تورکیا و پەکەکە ئاماری زیانەکانی ساڵی 2024 یەکتریان ڕاگەیاند

تورکیا و پەکەکە ئاماری زیانەکانی ساڵی 2024 یەکتریان ڕاگەیاند

هیچکات ئامارەکانی دەوڵەتی تورک و پەکەکە لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

پەکەکە ئاماری ئەمساڵی زیانەکانی ئەرتەشی تورک و گەریلاکانی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2024دا 478 چەکداری تورک کوژراون و لە بەرانبەردا 134 گەریلا گیانیان لەدەستداوە. تورکیاش ئیدیعا دەکات کە لە ساڵی 2024دا 2939 گەریلا کراونەتە ئامانج.

پەکەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 30/12/2024 ئاماری ئەمساڵ (2024)ی زیانەکانی ئەرتەشی تورکیا و گەریلاکانی خۆی بڵاو کردۆتەوە و بەپێی ئامارەکە 478 چەکداری ئەرتەشی تورک لە باکوور و باشووری کوردستان کوژراون و لە بەرانبەردا 134 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات لەگەڵ ئامارەکانی پەکەکە، دەوڵەتی تورکیاش چەند ڕۆژ لەوەپێش ئاماری خۆی لەبارەی شەڕی ساڵی 2024 بڵاو کردبۆوە و تێیدا ئیدیعای کردبوو کە لە ساڵی 2024دا 2 هەزار و 939 گەریلای پەکەکە، یەپەگە و هەسەدە لە هێرشە جیاجیاکانی ئەرتەشی تورکیادا کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

پارتی کرێکاران و دەوڵەتی تورک، لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا ئامارێک لەسەر شەڕی ساختەی نێوانیان بڵاو دەکەنەوە و هەرکامەیان دەڵین ئەوەندەمان لە لایەنی بەرانبەر کوشتووە. ئامارەکانی دەوڵەتی تورک و پەکەکە فڕیان بە ڕاستیەوە نیە و تەنها وەکوو شەڕێکی ڕەوانی و بۆ پروپاگاندا لە دژی یەکتر بڵاوی دەکەنەوە، دەنا هیچکات ئەو ئامارانە لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە و لە ڕاستیدا زەرەرمەندانی ڕاستەقینەی شەڕی ساختەی نیوان پەکەکە و تورکیا تەنها هاووڵاتیانی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانن.

پوستێن ھەمان بەش