەکان لە ئەنجامی ئە ژمارە کەمە مووشەک و درۆنەی ئێران کە گەیشتوونەتە ناو خاکی ئیسرائیل، تەنها چەند کەسێک بە سووکی بریندار بوون.

ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران لە زمانی بەشی پەیوەندیە گشتییەکانی سپای پاسدارانەوە بڵاویان کردۆتەوە کە “لە تۆڵەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولگەری ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریادا، دەیان مووشەک و درۆن لە ئێرانەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کراون”.

نیۆیۆرک تایمز لە زمانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلیەوە بڵاوی کردۆتەوە کە “ڕێژیمی ئێران لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوودا، 185 درۆن، 36 مووشەکی کرووز و 110 مووشەکی زەمین بە زمینی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە”. هەر لەو بارەوە “دانیێل هاگاری”، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە 99٪ی ئەو درۆن و مووشەکانەی کە ئێران ئاراستەی ئیسرائیلی کردوون، هەر لە ئاسمانەوە تەقێندراونەتەوە. ئاژانسی CNNی ئەمریکی لە زمانی دوو بەرپرسی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردۆتەوە کە 70 درۆن و 3 هاژۆکی بالستیکی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەر لە ئاسمانەوە تەقێندراونەتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکایی بە CNNی ڕاگەیاندووە کە درۆن و مووشەکەکانی ئێران لە لایەن کەشتیە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانەوە کراونەتە ئامانج و هەر لە ئاسمانەوە تەقێندراونەتەوە. سی ئێن ئێن لە زمانی بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی ئەمریکاشەوە ڕایگەیاندووە کە فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکاش لە تێکشکاندن و خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەدا بەشدار بوون کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە فەرمیی سپاسی هاوکاریەکانی ئەمریکای کرد بۆ ئەوەی لە تەقاندنەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە ئاسمانەوە هاوکاریی ئیسرائیلیان کردووە.

ئاژانسی NBC لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا بۆ سەر ئیسرائیل تەنها 31 کەس بە سووکی بریندار بوون کە لەلایەن فریاکەوتنی ئیسرائیلەوە چارەسەریان وەرگرتووە. شایانی باسە لەو 31 کەسە بەشیکی بەرچاویان بەهۆی ترسەوە تووشی دڵەڕاوکێ بوون و ئەوی دیکەسیان لەکاتی ڕۆیشتن بۆ پەناگاکاندا بەهۆی قەرەبالغیەوە کەوتوون و بە سووکی بریندار بوون کە پاش وەرگرتنی چارەسەری ڕەوانەی ماڵەکانی خۆیان کراونەتەوە.

ئێران ئەگەرچی لە ڕێگای میدیاکانیەوە دەیهەوێ وا نیشان بدات کە زەربێکی کاریگەری لە ئیسرائیل وەشاندووە بەڵام چاودێرانی سەربازی و ژیئۆپۆلیتیک لەو بڕوایەدان کە ئەم هێرشانە نەک بۆ ئێرانیەکان سەرکەوتن نەبوو بەڵکوو لە ڕاستیدا شکستێکی گەورە بوو. چوونکە ئێران بە دەیان ساڵە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە دەتوانی ئیسرائیل لە ناو ببات و بە درۆن و مووشەکەکانی هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل دەکات بەڵام دەرکەوت کە توانای بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل زۆر لە توانا مووشەکیەکانی ئێران بەرزترە و زۆربەی درۆن و هاژۆکەکانی ئێران تەنانەت بەر لەوەی کە بگەنە ئاسمانی ئیسرائیل تەقێندرانەوە و زۆر کەس وەکوو نوکتە هێرشەکەی ئێران بە یاری ئاگرین ناو دەبات. ئابڕووچوونێکی دیکە ئەوە بوو کە میدیاکانی ئێران و تەنانەت دەنگ و ڕەنگی فەرمیی ئەو وڵاتەش، بە درۆ، ڤیدیۆ و وێنەی ئاگرکەوتنەوەی ساڵانی ڕابردووی تەگزاسی ئەمریکایان بڵاو کردەوە و وەکوو دەرئەنجامی هێرشە مووشەکیەکانیان بۆسەر ئیسرائیل پیشانیان دان. بەڵام ئەم چەواشەکاریانەی ئێرانیەکان هەر زوو لەلایەن بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، لەقاو دران.

