“بە سیاسەتی گوشار و تۆقاندن ناتوانن ڕێگری لە هەبوونی هەقێقەتی کوردستان بکەن”.
لە ناحیەی دێرگولی شێرناخ، گەنجێک بە هۆی لەبەرکردنی درێسێک کە وشەی “کوردستان”ی لەسەر نووسرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستبەسەرکرا.
مەهمەت زەکی ئیرمەز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە شێرناخ، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی خۆی لە دەستبەسەرکردنی ئەو گەنجە کوردە، داوای کردووە کە دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە دوێنێ ڕوویداوە.
گەنجێکی کورد بە ناوی شاهین گولەر، لەکاتێکدا کە لە یاریگای فووتباڵدا بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەرکراوە و بۆ بنکەیەکی جەندرمە گواستراوەتەوە.
مەهمەت زەکی ئیرمەز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە شێرناخ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا ناڕەزایی خۆی لە دەستگیرکردنەکە دەربڕیوە و نوسیویەتی:
“ئەمڕۆ لە شێرناخ گەنجێک بە تاوانی پۆشینی درێسێکی کە ‘کوردستان’ی لەسەر نووسرابوو، دەستبەسەر کراوە.
ئێوە بە سیاسەتی گوشار و تۆقاندن نە دەتوانن ڕێگری لە پۆشینی درێس و جلوبەرگ بە ڕەنگەکانی سەوز و سوور بکەن و نە دەشتوانن ڕێگری لە هەبوونی هەقێقی کوردستان بکەن.
ئەو گەنجەی دەستبەسەر کراوە دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت”.