رۆژ بە رۆژ زیاتر ئەنجامی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن دەردەکەوێت

رۆژ بە رۆژ زیاتر ئەنجامی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن دەردەکەوێت

“ئەمەریکا چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە بە مەرج بۆ پشتیوانیکردن لە بەردەوامیی حکوومەتەکەی سوودانی”.

لەدوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ڕاستەوخۆ ئەنجامەکان بەدیارکەوتن له‌ چاره‌كردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان.

کێشەی دواخستن و نەدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی مووچە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵ، هێندە درێژەی کێشا، تا گەیشتە ئەوەی لە گرنگترین ناوەندی سیاسیی کە کۆشکی سپییە قسەی لەبارەوە بکرێت.

 لە دیداری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، بەشێکی گفتوگۆکانیان بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان تەرخانکرا، ئەوەش نیشانەی گرنگیدانی ئەمەریکایە بە مافە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

د.سەرسام شوانی، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت، “هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی بە نێودەوڵەتیکراوە، حیسابێکی تایبەتی بۆ دەکرێت. ئەو کێشانەی لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان هەن، بێگومان کاریگەیی لەسەر بارودۆخی وڵاتانی ناوچەکەش دەبێت. لە کۆبوونەوەی سوودانی و بایدندا، جەخت لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوەتەوە.”

پێش سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریکای کرد و لەوێ هەمان ئەو پرسانە تاوتوێ کران. بەشێک لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمەریکا چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ماف و شایستەکانی هەرێمی کردووە بە مەرج بۆ پشتیوانیکردن لە بەردەوامیی حکوومەتەکەی سوودانی و تەنانەت ئەنجامدانی دیدارەکەش.

د. ڕامیار رزگار، چاودێری سیاسی ئاماژە بەوە دەدات، “بابەتەکە لەوە دەرچووە جارێکی دیکە بە هەر هۆکارێکی دیکە، ڕێگری لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و سزای خەڵکی هەرێمی کوردستان بدەن”.

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ چوارشەممە، 17-04-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “پێمانوایە پرسی مووچە بە تەواوەتی چارەسەر بووە. لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، جەخت لەوە کرایەوە، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بووە و پرسی مووچە چیدیکە نابێتە گرفت، چونکە مافێکی بنەڕەتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە”.

سەرچاوە: K24

پوستێن ھەمان بەش