هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
ناسنامەی 5 لاوی دیکەی کورد ئاشکرا بوو کە لە ساڵی 2020دا لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی سێشەممە 2/9/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کرد کە لە مانگەکانی ئادار و نیسان و تەباخی ساڵی 2020دا، لە ناوچەکانی “خواکورک” و “ئاڤاشین”ی سەر بە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستدابوو.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 5 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ ئازاد فارووق، خەڵکی پارێزگای گەڤەر لە باکووری کوردستان.
2ـ ئەمینە عەبدولقادر، خەڵکی پارێزگای ڕەققا.
3ـ سوهەیل فەرهەنگ، خەڵکی تاران.
4ـ محەممەد فەرحان، خەڵکی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان.
5ـ ئۆندەر محەممەد، خەڵکی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان.
پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 5 گەریلایەشی بۆ ماوەی 5 ساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئێمە هاڤاڵانی ئاپۆیی خۆمانمان لەدەستداوە و بە ڕێزەوە یادیان دکەینەوە!.
پەکەکە ڕۆژانە وێنەی پۆلێک لە کچ و کوڕانی لاوی کورد بڵاودەکاتەوە کە لە ساڵ و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.