پەدەکە ـ باکوور: هیوادارین لایەنەکانی ڕۆژئاڤا لەسەر هێڵی نەتەوەیی یەکڕیزی خۆیان بنیات بنێن

پەدەکە ـ باکوور: هیوادارین لایەنەکانی ڕۆژئاڤا لەسەر هێڵی نەتەوەیی یەکڕیزی خۆیان بنیات بنێن

پەدەکە ـ باکوور: “لایەنەکانی ڕۆژئاڤا، بۆ دەستخستنی ستاتۆسێک بەپێی نۆرمە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ و هاوبەش لەگەڵ حکومەتی کاتیی دیمەشق بەڕێوە ببەن”.

پارتی دیموکراتی کوردستان ـ باکوور (پەدەکە _ باکوور) ڕایدەگەیەنێت، “هیوادارن لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان یەکڕیزی و هاوئامانجیی خۆیان لەسەر هێڵی نەتەوەیی دابمەرزێنن”.

پەدەکە ـ باکوور ئەمڕۆ یەکشەممە 29/12/2024 بەیاننامەیەکی لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ بنیاتنانی سوریایەکی ئارام و ئازاد و دیموکراتیک دەربڕی کە تێیدا ماف و ئازادییەکانی خەڵکی سوریا و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەستەبەر بووبێت.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پەدەکە ـ باکوور:

بۆ ڕای گشتی و چاپەمەنیەکان

ماوەیەکە ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەو پێشهاتانە دەکەیەن کە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریادا ڕوودەدەن. ئێمە وەکو پەدەکە باکوور، پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵ و تێکۆشانانە دەکەین کە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو، بە بنیاتنانی سوریایەکی ئارام و ئازاد و دیموکراتیک ودەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی سووریا و ڕۆژئاڤای کوردستان، ئەنجام دەدرێن.

هیوادارین لایەنەکانی ڕۆژئاڤا لەسەر هێڵی نەتەوەیی یەکڕیزی و یەک ئارمانجیی خۆیان بنیات بنێن. بە نوێنەرایەتی گەلی کوردی ڕۆژئاڤاوە، بۆ دەستخستنی ستاتۆسێک کە لسەر بنەمای نۆرمە یاساییە نێودەولەتییەکان دابمەرزێت، بەشداری لە بنیاتنانی سوریایەکی ئازاد و ئارامدا بکەن و دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ و هاوبەش لەگەڵ حکومەتی کاتیی دیمەشق بەڕێوە ببەن.

ئێمە لێدوانەکەی جەنابی سەرۆک، بەڕیز مەسعوود بارزانی سەبارەت بە بنیاتنانی سووریا بە گرینگ دەزانین. بۆ ئەوەی کە جاریکی دیکە هەڵەی مێژوویی ڕوونەدات، داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین گوێ لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە بەئەزموونەکان بگرن و بەتایبەتیش سوود لە نموونەی باشووری کوردستان و ڕوانگە و ئەزموونەکانی جەنابی بەڕێز سەرۆک بارزانی وەربگرن.

هیوادارین، لە سوریایەکی بەهێز و دیموکراتیکدا مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا لە یاسایەکی بنەڕەتیی پێشکەوتوودا بە یەکسانی ڕەچاو بکرێت.

پوستێن ھەمان بەش