“باسی لێبوردنی گشتی نەکراوە و ئۆجەلان دەیهەوێ پرسی کورد لە تورکیا بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی چارەسەر بکرێت”.
ئەحمەد تورک، یەکێک لە ئەندامەکانی شاندی ئیمرالی، ڕایدەگەیەنێت، دوای سەردانی دووەم یان سێیەم بۆ ئیمرالی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوا لە پەکەکە دەکات چەکەکانی ڕادەست بکات.
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد، کە هاوکات ئەندامی شاندی “دەم پارتی”یە بۆ ئیمرالی و هەروەها دانوستان و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا، لێدوانی بۆ ڕۆژنامەیەکی تورکیا داوە و ڕایگەیاندووە: “ئەوان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە و جارێکی دیکە سەردانی ئیمرالی دەکەن”.
ئەحمەد تورک ئاگاداری دەشڵێت لە دیداری دووهەم یان سێهەم لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، ئەگەری زۆر هەیە ئۆجەلان داوا لە پەکەکە بکات کە چەک دابنێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو سەردانەدا پرسی لێبوردنی گشتی لە بەرنامەی کاردا نەبووە و ئۆجەلان ویستوویەتی پرسی کورد لە تورکیا بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی چارەسەر بکرێت.
شاندێکی “پارتی دەم” (DEM) کە لە سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکهاتبوون، لە ڕێکەوتی 28ی مانگی دیسەمبەردا، لە زیندانی ئیمرالی چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە کەوتبوو و لەگەڵی کۆببوونەوە.
ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندەکەی دەم پارتیەوە ڕایگەیاند: “من خاوەن ئەو ئەزموون و بڕیارەم کە پشتیوانی لە پارادایمی نوێی بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغان بکەم”.
دواتر ئەحمەد تورکیش کرا بە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە و لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و نومان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیادا کۆبوونەوە.
وەک ڕاگەیاندراوە شاندەکە کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، سڕی سورەییا ئۆندەر و ئەحمەد تورک، دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، سەردانی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکان، ڕێکخراوە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانیش دەکەن.