لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

ئەفشین باغ شیرین، تەمەن 39 ساڵان، شەش ساڵ لەوەپێش لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ئەفشین باغ شیرین جێبەجێکرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە: “بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەدانی ئەفشین باغ شیرین، تەمەن ٣٩ ساڵە و خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە جێبەجێکرا”.

هەنگاو لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردۆتەوە، “ئەم هاووڵاتییە شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرا و لەلایەن ‘دەزگای دادوەری’ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو”.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، میدیا حکومەتییەکانی ئێران و بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە “دەزگای دادوەری” ڕێژیمی ئێران، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەیان بڵاو نەکردۆتەوە.

پوستێن ھەمان بەش