بە لێدانی کۆرمۆر هەوڵ دەدەن پێش بە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان بگرن

بە لێدانی کۆرمۆت هەوڵ دەدەن پێش بە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان بگرن

کۆرمۆر لە ناوچەی “قادر کەرەم”ی پارێزگای سلێمانی هەڵکەوتووە و 1.8 تریلیۆن مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی هەیە.

میلیشیا نایاساییەکانی عێراق جارێکی دیکە بە درۆن هێرشیان کردە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان کە بە یەکێک لە گەورەترین وێستگەکانی وزەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

میلیشاکان و چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە عێراق، ڕۆژی هەینی 26/4/2024، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر چەند کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا 4 کارمەندی کیڵگەکە گیانیان لەدەستدا. لە سەرەتای ئەمساڵەوە (2024) ئەمە دووەمین هێرشە کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە دەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

هێرشبەرەکان دەیانەوێت بەم پەلامارانە ڕێگری لە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان بکەن، هەر بۆیەشە کە گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی کارەبای کوردستان دەکەنە ئامانج. دەسەڵاتدارانی عێراق لەبری ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو پێشێلکارییانە بدۆزنەوە، دیسان لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهێنا.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە “ناوچەی قادر کەرەم”ی پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان هەڵکەوتووە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2008ـەوە بەرهەمهێنانی غازی دەستیپێکردووە و لە ئێستادا ڕۆژانە 450 ملیۆن مەتری سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ بڕی بەرهەمهێنانەکەی بۆ 500 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە.

کۆرمۆر 67٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و بەگشتی 3700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت. کۆرمۆر یەک تریلیۆن و 800 ملیۆن مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی هەیە.

جگە لە غازی سروشتی، بەرهەمهێنانی غازی شل (LPG) ڕۆژانە نزیکەی 1000 تەنە و ڕۆژانە 22 هەزار بەرمیل پەترۆڵی کۆندێنسەیت بەرهەم دەهێنرێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەم بڕە تێکەڵ دەکرا لەگەڵ نەوت بۆ باشترکردنی کوالێتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا.

بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی نیسانی ساڵی 2007 لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە، کۆمپانیای کۆرمۆر لەلایەن کۆمپانیاکانی “گیسنت پترۆلیۆم” و “داناغاز”ـەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەهۆی گرنگی ئابوورییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، زۆرجار لەلایەن میلیشیا نایاساییەکانەوە دەکرێتە ئامانج. گەورەترین هێرشی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان بۆ سەر کۆرمۆر لە 22ی حوزەیران و 12ی تشرینی یەکەمی 2022 و هەروەها لە 26ی کانوون و 25ی نیسانی ئەمساڵدا ئەنجامدراون.

پوستێن ھەمان بەش