“نزیکەی 341 منداڵ لە کەمپەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا سەربازیی زۆرەملێیان پێدەکرێت”.
ئەندامانی تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە کەوا ڕاستەوخۆ لە ڕێبەرایتی پەکەکە لە قەندیلەوە فەرمان وەردەگرن، کیژۆڵەیەکی دیکەی منداڵیان لە دێرزوور ڕفاند و بردیان بۆ شاری شەدادیەی باشووری حەسەکە.
تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ڕێکەوتی 15/5/2024دا، کچێکی تەمەن 14 ساڵ بەناوی “نوور مازن ئەلعەلووش” کە خەڵکی گوندی “معیزیل”ی باکوری پارێزگای دێرەزوورە، لەلایەن گەریلاکانی تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر’ی پەکەکەوە ڕفێندراوە و دواتر گواستراوەتە بۆ کەمپێکی چەکدار کردنی منداڵان لە شاری شەدادیەی سەر بە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان.
لە ڕاگەیاندراوەکەی تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، هیچ کەسێک لە بنەماڵەی کچەکە لەو بارەیەوە ئاگادار نەکراوەتەوە و ڕێگریی لێکراوە کە پەیوەندی بە بنەمالەکەیەوە بکات یان بنەماڵەکەی سەردانی بکەن.
تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەشڵێت، ترسمان لەوە هەیە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە چالاکییە سەربازییەکاندا بەشدار بکرێت.
هەروەها جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە نزیکەی 341 منداڵ لە کەمپەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا سەربازیی زۆرەملێیان پێدەکرێت.
لەکاتێکدا کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.