“نیهاد زوهێر ڕەشۆ”، لە 3ی ئاداری 2012 لە هەرێمی عەفرین لەدایکبووە.
لە گەڕەکی شێخ مەقسوود لە پارێزگای حەلەب، تاقمی چەتەی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، منداڵێکی دیکەی کوردیان بە ئامانجی تێکەڵکردن بە ڕیزەکانی پەکەکە ڕفاند.
سەرچاوە خۆجێیەکان لە ڕۆژئاڤای کوردستان ڕایانگەیاند کە لە ڕێکەوتی 4/1/2025دا ڕێکخراوی “جوانێن شۆرەشگەر”، مندالێکیان بە ناوی “نیهاد زوهێر ڕەشۆ”ی تەمان 12 ساڵ لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی سەر بە پارێزگای حەلەب ڕفاندووە.
نیهاد خەڵکی گوندی “ئۆمۆ”ی ناوچەی “ماباتا”یە لە هەرێمی “عەفرین”ی ڕۆژئاوای کوردستان.
بەپێی ناسنامەکە، ئەو منداڵە بەناوی نیهاد، لە 3ی ئاداری 2012 لە عەفرین لەدایکبووە و ناوی دایکی جیلانە.
ڕفاندنی ئەو منداڵە 12 ساڵانەیە یەکەمین حاڵەتە لەمساڵدا. ئەم ڕفاندنە لە کاتێکدایە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و داخوازی دیالۆگی کوردی ـ کوردی و دامەزراندنی شاندێکی یەکگرتووی کورد بۆ دانوستان لە دیمەشق، چالاکوانان و سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان داوایان لە پارتی یەکیەتیی دیموکراتیک (پەیەدە) و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەکەن کە ئەو گرووپە (جوانێن شۆرەشگەر) هەڵبوەشێنێتەوە.
گەڕەکی شێخ مەقسوود لەژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی سەر بە پارتی یەکێتی دیموکراتدایە کە هێزی سەرەکی پێکهێنەری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)یە.