دەیان چەکداری دەمامکدار، بەناوی هێزە ئەمنییەکانی دیمەشقەوە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی گوندنشینەکان.
کۆمەڵێک چەکدار و عەرەبی هاوردە لە گوندێکی ناحیەی جندرێسی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، ماڵ و موڵکی خەڵکیان تاڵان کردووە، هاوکات هێزەکانی ئاسایشی گشتی حکومەتی دیمەشق دەڵێن ئەو چەکدارانە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ نین.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە گوندی “بۆزیکێ”ی سەر بە جندرێس، کۆمەڵێک دەمامکدار لە عەرەبی هاوردە، بە ناوی هێزەکانی ئەمنییەی گشتییەوە و بە بیانووی گەڕان بەدوای داواکراوان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی گوندنشینەکان و تاڵانیان کردوون.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دەیان چەکداری دەمامکدار، گوندنشینەکانیان ناچارکردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
دوای ئەوەی چەکدارەکان گوندەکەیان بەجێهێشتووە و خەڵکی گوندەکە گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵەکانیان، بۆیان دەرکەوتووە کە ماڵەکانیان تاڵان کراوە.
گوندنشینەکان ئاڵتون و پارە و کەلوپەلێکی زۆریان دزراوە.