خەڵکێکی زۆر لە ڕێوڕەسمی بەخاک ئەسپاردنی عەبدولحەمید ڕەشید بەشداربوون و میلیشیا داگیرکەرەکانی باکرێگیراوی تورکیایان شەرمەزار کرد.
لە هەرێمی عەفرینی داگیرکراوی ڕۆژئاوای کوردستاندا، هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە کوژرا.
لە گوندی “قورەنێ”ی سەر بە هەرێمی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاووڵتییەکی کورد بەناوی “عەبدولحەمید ڕەشید مستەفا” لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە کوژرا.
ئەمڕۆ عەبدولحەمید ڕەشید مستەفا لە گوندەکەی خۆی بە ئاڵای کوردستانەوە بە بەخاک سپێردرا.
خەڵکێکی زۆر بەشداری ڕێوڕەسمی بەخاک ئەسپاردنی عەبدولحەمید ڕەشید مستەفا بوون و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە میلیشیا داگیرکەرەکانی باکرێگیراوی تورکیا دەربڕی.
عەبدولحەمید ڕەشید مستەفا، تەمەن 58 ساڵ، دوێنێ لە گوندی “قورەنێ”ی سەر بە ناوچەی بولبول لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوژرا.
داگیرکردنی عەفرین
لە ڕێکەوتی 20ی کانونی 2018دا سوپای تورکیا و میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگرتەی دەولەتی تورک، هێرشی بەرفراوانی ئاسمانی و وشکانییان کردە سەر هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەوکاتەدا لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردیەکاندا بوو.
دوای هێرشێکی بەرفراوان بە چەکی قورس، شاری عەفرین لە 18ی ئاداردا کەوتە ژێردەستی سوپای تورکیا و میلیشیاداگیرکەرانەوە و داگیر کرا.
لە ئەنجامی ئەو هێرشە قورس و داگیرکەرانەیەدا بە سەدان هەزار کورد بەناچار موڵک و ماڵ و زێدی خۆیان بەجێهێشت و دەربەدەر بوون.
لەو ڕۆژەوە کە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، پێشێلکارییەکانی وەک دزی، تاڵان، دەستدرێژی، بریندارکردن، کوشتن، ڕفاندن و ئەشکەنجەدان لە دژی کورد بەردەوامە.
سەرچاوە: ڕووداو