بەپێی ئامارەکان و بەپێی ڕوانگەی چاودێرانی سەربازی و ژیئۆپۆلیتیک، هێرشەکانی ئێران بچووکترین دەسکەوتی سەربازییان هەبووە و تەنها دەسکەوتی ئەو هێرشانە ئەوە بووە کە ئێران بڵێ ئەگەر پێش بە درۆن و مووشەکەکانی نەگرن دەتوانن لە ئێرانەوە بگەنە ناو خاکی ئیسرائیل، کە ئەمەش دەتوانێ لە بابەتی سنووردارکردنی توانا سەربازییەکانی ئێران لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، بەتایبەت لە بواری دەستڕاگەیشتنی ئێرانیەکان بە چەکی ناوکی، زیانەکانی بۆ ئێران لە قازانجەکەی زیاتر بێت.

هێرشەکانی ئێران لەلایەن زۆربەی وڵاتە زلهێزەکانی دنیاوە بە توندی ئیدانە کرا و لەسەر داوای ئیسرائیل کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئسایشی نێودەوڵەتی بەڕیوە دەچێت. تەنانەت وڵاتی چینیش پشتیوانی لە ئێران نەکرد و داوای لە هەردولا کرد کە دان بەخۆیاندا بگرن. دەکرێ بڵێن کە هێرشەکانی ئێران لە بواری دیپلۆماسیشدا بە قازانجی ئێرانیەکان نەبوو.

لایەنی پروپاگاندا و شەڕی دەروونی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

زیاتر لە ئامانجە سەربازی و سیاسیەکان ئەوەی لەم هێرشانەدا پڕڕەنگ دەرکەوت، بواری پروپاگاندا و شەڕی دەروونی بوو. زیاتر لە 10 ساڵە کە ئیسرائیل بە عالەم ئاشکرا پاسدارەکانی ئێران لە سووریا دەکاتە ئامانج و ئێرانیش گوێی خۆی لێ خەواندوە و هیچ کاردانەوەیەکی جیدیی نەبووە. تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتنە ناوخۆی ئێرانیش و بە کوشتنی شارەزایانی بواری چەکی ناوکی و دزینی سەرجەم ئارشیڤی پرۆژەی ناوکی ئێران و تەقاندنەوەی دەیان شوێنی تایبەت بە چالاکییە ناوکیەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستیدا تەنگی بە ئێران هەڵچینبوو و ئەم هێرشانەی ئیسرائیل گومانی خستبووە سەر هەڕەشە پەیتاپەیتاکانی ڕێژیمی ئێران و تەنانەت کەسانی سەر بە ڕێژیمی تاران بە ئاشکرا باسیان لەوە دەکرد کە ئێران لە وەلامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلدا زەبوونە.

پاش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر بینایەکی تەنیشت کونسولخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی دەیان کەس لە پاسدارەکانی ڕێژیم کە 7 کەسیان لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و سیما دیارەکانی بواری سەربازی بوون لە ئێراندا، ئیدی بەرپرسانی ئێران نەیدەتوانی تەنها بە بلۆفی سیاسی و هەڕەشەی بێ کردار، خۆیان لە دەست چاوەڕوانیی کەسانی لایەنگری ڕێژیم و ڕای گشتی دەرباز بکەن. هەر بۆیە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم هەر لە خامنەیی کە کەسی یەکەمی ریژیمی بەڵێنی تۆڵەکردنەوەیان لە ئیسرایل دا و هێرشەکەی شەوی ڕابردوو لە ڕاستیدا زیاتە لەوەی کە وەڵامێک بێت بۆ هێرشە سەربازیەکانی ئیسرائیل، وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو چاوەڕوانیانەی کە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پێکهاتبوو.

