“غەزال بەکر نیهاد” خەڵکی گوندی “نوورعەلی” سەر بە شاری کۆبانێ ڕۆژئاڤای کوردستانە و تەمەنی 14 ساڵە.
ڕفاندنی منداڵان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەسەدە بەردەوامن و لەم دواییانەدا چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”، کە ڕاستەوخۆ لە پەکەکە فەرمان وەردەگرن، کچێکی مێرمنداڵیان لە کۆبانێ ڕفاندووە و هەتا ئێستا چارەنووسی نازانرێت.
سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە کە تاقمی چەتەئاسای “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، لە شەوی 16 لەسەر 17ی تەباخی 2025دا کیژۆڵەیەکی مێرمنداڵیان بەناوی “غەزال بەکر نیهاد” لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاڤا ڕفاندووە کە لە ساڵی 2011دا لەدایک بووە و تەمەنی تەنها 14 ساڵە.
سەرچاوەکانی “دارکا مازی” ئاماژەیان بەوە کردووە کە “غەزال” خەڵکی گوندی “نوورعەلی” سەر بە شاری کۆبانێ رۆژئاڤای کوردستانە و سەر بە هۆزی کیتکانە و بابی غەزال بۆخۆی پێشتر ئەندامی ئاسایشی پەیەدە بووە و لە ساڵی 2014دا و لەکاتی پەلاماردانی کۆبانێ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە گیانی لەدەستداوە.
سەرەڕای ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.
بەبڕوای چاودێران ئامانجی چەتەکانی تاقمی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕفاندنی منداڵی بچووک، شۆردنەوەی مێشکیان بەگوێرەی ئایدۆلۆژیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەکدارکردن و تێکەڵکردنیانە بە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە.