گەریلاکانی پەکەکە لاوێکی کوردیان دەشاردەوە، بەڵام پێشمەرگەکانی کوردستان ئەویان ڕادەستی باوکی کرد + ڤیدیۆ
“گەریلاکانی پەکەکە هەڕەشەیان لێکردم و گوتیان ئەگەر جارێکی تر بێیتەوە ئێرە، گوللـەک دەنێین بە سەر دڵتەوە و دەتکوژین”.
گەریلاکانی پەکەکە سووکایەتییان بە دایک و باوکی لاوێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو و ئەشکەنجەیان دابوون کە بۆ وەرگرتنی سۆراغ و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی کوڕەکەیان، سەردانی بنکەکانی پەکەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو.
لاوێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی “حامد مەنووچەهر حوسێن” لەدایکبووی 21/8/2006، کە خەڵکی شاری “سەڵماس”ی سەر بە پارێزگای “ورمێ”یە، لە مانگی ئازاری 2024دا تێکەڵ بە ڕیزەکانی پەکەکە ببوو. هەر لەو ڕۆژەدا باوکی حامد بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کوڕەکەی، دەچێتە شاخی سەرحەدی – گوندی یارمق سەر بە شاری ماکۆ و لەوێ لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە بێ حورمەتیی پێدەکرێت و بەتوندی ئەشکەنجە دەدرێت.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دەست “دارکا مازی” کەوتووە، باوکی حامد بەمشێوەیە چیرۆکی تێکەڵبوونی کوڕەکەی بە پەکەکە و بێ حورمەتی و ئەشکەنجەکرانی خۆی و دایکی حامد لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە و وازهێنانی کوڕەکەی لە پەکەکە دەگێڕێتەوە:
مەنووچەهر ئاشکرای دەکات کە کاتێک گەیشتووەتە شاخی سەرحەد، لەوێ ژمارەیەک گەریلای پەکەکە دەبینێت و سۆراغی کوڕەکەی لێیان دەپرسێ، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە بێ حورمەتیی پێدەکەن و هەڕەشەی لێدەکەن و پێی دەڵێن کە کوڕی تۆ لای ئێمە نییە و بۆت نیە جارێکی دیکە پرسیاری ئەومان لێبکەی. ئەگەر جارێکی تر بێیتەوە ئێرە ئەوا گوللـەک دەنێین بە سەر دڵتەوە و دەتکوژین.
گەریلایەکی پەکەکە لە دایکی حامدی داوە
مەنووچەهر دەشڵێت: “دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ جارێکی تر چووینە ئەوێ، ئەمجارە من “ڕازیە” دایکی حامدیشم لەگەڵ خۆم برد. دەوروبەر کاتژمێر 6:00ی ئێوارە، دوو گەریلای پەکەکە بە ناوەکانی عەگید و زیلان هاتنە لامان و ئەو گەریلایەی کە ناوی عەگید بوو، هێرشی کردە سەرمان و لە دایکی حامدی دا و بە زۆر خستیە ناو ئوتۆمبێلەکە و گوتی دەبێ ئێوە لێرە بڕۆن. من جلەکانی خۆمم دڕاند و بە گەریلاکانی پەکەکەم گوت بۆچی وا دەکەن؟ ئایا ئێوە شیری مرۆڤتان نەخواردووە؟ بۆچی وا دەکەن؟ گەریلاکەی دیکە بە ناوی زیلان موداخەلەی کرد و گوتی هەڤاڵەکەی ئێمە هەڵەی کردووە، من ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەم، من کوڕەکەتان دەدۆزمەوە. بەڵام درۆیان لەگەڵ کردین، ئێمەیان فریودا بۆ ئەوەی ڤیدیۆکانیان بڵاو نەکەینەوە، ئێمە ڤیدیۆکانمان ڕەش کردنەوە”.
مەنووچەهر دڵێت: “زۆر جار چووینەتە لای گەریلاکانی پەکەکە و پرسیاری چارەنووسی کوڕەکەمان لێیان دەکرد، گەریلاکانی پەکەکە پێیان دەگوتین، ئێوە بە شوێنەکەی ئێمە دەزانن و ئێران ئێوە دەنێرێت بۆ ئەوەی شوێنەکەمان ئاشکرا بکەن. بەڵام من بەوانم دەگوت ئێمە تەنها بە دوای کوڕەکەماندا دەگەڕێین، ئێوە کوڕەکەمان پیشان بدەن، ئیدی ئێمە جارێکی دیکە نایەینەوە لای ئێوە. پێمانیان گوت کە کوڕەکەتان لە باشووری کوردستانە.
هەروەها جەختیش دەکاتەوە کە بەردەوام سەردانی ناوچەکانی پەکەکەیان کردووە و هەوڵیان داوە کوڕەکەیان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەوە. دوای ئەوەی کە گوتیان کوڕەکەتان ڕەوانەی باشووری کوردستان کراوە، لە رێکەوتی 4/9/2024دا ڕۆیشتینە گوندی تەیمەز لە بناری چیای قەندیل و لەوێ گەریلاکانی پەکەکەمان بینی و پرسیاری کوڕەکەمان لێکردن، بەڵام بێ سوود بوو.
کوڕەکەم وازی لە پەکەکە هێنا
مەنووچەهر دەڵێ: “لە ڕێکەوتی 1/10/2024دا “حامد”ی کوڕم وازی لە پەکەکە هێنا و توانی خۆی لە دەستی گەریلاکانی پەکەکە ڕزگار بکات و خۆی بگەیەنێتە سنووری شاری سۆران و لەوێ خۆی ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە. سەرەتا پێشمەرگە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و دواتر لە ڕێکەوتی 10/10/2024دا پێشمەرگەکان پەیوەندییان بە منەوە کرد و پێیان گوتم کوڕەکەت وازی لە پەکەکە هێناوە و ئێستا لەلای ئێمەیە و دەتوانن بێن کوڕەکەتان ببەنەوە.
مەنوچەهر ڕۆژێک دوای پەیوەندیی پێشمەرگەکان، واتە لە ڕێکەوتی 11/10/2024دا، دەڕواتە باشووری کوردستان و لەسەر داوای خۆی، پێشمەرگەی کوردستان کوڕەکەی ڕادەست دەکەن و لە ڕێکەوتی 13/10/2024دا پێکەوە دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.