“لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی دۆخی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو تاوتوێ کراون”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8/1/2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە “هەر لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا و پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتییانە کردەوە.”
ئەنەکەسە: سوپاسی پاڵپشتیی بەردەوامی سەرۆک بارزانی بۆ پرسی کورد لە سووریا دەکەین
هاوکات ئەنەکەسە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە “لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ کرا، بەتایبەتی دۆخی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو.”
وەکوو ئەوەی ئەنەکەسە باسی کردووە، لە میانی دیدارەکەدا هەردوولایەن جەختیان لەسەر ئەم خاڵانە کردووەتەوە:
1ـ گرنگیی بەشداریی گەلی کورد لە داڕشتنی داهاتووی سووریا.
2ـ پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
3ـ ڕێککەوتن لەسەر دیدێکی هاوبەشی کوردی سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد.
4ـ کارکردن لەگەڵ هێزە نەتەوەییە جیاوازەکانی سووریا و ئیدارەی ئێستەی ئەو وڵاتە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: “شاندەکە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەربڕی بۆ پاڵپشتیی گەلی سووریا و پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ پرسی کورد لە سووریا و پەرۆشیی بۆ یەکڕیزی کورد.”