داوود ئۆغڵو: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا لە کاتێکی گونجاودا بوو

داوود ئۆغڵو: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا لە کاتێکی گونجاودا بوو

ئەحمەد داوود ئۆغڵو: “دەبێت دیالۆگمان لەگەڵ برا کوردەکان لە عێراق و سووریا بەردەوام بێت”.

سەرۆکی پارتی ئایندە ڕایگەیاند، سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا لە کاتێکی گونجاودا بوو، گوتیشی، دەبێت دیالۆگمان لەگەڵ برا کوردەکان لە عێراق و سووریا بەردەوام بێت.

ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە پلاتفۆرمی ‘ئێکس’ ڕایگەیاند “سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو.”

ئاماژەی بەوەش داوە “لە بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکان کە دەیانەوێت ناوچەکە بخەنە ناو کێشە و ئاژاوە، دەبێت دیالۆگمان لەگەڵ برا کوردەکان لە عێراق و سووریا بەردەوام بێت.”

ئەحمەد داوود ئۆغڵو، گوتیشی: “نابێت  گەلانی دۆست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی جیهان، هەروەها دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە پاڵپشتی و هەماهەنگیی لەگەڵ یەکتردا دەبێت”.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 7/1/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەردانی ئەنقەرەی کرد.

لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کرا.

هەروەها مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، له‌ پلاتفۆرمی (ئێكس) ڕایگەیاند “لەگەڵ به‌ڕێز، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سووریامان تاوتوێ کرد.”

سه‌رۆك وەزیران ده‌شڵێت: “جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.”

پوستێن ھەمان بەش