“برایەتی ئوممەت”ی کورد لە چاناکاڵە و “کۆماری دیموکراتیکی” پەکەکە یەک ئامانجیان هەیە کە ئەویش تورکبوونە.
ئایەتوڵڵا ئاشیتی سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەزگای ANFی پەکەکە، هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی ڕۆژئاڤا کرد و گوتی: “ئەو لایەنانەی باس لە برایەتی گەلان دەکەن زۆر لە هەڵەدان، لە ڕابردوودا کورد بە برایەتی گەلان فریو دران و لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێبەش کران، ئەمڕۆکەش بە دەستەواژەهایەکی وەکوو برایەتی گەلان فریو دەدرێن”.
سەرۆکی پارتی ئازادی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ “ANF” بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە پەکەکە گرت و وتی:
“ئەو لایەنانەی باسی برایەتی گەلان دەکەن، زۆر لرە هەڵەدان، نابێت هەروەک چۆن کورد لە ڕابردوودا بە برایەتی ئۆممەت فریو درا و لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێبەش کرا، ئەمڕۆکەس بە دەستەواژەی وەک برایەتی گەلان فریو بدرێن. کاتێک لە دونیادا هەندێک نەتەوە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان هەبێت و هەندێکیش مەحرووم بن و مرۆڤ بڵێت برایەتی گەلان و برایەتی ئینسانی، ئەمە هەڵەیە، شتێکی غەڵەتە، دەبێ لە پێشدا مرۆڤەکان یەکسان ببن، ئەوکات ئیدی مرۆڤ ئەو برایەتییە دادەمەرزینێت”.
سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادی دەشڵێت: “لە سوریا سودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی سەدەی بەردەممان کوردستانێکی سەربەخۆیە، ئەگەر کورد بزانێت چۆن سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت کە لە ڕۆژئاڤا هاتۆتە بەردەممان، ئەوا دەتوانێ لەم سەدەیەدا کوردستانێکی سەربەخۆ بنیات بنێت”.
هەروەها گوتیشی: “ستراتیژێکی کاریگەر بریتییە لە بنیاتنانی فرەچەشنی و یەکڕیزی، ئەگەر ستراتیژێکی هاوبەش دابڕێژرێت، گەلەکەمان لە سووریا دەتوانێت بە هەموو ڕەگەز و بیروباوەڕ و ئەتنیکێکەوە کۆببێتەوە و کاریگەریی لەسەر دۆخی سوریا هەبێت و لە نێو ئەو دەوڵەتە نەتەوەیانەدا جێگە بگرێت و بایەخ و ئەرزشی خۆیان هەبێت. پۆزیسیۆنی تەندروست ئەوەیە کە بە یەکڕیزی پاڵپشتی لە هێزە سەربازییەکان بکرێت. لەئێستادا کورد لە سووریا خاوەن هێزێکی سەربازییە، ئەگەر کورد لە سوریا پاڵپشتی ئەم هێزە سەربازییە بکات، مانای وایە هەڵوێستێکی تەندروستیان دەبێت و بەو پێیەش دیسان قەدر و بەها و جێگە و پێگەی خۆیان لە خاکی سوریادا دەدەبێت”.
وانە وەرگرتن لە مێژوو
ئایەتوڵڵا ئاشیتی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە لە مێژووەوە وانە وەربگرێت. پێویستە گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکانی مێژووی بکات و هەڵەکان دووبارە نەکاتەوە. بۆ نمونە لە سەدەی ڕابردوودا کورد پەیڕەوی لە هەستی برایەتی ئایینی کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەموو دەرفەتەکانی بوون بە دەوڵەت لەدەست بدا. ئەم بوارە شرۆڤەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بەکورتی دەتوانم ئەمە بڵێم: “برایەتی ئایینی پێش دەوڵەتداریی نەتەوەیی کورد کەوت، تەنانەت ئەمڕۆکەش هەندێ کەس باس برایەتی ئینسانی دەکەن، باس لە یەکسانی گەلان و هتد… دەکەن بەڵام نابێ ئەم هەڵەیە ئەمڕۆ دووبارە بکرێتەوە، واتە یەکسانی.. با دەوڵەتی کوردی دروست ببێت، ئیدی لە ناو دەوڵەتانی دونیادا چی بۆ ئەوان هەیە و لە چ ئاستێکدان، کورد لەو ئاستەدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. واتە کاتێک لە دونیادا هەندێک نەتەوە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان هەبێت و هەندێکیش مەحرووم بن و مرۆڤ بڵێت برایەتی گەلان و برایەتی ئینسانی، ئەمە هەڵەیە، شتێکی غەڵەتە، دەبێ لە پێشدا مرۆڤەکان یەکسان ببن، ئەوکات ئیدی مرۆڤ ئەو برایەتییە دادەمەرزینێت”.
پەرەپێدانی ڕوانگە و دیپلۆماسیی هاوبەش لە ڕێگەی چالاکیی هاوبەش و شەفافەوە مومکینە
سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە گەلی کورد لە سوریا هەموو پلان و ستراتیژەکان پێکەوە بە شێوەیەکی شەفاف و ئاشکرا بۆ هەموو کەس، نەک بە نهێنی یان لە پشت پەردەوە، دابڕێژن. بەشیوەیەکی شەفاف و ڕوون و ئاشکرا بۆ هەموو کەس، چوونکە بە بڕوای من یەکێک لە هۆکارەکانی خیانەت لە ناو کورداندا ئەوەیە کە شەفافییەت بوونی نیە. کاتێک کە شەفافییەت هەبێت، وەسوەسە ناکەوێتە ناو دڵی مرۆڤەکان و خیانەت و بەبێ بەختیش ڕوونادات، خودا میللەتی کوردیش وەکوو هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهان سەرفیراز دەکات.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی پارتی ئازادی لە کاتێکدایە کە پەکەکە بە هەموو لق و پۆپەکانیەوە داوای برایەتی گەلان دەکەن و بە هیچ شیوەیەک باس لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد ناکەن و هەروەها هەموو ئەو کەس و لایەنانەش کە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دەکەن، وەکوو سیخوڕ و خیانەتکار بە گەل دەناسێنن.
لە ڕاستیدا عوسمانیەکان چۆن خاڵی لاوازی کوردیان بە دەستەواژەی فریودەرانەی “برایەتی ئوممەت” لە چاناکاڵە ئیستیسمار کرد، مستەفا کەمالیش هەمان فێڵی بەکارهێنا و لە نێوان ساڵانی 1919-1923دا بە دەستەواژەی “دەوڵەتی هاوبەشی کورد ـ تورک”، دەولەتێکی نەتەوەیی تورکی یەکگرتووی بە هاوکاری کوردەکان دامەزراند. ئەمجارەشیان تورکەکان بە هاوکاری پەکەکە، لەژێر پەردەی فریودەرانەی “ئەنتەرناسیۆناڵیزم، کۆماری دیموکراتیک” هەمان یاری بەرامبەر کورد دەکەن. لە بنەڕەتدا ئامانجی “برایەتی ئوممەت”ی کورد لە چاناکاڵە و ساکاریا و ئامانجی “کۆماری دیموکراتیکی” پەکەکە خزمەت بە هەمان شت دەکات، واتە ئامانجی تورکبوون. کاتێک سەیری ئامانج و ئامرازە سیاسییەکانی پەکەکە دەکەین، مرۆڤ دەتوانێ زۆر بە ڕوونی ئەم ڕاستییە ببینێت.