“داواكردنی پەیەدە لە خەڵكی مەدەنی بۆ خۆپیشاندان لە بەندوای تشرین، مەترسیدارە و سەركێشییە بە گیانی خەڵك”.
بەپێی سەرچاوە كوردییەكان، ڕۆژی چوارشەممە، 8/1/2025، شەش كەسی مەدەنیی كورد كە ژنیشیان تێدایە، لە میانی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لە نزیك بەنداوی تشرین كە پەیەدە ڕێكی خستبوو كوژران.
بەپێی زانیارییەكان ئەو خۆپیشاندەرە كوردانەی پەیەدە بردوونییە ئەو ناوچەیە، بە هۆی بۆردومانی گرووپە چەكدارەكانەوە كوژراون.
خۆپیشاندانەكە كە لەلایەن پەیەدەوە ڕێك خراوە و سەرپەرشتیی كراوە، بە مەبەستی سەركۆنەكردنی ئەو هێرشانە بووە كە گرووپە چەكدارەكانی نزیك توركیا دەیكەنە سەر ناوچەی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق، كە لەوێدا ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام هەیە.
ئاژانسە کوردیەکان ڕایانگەیاندووە کە سەیارەكانی پەیەدە خەڵكی مەدەنی بۆ ناوچەكانی پێكدادان و شەڕ دەگوازنەوە.
چالاکانی مەدەنی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەڵێن، داواكردنی پەیەدە لە خەڵكی مەدەنی بۆ خۆپیشاندان لە نزیك بەندوای تشرین، مەترسیی زۆری هەیە و سەركێشییە بە گیانی خەڵكەكە. دەشڵێن، ناوچەكە پێكدادانی چەكداریی توند و بۆردوومانی ئاسمانیی بەردەوامیی لە نێوان گرووپە چەكدارەكانی نزیك توركیا و هەسەدە تێدایە، ئەوەش دەبێتە كارەساتێكی مرۆیی بەرانبەر بەو خەڵكە مەدەنییەی براون، ئەوەش دژی مافی مرۆڤە.