لەساڵی 2025دا تورکیا دەیان بۆمبی بە سەر 12 گوند و ناوچە ی دیاری دهۆکدا بەرداوەتەوە

لەساڵی 2025دا تورکیا دەیان بۆمبی بە سەر 12 گوند و ناوچە ی دیاری دهۆکدا بەرداوەتەوە

لەگەڵ دەسپێکی ساڵی 2025دا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بە بیانووی پەکەکەوە چڕتر بوونەتەوە

لە 1ی ژانیڤەریەوە، ئەرتەشی تورک بە بیانووی حزووری پەکەکەوە دەیان بۆمب و مووشەکی بەسەر 12 گوندی پارێزگای “دھۆک”ی باشووری کوردستاندا بەرداوەتەوە و زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە. دانیشتوانی ئەو گوندانە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕۆژانە لە نیگەرانی و دڵەراوکێیەکی بەردەوامدا دەژین.

بەپێی بیلانچۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، لە ڕیکەوتی 1/1/2025ـەوە لانیکەم 12 گوند و ناوچەی دیاری پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان، لەلایەن تورکیاوە بە بیانووی حزووری پەکەکەوە لەلایەن دەولەتی تورکەوە بوردومان کراون. دەوڵەتی تورک هێرشەکانی چڕ کردوونەتەوە و هاوکات پەکەکەش جموجووڵی گەریلاکانی زیاتر لە گوندەکان نزیک دەکاتەوە.

ئەو گوند و ناوچانەی دهۆک کە لە 1ی ژانیڤەریەوە کەوتوونەتە بەر هێرشی تورکیا

1ـ گوندی مژێ و کۆنە مژێ

2ـ گوندی شێلازا، لە ناحیەی کانی ماسی

3ـ گوندی دەرگەلا مووسا بەگ

4ـ شاخەکانی دەوروبەری گوندی ئێکمالە

5ـ سۆرا سگێر و کۆنە سگێر

6ـ دەوروبەری گوندی بابیرێ

7ـ پشت گوندی گۆهەرز

8ـ گەلیی دێرا سەر بە ناحیەی کانی ماسی

9ـ ئاقاری گوندی بلاڤا کەڤن

10 ـ گەلیی سێڤێ

هێرشەکان بەمشێوەیە بوون:

ڕێکەوتی 2/1/2025:

ـ کاتژمێر 4:04 خولەکی بەرەبەیان، ئەرتەشی تورکیا گوندەکانی “مژێ و کۆنە مژێ”ی سەر بە دەڤەری “بەری گارە”ی تۆپباران کرد و نزیکەی 20 گوللـەتۆپی پێوەناون.

ڕێکەوتی 3/1/2025:

ـ کاتژمێر 11:48 خولەکی شەو، سوپای دەوڵەتی تورک، ئاقاری گوندی “مژێ”ی تۆپباران کرد.

ـ کاتژمێر 12:25 تا 12:45 خولەکی نیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئاقاری گوندی “شێلازا”یان لە ناحیەی کانی ماسی لە دەڤەری بەرواری باڵا، بوردومان کرد و سێ مووشەکیان پێوە ناوە.

ڕێکەوتی 4/1/2025:

ـ کاتژمێر 11:45 خولەکی سەرلەبەیانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گوندی دەرگەلا مووسا بەگیان لە ناحیەی کانی ماسی سەر بە دەڤەری بەرواری باڵا بۆردومان کرد.

ـ کاتژمێر ١٤:٠٨2:08 خولەکی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیاکانی دەوروبەری گوندی ئێکمالایان بۆردومان کرد.

ـ کاتژمێر 2:17 خولەکی دوانیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا پشتی سۆرا سگێریان لە دەڤەری بەری گارە بوردومان کرد و هاوکات کۆنە سگێرێ لە ناحیەی دێرەلۆک لە دەڤەری نهێلیان لەلایەن تورکیاوە بوردومان کراوە.

ـ کاتژمێر 5:25 خولەکی پاشنیوەڕۆ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا گوندی “مژێ”یان لە دەڤەری بەری گارە تۆپباران کرد.

ـ کاتژمێر 4:00 تا 4:20 خولەکی دوانیوەڕۆ، ئەرتەشی تورکیا  دەوروبەری گوندی “بابیرێ”ی سەر بە ناحیەی “بامەڕنێ”ی تۆپباران کرد.

ـ کاتژمێر 9:50 خولەکی شەو، هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا پشتی گوندی گوهەرزیان سەر بە ناحیەی دێرەلۆک لە دەڤەری نهێلی بۆردومان کرد.

ڕێکەوتی 5/1/2025:

ـ کاتژمێر 4:50 خولەکی پاشنیوەڕۆ، سوپای تورکیا گەلیی دێرای لە ناحیەی کانی ماسی سەر بە دەڤەری بەرواری باڵا تۆپباران کرد و 4 گوللـە تۆپی پێوە ناوە.

ـ کاتژمێر 9:39 خولەکی شەو، سوپای تورکیا ئاقاری گوندی کۆنە بلاڤای لە ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە دەڤەری نهێلی تۆپباران کرد.

ـ کاتژمێر 12:20 خولەکی نیوەشەو هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی گەلیی سێڤێ و پشتی گوندی گوهەرزێیان لە ناحیەی دێرەلۆک لە دەڤەری نهێلی بۆردومان کرد.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024ـەوە سوپای تورکیا قۆناغی نوێی ئەو هێرشانەی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکردووە کە بە بیانووی حزووری پەکەکە و لەژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنی پەنجە ـ کلیل”دا بەڕێوەی دەبات و ڕۆژانە گوندەکانی پارێزگای دهۆک بۆردومان دەکات.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە ساڵی نوێدا هێرشەکانمان دژ بە پەکەکە لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبن. هەر بۆیە لەگەڵ دەسپێکی ساڵی 2025دا هێرشەکانی دەولەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بە بیانووی پەکەکەوە چڕتر بوونەتەوە و لە ماوەی 6 ڕۆژی ڕابردوودا دەیان جار پەلاماری گوندەکانی دهۆکی داوە.

پوستێن ھەمان بەش