پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: پێویستە 365 ڕۆژەکەی ساڵ بۆ ئێمە ڕۆژی زمانی کوردی بن

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: پێویستە 365 ڕۆژەی ساڵ بۆ ئێمە ڕۆژانی زمانی کوردی بێت

زمانی ئێمە بوونی ئێمەیە. بەم هۆشمەندیەوە دەبێ خاوەندارێتی لە هەبوونی خۆمان بکەین.

زمانی کوردی پێکهاتەیەکی بنەڕەتییە بۆ بوون و ژیان و بەردەوامی و مانەوەی نەتەوەی کورد و بناخەی میللەتبوونە.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بێگومان ئەمڕۆ خەبات بۆ مافی خوێندن بە زمانی کوردی پێویستییەکی بنەڕەتی نەتەوەیی و نیشتمانییە. بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی نەتەوەیی و جوگرافی و سیاسی کوردستان، بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد، پێویستە خەبات بۆ مافی خوێندن بە زمانی کوردی و بە فەرمی کردنی زمانی کوردی بکرێت.

بەڵام ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان، بۆ خاوەندارێتی کردن و پەرەپێدانی زمانی کوردی، بەهەر شێوەیەک هەر هەنگاوێک هەڵبگیرێتەوە، پێویستە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیان بکەین. پێویستە لە هەموو خەبات و دەزگا و هەوڵ و هەنگاوەکانماندا خاوەندارێتی لە زمانی کوردی بکەین.

ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان زمانی کوردی لەژێر زەخت و ناحەقی و مەترسییەکی گەورەدایە.

ئەوە ماوەی 100 ساڵە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی سیاسەتی نکۆڵی و ئاسمیلەکردنەوە هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردی (کورمانجی و کردکی/زازاکی) دەدات. بێگومان ئەم سیاسەتە شۆڤێنییە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی کورد لە باکوری کوردستان داناوە. بەڵام سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەتی تورک نەیتوانیوە نەتەوەی کورد و زمانەکەی لە مەیدان وەدەر بنێت. ئەمڕۆکە هەبوونی نەتەوەی کورد و زمانی کوردی، بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و بەرخۆدانێکی بێ وێنەیە.

ئەمڕۆ خاوەندارێتی کردن لە زمانی کوردی هەر لە ماڵەوە دەست پێدەکات. پێویستە هەموو کورد لە ماڵەکانی خۆیدا بە زمانی کوردی (کرمانجی و کردکی/زازاکی) قسە بکەن. دەبێ ئەمە ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییمان بێت. قوتابخانەی منداڵانی کورد لە ماڵەکانیاندایە. دایک و باوک و خێزانە کوردەکان پێویستە قسەکردن و فێربوون و فێرکردنی زمانی کوردی، وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی و نەتەوەیی خۆیان بە ئەساس وەربگرن.

پێویستە زمانی کوردی وەک زمانی یەکەمی خۆمان لە ژیانی ڕۆژانەمان و لە بازرگانی و بازاڕدا بەکار بهێنین.

بێگومان بە هۆی واقیعی میللەتەکەمانەوە لە ململانێی سیاسیماندا، لەپاڵ زمانی کوردیدا ناچارین زمانی تورکیش بەکاربهێنین. بەڵام دەبێ سەرجەم حیزب و لایەنە کورد و کوردستانیەکان، لە سەرجەم چالاکای و خەبات و دانوستانە ناوخۆییەکانیاندا، لە خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا زمانی کوردی وەکوو زمانی سەرەکی بەکار بهێنن. پێویستە سەرجەم ئەندامانی حیزبە کورد و کوردستانیەکان زمانی کوردی بزانن و بەکاری بهێنن.

دامەزراوە مەدەنییەکان، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، زانایانی ئایینی، هەموو تاکەکانی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە پێویستە فێربوون و بەکارهێنان و خاوەندارێتی کردن و گەشەپێدانی زمانی کوردی بە ئەرکێکی ئینسانی و نەتەوەیی خۆیان بزانن.

ئێمە وەکوو کورد پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی زمانی فەرمی پەروەردە بێت و دەوڵەتی تورکیاش دان بەم مافە ڕەوا و نەتەوەیی و مرۆڤایەتییە لە دەستوور و لە هەموو یاساکانیدا دابنێت و بە فەرمیی بناسێت.

زمانی ئێمە بوونی ئێمەیە. بەم هۆشمەندیەوە دەبێ خاوەندارێتی لە هەبوونی خۆمان بکەین. دەبێ سەرجەم 365 رۆژەکەی ساڵ، بۆ ئێمە ڕۆژی زمانی کوردی بن.

پوستێن ھەمان بەش