وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی تورک جەختی لە بەردەوامیی هێرشەکانی دژ بە پەکەکە کردۆتەوە.
فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لە بوردومان کردنی جەولە و جموجووڵی گەریلاکانی پەکەکە لە قەندیل بەردەوامن و لە دوایین هێرشیاندا 3 گەریلا کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە. پەکەکە لە ڕێکەوتی 10ی ئایارەوە تا ئێستا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ ناوچەکانی گارە و مەتینا و خواکورک لە باشووری کوردستان، 18 گەریلای خۆی لەدەستداوە.
ڕۆژی دووشەممە 13/5/2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر چیای قەندیل، 3 گەریلای پەکەکە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی تورک وەکوو هەمیشە لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا جەختی لە بەردەوامیی هێرشەکانی دژ بە پەکەکە کردۆتەوە.
شایانی باسە فڕۆکەکانی تورکیا لە ڕێکەوتی 10ی ئایاردا، 10 گەریلای پەکەکەیان لە ناوچەکانی گارە و خواکورک کردبوە ئامانج و هەروەها لە 11ی ئایاردا لە ناوچەی مەتینا 2 گەریلا و لە 12ی ئایاریشدا لە ناوچەی گارە 3 گەریلای دیکەی پەکەکە لەلایەن دەولەتی تورکەوە کرابوونە ئامانج و گیانیان لەدەستدابوو.
بە گشتی لە ڕێکەوتی 10ی ئایارەوە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادا، پەکەکە لانیکەم 18 گەریلا و بەرپرسیکی باڵای خۆی لەدەستداوە.