سەرۆک بارزانی: بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لاپەڕەیەکی ڕەشی دڕندەیی ڕژێمی پێشووی عێراقە

سەرۆک بارزانی: بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لاپەڕەیەکی ڕەشی دڕندەیی ڕژێمی پێشووی عێراقە

“سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی کوردستان”.

سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆردوومانەکە “لاپەڕەیەکی ڕەشی دڕندەیی و بێ باکیی ڕژێمی پێشووی عێراقە لە بەرانبەر گەلی کوردستان”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24/4/2024، سەرۆک بارزانی لە 50ـەمین ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، “بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لاپەڕەیەکی ڕەشی دڕندەیی و بێ باکیی ڕژێمی پێشووی عێراقە لەبەرانبەر گەلی کوردستان”.

سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، “لە پەنجایەمین ساڵیادی بۆردومانی زاڵمانەی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی کوردستان”.

کاتژمێر 10ی بەیانیی ڕۆژی 24ی نیسانی 1974، ڕژێمی بەعس بە چوار فڕۆکەی جەنگی، هێرشی کردە سەر شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی کە ئەوکات بەشێکی زانکۆکە لە قەڵادزێ بوو، بۆردوومان کران و بەهۆیەوە 163 هاووڵاتیی شەهیدبوون کە نۆیان قوتابی زانکۆ بوون و نزیکەی 300 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون، هاوکات باڵەخانەی زانکۆی سلێمانیی و چەند فەرمانگەیەکی حکوومیی و زیاتر لە 200 خانووش زیانیان پێگەیشت.

پوستێن ھەمان بەش