هیچمان لەبیرمان نەچووە کە لەکاتی کوشتنی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریکاوە دیسان ئێران بەڵێنی تۆڵەی دابوو و لەگەڵ پەلاماردانی هەرێمی کوردستاندا چەند مووشەکێکی ئاراستەی یەکێک لە بارەگا سەربازیەکانی ئەمریکا لە عێراقدا کرا و دواتر دەرکەوت و ترامپ بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکەی سەربازیی عین ئەلئەسەد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامدراوە و تاران ویستوویەتی دڵی لایەنگرەکانی خۆی ڕازی بکات. لە ڕاستیدا ئیران نایهەوێ خۆی لە قەرەی شەڕێکی جیددی لەگەڵ ئیسرائیل و ئامریکادا بدات، چوونکە دەزانێ لە ئەگەری شەڕێکی لەوجۆرە خاکی ئێران دەکرێت بە ئامانج و ئەمەش بە دڵی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیەکەی تاران نیە. ئێران تەنها ئامانجی ئەوەیە کە لە ڕێگای میلیشیاکانیەوە لە ناوچەکە بەتایبەت لە سووریا، عێراق (میلیشیاکانی حەشد)، لوبنان (حزبوڵڵا)، یەمەن (حووسیەکان) و هتد… سەرئێشە بۆ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دروست بکات و وەکوو کارتێکی سیاسی بەکاریان بهێنێت و باج لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئامریکا وەربگرێت و فشارەکانی ئەو وڵاتە لەسەر خۆی کەم بکاتەوە.

زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و لەسەرووی هەموویانەوە ئێران و ئامریکا دەیانهەوێ هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل خاڵی کۆتایی ئەم ئاڵۆزیە تازانە بێت و حەز ناکەن لەوە زیاتر پەرە بستێنێ و بەرەو شەڕێکی جیددی بڕوات. ئەمریکا وێڕای پیرۆزبایی لە ئیسرائیلیەکان و بە سەرکەوتوو دانانیان لە بەرگریکردن و تێکشکاندنی هێرشەکانی ئێراندا بە ئاشکرا بە ئیسرائیلیەکان دەڵێت کە ئەگەر بیانهەوێ هێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێک لەناو خاکی ئێراندا ئەوە واشینگتۆنیان لەگەڵ نابێت و دەیانهەوێ ئەم ئالۆزیانە لێرەدا کۆتاییان پێ بێت تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بووبێت. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە کە لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلدا هاوئاهانگیەکی شاراوە لەنێوان ئێران و ئەمریکادا هەبووە و بەر لە هێرشەکانیش بەرپرسانی ئێران سیگناڵی جۆراوجۆریان بۆ کۆشکی سپی ناردووە. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زمانی بەرپرسانی باڵای دیپۆلۆماسیی ئێران و ئەمریکاوە بڵاوی کردۆتەوە “ئێران پەیامی بە دەوڵەتی ئامریکا وەکوو گرینگترین هاوپەیمانی ئیسرائیل داوە کە نایهەوێ ئاڵۆزیەکان زیاتر تەشەنە بستێنن و بەڵێنی پێداون کە کردەوەی هەڵەشە ئەنجام نادات”.

لە دوای هێرشەکەش هەواڵدەریی تەسنینم سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە “ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران ئێمەش وەڵاممان دەبێت”، واتە ئێران بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشمان نەکاتە سەر ئێمە هیرش ناکەین.

بەکورتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەبوارەکانی سەربازی و دیپلۆماسی و ژیئۆپۆلیتیکەوە هیچ دەسکەوتێکی بۆ ڕێژیمی ئێران نەبووە و لەڕاستیدا ئێرانیش تەنها بۆ ڕازی کردنی جەماوەرەکەی دەوروبەری خۆی و پاساودانی ئەو بلۆفە دەیان سالەیەی کە بە شەوێک دەتوانێ ئیسرائیل لەناو ببات ئەو هێرشانەی ئەنجامداون، دەنا هەموو کەس دەزانێ هێرشێک کە نەیتوانی خوین لە کەپۆی ئیسرائیلییەک بهێنێت، قەد ناتوانێ ناوی تۆلەی هێرشێکی لەسەر دابنرێت کە دەیان فەرماندەی باڵای پاسدارانی ئێرانی کوشتووە. لە ئێستادا کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەگەڵ شەڕی تازەدا نیە لە ناوچەکەدا و واوێناچێ کە ئیسرائیل هێرشی بەربڵاو بکاتە سەر خاکی ئێران، بەڵام ئەگەر تەنانەت چەند خاڵێکیش لە ناوخۆی ئێران بکاتە ئامانج دیسان ئێران خۆی لی کڕ دەکات و ناوێرێ خۆی تووشی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئامریکادا بکات. دیارە نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە لە دۆخی وەهادا جاری وایە ڕەوشەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و ئاراستەیەک دەگرێت کە ڕەنگە هیچ لایەک خۆیان بۆ ئامادە نەکردبێت.

پوستێن ھەمان بەش