عەلی یەرلیکایا: “لە سالی 2023دا سوپای تورکیا 23 هەزار و 593 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی پەکەکە ئەنجامداوە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17/4/2024، گوندێکی ناوچەی شارباژێڕی سنووری پارێزگای سلێمانی لە باسووری کوردستان لەلایەن درۆنی تورکیاوە بۆردومان کرا.
لەمبارەیەوە کامەران حەسەن، قائیمقامی شارۆچکەی ماوەت بە ئاژانسەکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند: “بەفڕۆکەی بێ فڕۆکەوان گوندی کوڕەڵە لە شارۆچکەی شارباژێڕ بۆردومان کراوە کە بۆردومانەکە لە دوو شوێنی گوندهكه بووه و خانوویەکی ڕووخاندووە و هاوکات لە شاخی تەژە و شیلانەشی داوە.”
کامەران حەسەن ئەوەشی خستەڕوو: “بۆردومانهكه فڕۆكهی بێفڕۆكهوانی توركیا ئهنجامیداوه، بەڵام ھیچ زەرە و زیانێکی گیانی بەدوای خۆیدا نەھێناوە.”
ئەمە لەکاتێکدایە سێ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومانی گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شارباژێڕ کراوە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکە گیانی لەدەستدا.
بەھۆی حزووری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەی شارباژێڕی سنووری پارێزگای سلێمانی، ناوه ناوه ناوچەکە بۆردومان دەکرێت و ھەندێکجاریش ھاووڵاتییانی سڤیل بەھۆی بوونی (پەکەکە) لەناوچەکەیاندا دەبنە قوربانی.
بەگوێرەی ئاماری جەپەتە، لە مانگی تەباخی ڕابردووەوە تا ئێستا ، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، 152 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 228 کەسی دیکەش برینداربوون.
پێشتر عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندبوو: “لە سالی 2023دا سوپای تورکیا 23 هەزار و 593 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی پەکەکە ئەنجامداوە”.