ڕۆژنامەیەکی تورکیا: هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر پەکەکە لە سوریا نزیک بۆتەوە

ڕۆژنامەیەکی تورکیا: هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر پەکەکە لە سوریا نزیک بۆتەوە

حوڕییەت: “پەکەکە و یەپەگە داوای دیالۆگیان کردووە، بەڵام تورکیا ئامادە نیە گفتوگۆ لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لە سوریا بکا”.

ڕۆژنامەیەکی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، هێرشی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە سووریا نزیک بۆتەوە و ڕەتیدەکاتەوە کە دانوستان لەگەڵ پەکەکەدا بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/1/2025، ڕۆژنامەی “حوڕییەت”ی تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی دژی گەریلاکانی پەکەکە لە سوریا نزیکبوونەتەوە.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: “هێزەکانی سوپای تورکیا کەوتوونەتە حالەتی ئامادەباشییەوە و ئەو ئامادەباشیە بەشێکە لە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر گەریلاکانی پەکەکە”.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە؛ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی شەممە هۆشداریی بە گەریلاکانی پەکەکە لە سووریا داوە کە ئەگەر گوێ بە هۆشدارییەکە نەدەن، هێرشی سەربازی ئەنجام دەدەن.

فیدان وتوویەتی: “تا ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکان سەرکەوتوو بوون تا لە بەرژەوەندی تورکیا کات بەدەست بهێنن، بەڵام پێدەچێت ئەو کاتەی کە دیاریکراوە، کۆتایی پێدێت و لە ئێستادا کاتی هێرشی سەربازی نزیک بۆتەوە”.

ڕۆژنامەکەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە: “لەگەڵ ئەوەی کە بەڕێوەبەریی پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) داوای دانوستاندیان کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەتیانکردووەتەوە دانوستان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لە سوریا بکەن. هەم تورکیا و هەم ئیدارەی نوێی سوریاش ڕەتیانکردووەتەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان بکەن”.

پوستێن ھەمان بەش