ئۆجەلان: ”بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد – تورک بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە”.
یەکەمین ڕاگەیاندراوی شاندەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوو لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکرایەوە. ئۆحجەلان لە پەیامەکەی خۆیدا گوتوویەتی: “من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن”.
شاندەکەی دەم پارتی دەڵێت ”لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە ئیمرالی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکی فراوانمان ئەنجامدا.”
ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاماژەیان بە تەندروستیی ئۆجەلان کردووە و نووسیویانە ”تەندروستیی باشە و ورەی بەرز بوو. ئەو هەڵسەنگاندنانەی لەبارەی چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد کردنی، زۆر گرنگ بوون.”
پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر دەڵێن ئۆجەلان گوتوویەتی، ”بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد – تورک بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە.”
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆبوونەوەکەدا گوتووشییەتی ”رووداوەکانی غەززە و سووریا پیشانیاندا کە نابێت بە دەستوەردانی دەرەکی کە هەوڵی ئەوە دەدات چارەسەری ئەو کێشەیە قووڵتر بکات، چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت. بۆ هەوڵدان لەپێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەمە، پاڵپشتی و پێشنیازەکانی ئۆپۆزسیۆنیش گرنگن.”
ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە ”بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بێ گوێدانە مامەڵە تەسک و سەردەمییەکان، دەستپێشخەری بکەن، بنیادنەرانە مامەڵە بکەن و پاڵپشتیی پێشکێش بکەن. بێگومان یەکێك لە گرنگترین زەوینەکانی ئەم پەڵپشتییە، پەرلەمانە”.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
بۆ راگەیاندن و رای گشتی؛
لە 28ـیی کانوونی یەکەمی 2024ـدا، دانیشتنێکی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دا. تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەکانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، زۆر گرنگ بوون.
لە دانیشتنەکەدا کە هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا کرا، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بە سیناریۆ تاریکەکان کە دەسەپێنرێن.
چوارچێوەی گشتیی بیرۆکەکان و روانگەکانی بەم شێوەیەن:
– بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک-کورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەکی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.
– بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاکاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی تورکیا دەبێت.
– رووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە کە چیتر ناکرێت چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت کە هەوڵدەدرێت لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت. بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی کارێک کە گرنگییەکەی هاوشێوەی مەترسییەکەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
– من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن.
– شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم.
– هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوکات رێبەرێکی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی.
سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.
بەڕێزەوە بۆ رای گشتی،
29ـی کانوونی یەکەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر