شۆڕشگێڕبوون بە کراسی کۆنەوە ناکرێ

جیهان لە گۆڕاندایە و دەبێ بە ڕێگا و دەرفەتی نوێ، بە هۆشمەندییەکی نوێ و بە کراسێکی نوێیەوە بێینە مەیدان.

جیهان لە گۆڕاندایە و دەبێ بە ڕێگا و دەرفەتی نوێ، بە هۆشمەندییەکی نوێ و بە کراسێکی نوێیەوە بێینە مەیدان.

نووری چەلیک

زۆرجار مرۆڤ ئەم پرسیارانە لە خۆی دەکات، ئەرێ بەڕاستی شۆڕشگێڕی چییە، کێ شۆڕشگێڕە، شۆڕشگێڕان چییان دەوێت و لەم سەردەمەدا شۆڕشگێڕان دەبێ چۆن بن؟

کاتێک مرۆڤ شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمە و شۆڕشگێڕانی ئەم سەردەمە بەراورد دەکات، دەبینێت هەمان شۆڕشگێڕانی کوردی 40-50 ساڵ لەمەوبەر، ئەمڕۆ لە دۆخێکی جیاوازدان و ناتوانن یان نایانەوێت ئەو قوربانی و تێچووانەی ئەوکات بدەن . ئەو شۆڕشگێڕانەی هەوڵیان دەدا گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا دروست بکەن و لەپێناو ئەو گؤڕانکاریەشدا تێچووی قورس گرانیان پێشکەش کرد، ئەمڕۆکە ناتوانن هەمان هەڵوێستیان هەبێت.

شۆڕشگێڕبوون تەنیا ویست و داخوازی بۆ شۆڕش نییە، بەڵکوو شۆڕشگێڕبوون بریتییە لە خۆگۆڕین، خۆ نوێکردنەوە، ڕەخنە و خۆڕەخنەکردن، حەز کردن و خۆشەویستی و ڕێز و ڕێزگرتن. خۆگۆڕینییە هەم لە ڕووی هۆشمەندیەوە و هەم لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە، هەم لە ڕووی هەست و هەڵوێستەوە. بەکورتی شۆڕشگێڕبوون بە واتای گۆڕین و نوێکردنەوەی هەموو شتێک دێت. مرۆڤی شۆڕشگێڕ پێش هەموو شتێک دەبێت خۆی بگۆڕێت، پێش ئەوەی کۆمەڵگە بگۆڕێت دەبێت گۆڕانکاری لە مێشک و جەستەی خۆیدا بکات. دەنا بە مێشک و ئایدۆلۆژیای 40 ـ 50 ساڵ لەمەوبەر، نە شۆڕشگێڕی دەبێت و نە هیچ شۆڕشێکیش ڕوودەدات. کۆمەڵگای کورد بە جل و بەرگی 50 ساڵ لەمەوبەرەوە نە خزمەتی کۆمەلگەی کوردی دەکرێت و نە کوردستانیش ڕزگاری دەبێت. ئەو شۆڕشگێڕانەی کە بە پێی هەلومەرج خۆیان ناگونجێنن و بە پێی قۆناخ و بە پێی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگەکەیان خۆیان نوێ ناکەنەوە، چ وەک تاک و چ وەک ڕێکخراو یان حزب، تەنها بە دەوری خۆیاندا دەخولێنەوە و دەتەقێنەوە.

ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان نزیکەی هەموو کادر و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوە و حزبە کوردستانیەکان شۆڕشگێڕانی 40 ـ 50 ساڵ لەمەوبەرن. بە مێشکی خۆیان، بە بۆچوون و ئایدۆلۆژیایان، بە هەست و هەڵوێستەکانیان، خۆیان لە هەلومەرجی 50 ساڵ لەمەوبەردا دەبینن، بە مێشکی 50 ساڵ لەوەپێش خەبات دەکەن و هەر بە مێشکی 50 ساڵ لەمەوبەرەوە لە دۆزی ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەی کورد نزیک دەبنەوە. بە پێی مێشکی 50 ساڵ لەمەوبەر سیاسەتی ئەمڕۆ بەڕێوە دەبەن. بە واتایەکی دیکە بە کراسە کۆنەکەوە سیاسەت دەکەن و دەیانەوێت ئەو کراسە کۆنە لەبەر کۆمەڵگەی کوردی بکەن. لەبەر ئەوەی کە مێشکەکە مێشکی 40 ـ 50 ساڵ لەوەپێشەو کراسەکە کۆن بووە و دڕاوە، ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە و لە کار و خەباتی خۆیاندا دەچەقن، بەرە بەرە کەم دەبنەوە و قەد زیاد ناکەن.

ماوەی 40 ـ 50 ساڵ بەسەر شۆڕشی کۆندا تێدەپەڕێت و جیهان گۆڕاوە، جلوبەرگ و مێشکی کۆمەڵگەی کوردی گۆڕاوە، هەلومەرج و بارودۆخی کار و خەبات گۆڕاوە و لە هەمووی گرنگتر هەست و هەڵوێست و کولتوور و زمان هەموو گۆڕاون. بۆئەوەی بتوانین کارێک بکەین کە کۆمەڵگەکەمان دووبارە قبوڵمان بکات و پشتمان بگرێت، پێویستە بە حەوت قاڵب سابوون خۆمان بشۆین، خۆمان لە گوناح و کەموکوڕییەکانمان پاک بکەینەوە، کراسە کۆنەکە داکەنین و کراسێکی نوێ لەبەر بکەین. پێویستە ئاوڕیک لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە، کەموکوڕی و هەڵەکانی خۆمان ببینین، ڕەخنە لە خۆمان بگرین کە کۆمەڵگاکەمان ئازار داوە، داوای لێبوردن بکەین و بە مێشکێکی نوێ، بە کادرێکی نوێ و نەوەیەکی نوێ، بە ڕێ و ڕێبازێکی نوێ ڕوو لە کۆمەڵگەکەی خۆمان بکەین.

نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە یەکەم ئەرکی شۆڕشگێڕان قەناعەت پێکردن و سوودمەندکردنی مرۆڤەکانە. پێویستە بە ژیانی خۆی، بە بیر و هزری خۆی، بە پلان و پڕۆژەکانی خۆی، بە هەست و هەڵوێستەکانی خۆی، بە ئەخلاق و دڵسۆزی خۆی وابکات کە لەلایەن کۆمەڵگەکەیانەوە قبوڵ بکرێن. ئەمەش بە مێشک و کراسێکی نوێ و بە سیاسەت و ستراتیژییەکی نوێ و بە ڕۆحێکی گەش و کوردایەتی ڕوودەدات.

بە کورتی و کورمانجی؛ جیهان لە گۆڕاندایە، بارودۆخی ژیان لە گۆڕاندایە، بارودۆخی کار و خەبات لە گۆڕاندایە و گرێدراو بەوانیشەوە، کۆمەڵگەی ئێمەش لە ژێر کاریگەری ئەو گۆڕانکاریانەدا دەگۆڕێت. نابێت بە شێواز و میتۆدی کۆن بچینە مەیدانی خەبات، بەڵکو دەبێ بە ڕێگا و دەرفەتی نوێ، بە هۆشمەندییەکی نوێ و بە کراسێکی نوێیەوە بێینە مەیدان.

پوستێن ھەمان بەش