وەزارەتی دادی دەوڵەتی سووریا، دادوەر و کارمەندانی کورد لە دادگاکانی عەفرین دەردەکات

وەزارەتی دادی دەوڵەتی سووریا، دادوەر و کارمەندانی کورد لە دادگاکانی عەفرین دەردەکات

“دیمەشق دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان بەکاردەهێنێت”.

وەزارەتی دادی سوریا دادوەر و کارمەندانی کورد لە دادگاکانی عەفرین دەردەکات و دادوەر و فەرمانبەری عەرەب لە شوێنی ئەوان دادەنێت؛ چاودێران پێیان وایە ئەوەی دیمەشق دەیکات پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی بەعەرەبکردنە.

لە پێشهاتێکی نوێدا، وەزارەتی دادی سووریا، بە بڕیاری ژمارە 1479، کە لە 26ی ئابی ئەمساڵدا دەرچووە، فەرمانی بە دەرکردنی دادوەر و کارمەندانی کورد لە دادگاکانی عەفرین، بەتایبەتی لە جندیرێس، موباتەلی، شەران و ڕاجۆ کردووە.

وەزارەتی دادی سووریا لە فەرمانەکەیدا، بڕیاری داوە کە دادوەر و کارمەندانی کورد لە دادگاکانی عەفرینەوە بۆ حەلەب بگوازێتەوە. هەر بەپێی ئەو فەرمانە، وەزارەتی دادی سووریا ژمارەیەکی دیاریکراو لە کارمەندانی کوردی بۆ کارە لاوەکییەکان هێشتۆتەوە.

چاودێرانی ناوخۆ پێیان وایە ئەم فەرمانە سیاسەتی بەعەرەبکردنی ئیدارەی ئەو ناوچەیە و لاوازکردن و بێ بەهاکردنی توانا خۆجێیەکانە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆرینەی کوردانی ئەو دەڤەرە بۆ وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانیان، پشت بە توانا خۆجێیەکانی دادگاکانی ناوچەکانیان دەبەستن. ئەم هەنگاوە نیگەرانی جیددیی دروست کردووە کە بەشێوەی پلانمەند هەوڵ دەدرێت تا خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بۆ هەمیشە مافەکانیان لەدەست بدەن.

ئەم ڕێوشوێنە دادوەرییانە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێی سووریا لە سەردانەکەی ئەم دواییانەیدا بۆ عەفرین بە خەڵکی ناوچەکەی دابوون. شەرع بەتایبەتی بەڵێنی بە خەڵکی ئەو ناوچەیە دابوو کە بەخێرایی موڵک و ماڵە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنە کوردەکانی بگەڕێنێتەوە.

لە میانەی سەردانەکەیدا ئەحمەد شەرع لەگەڵ ئەحمەد حەسەن بەرپرسی لقی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، کۆبووەوە و باسیان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و گرتنی هەڕەمەکی هاووڵاتییان کردبوو. دواتر ئەحمەد شەرع جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیاکان و گەڕاندنەوەی مافەکان بۆ خاوەنەکانیان کردبۆوە.

شارەزایانی یاسایی جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەسەڵاتی دادوەری ئێستا وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان بەکاردەهێنرێت و هەروەها سەرەڕای فەرمانە ئیدارییەکان، سیاسەتی دیفاکتۆ دەسەپێندرێت کە لەو ناوچانەی کێشەدارەکاندا، خزمەت بە ئامانجەکانی حکومەتی ناوەندی دیمەشق دەکات.

پوستێن ھەمان بەش