پارادۆکسی “نەتەوەی دیموکراتیک”: گونجاندنی تورکیایەتی لە سەدەی 21دا، پڕۆژەی نەتەوەیەکی بێ کورد؟

پارادۆکسی"نەتەوەی دیموکراتیک": گونجاندنی تورکیایەتی لە سەدەی 21دا، پڕۆژەی نەتەوەیەکی بێ کورد؟

ئەم مۆدێلە کە لەژێر ناوی “نەتەوەی دیموکراتیک”دا پێشنیار کراوە، وەک نموونەیەکی پۆستمۆدێرن لە ڕێفلێکسە کلاسیکییەکانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانە کار دەکات کە داخوازییەکانی گەلی کورد سەرکوت دەکەن.

یەکێک لە وەڵامەکانی قەیرانی دەوڵەتی نەتەوەیی لە سەدەی 21دا سەرهەڵدانی ئەو گوتارانەیە کە سنوورە نەتەوەییەکان تێدەپەڕێنن و ئامانجیان دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناسەکانە لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکی فراوان و یەکسانەوە. چەمکی “نەتەوەی دیموکراتیک” یەکێکە لەو گوتارانە. هەرچەندە لە ڕووکەشدا ڕەنگە وەک فرەیی و یەکسانی و پێکەوەژیان دەرکەوێت، بەڵام ئەرکەکەی لە تورکیادا زۆر جیاوازە. لە تورکیادا نەتەوەی دیموکراتیک بۆ گونجاندنی بنەمای یەکسانی ناسنامەی تورک لە ڕێگەی سیاسەتەکانی هۆمۆژنی ئەتنیکییەوە بنیات نراوە. ئەم چەمکە لەبری ئەوەی کە دان بە خواستە مێژوویی و سیاسییەکانی کورددا بنێت، دەبێتە پەردەیەکی ئایدیۆلۆژی بۆ ئەوەی کە هەقێقەتی نەتەوەپەرستیی تورک نەبیندرێت.

کۆماری تورکیا هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە چەمکی “نەتەوە”ی بە تورکبوونەوە گرێ داوە و وەکوو یەک شت سەیری دەکات. لەم چوارچێوەیەدا ئەم چەمکە هەموو هاووڵاتیان بە تورک پێناسە دەکات. ئەم تێگەیشتنە ڕێگەی بۆ سیاسەتی نکۆڵیکردن لە هەبوونی کورد هەموار دەکات و پاشان ڕێگەی ئاسمیلەکردن و سەرکوتکردنی کوردانی کردۆتەوە. گەلی کورد کە لە سەدەی بیستەمدا بە دەیان سەرهەڵدان و قەدەغەکردن و دوورخرانەوە و دەربەدەری و کۆمەڵکوژی سەرکوت کرا، لە ساڵانی 1990 بەملاوە، هەم لە ئاستی ناوچەیی و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، سەرلەنوێ بە داخوازییەکانی مافی نەتەوەیی و قەوارەی سیاسییەوە هاتۆتەوە مەیدان. لە هەمبەر بەرزبوونەوەی ئەم شەپۆلە نەتەوەییەدا، بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال، ڕێبازی “نەتەوەی دیموکراتیک” بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ڕێبازی کوردایەتی پەرەی پێدرا.

هەرچەندە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک لە ڕووی تیۆریەوە یەکگرتوویییەک لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون پێشنیار دەکات، بەڵام لە پراکتیکدا تەنیا مافی “نەتەوەییبوون” بە نەتەوەی باڵادەست دەبەخشێت. بۆ نموونە، هەرچەندە ناسنامەی تورکی بەشێوەی دەستووری وەک هەبوونێکی کۆلەکتیڤی سیاسی دەسنیشان بکرێت و بە ڕەواش دابنرێت، ناسنامەی کوردی هێشتاش وەکوو پڕڕەنگییەکی کلتووری دەبیندرێت و وەکوو ناسنامەیەکی سیاسی ناناسرێت. ئەم نایەکسانییە کێشەیەکی بنەڕەتییە و چەمکی نەتەوەیەکی دیموکراتیک ئەم سیستەمە ناگۆڕێت، بەڵکوو تەنها بە زمانێکی فراوانتر دەیشارێتەوە.

لای کورد، پرسی بنەڕەتی ناساندنی شوناسی نەتەوەییە وەک مافێکی وجوودی. “ناسنامەی کورد” تەنیا تایبەتمەندییەکی فۆلکلۆری، کولتووری یان زمانەوانی نییە؛ واقیعی نەتەوەیەکە کە بە یادەوەری مێژوویی بەکۆمەڵی خۆی و جوگرافیا و زمان و ئەزموونی بەرخۆدان و ئیرادەی سیاسییەوە، نەتەوەیەکی جیاوازە. لەم چوارچێوەیەدا پرسی ناکۆکی “هاووڵاتی نەتەوەیەکی دیکە و لە هەمان کاتدا بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ هەژمار بکرێت” نەک هەر گەنگازییەکی تیۆریکە، بەڵکو هاوکات بێدەرفەتییەکی ئۆنتۆلۆژیش دەخوڵقێنێت. لە سروشتدا هیچ بوونەوەرێک ناتوانێت هەم خۆی بێت و هەم بەشێک بێت لە یەکێکی تر. ئەم ناکۆکییە بە پێناسەکردنی کورد نەک وەک “نەتەوە”، وەک “ناسنامە” دیتن، هێشتاش قووڵتر دەبێت.

یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکان لە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیکدا، مەیلی گشتاندن و شێواندن و دوورخستنەوەی داواکارییە سیاسییەکانە لە مەیدانی دەستووریدا. ئەم ڕێبازە تەنیا لە ڕووی تیۆریەوە بەرگری لە یەکسانی گەلان دەکات، بەڵام لە پراکتیکدا ئەو یەکسانییە ڕەتدەکاتەوە. بەڵام مافی چارەی خۆنووسین مافێکی گەردوونییە، وەک لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەستنیشان کراوە. ئەم مافەی گەلی کورد بە تێکەڵبوون وەک “هاوڵاتی یەکسان” لەناو سنوور و پێناسەکانی نەتەوەیەکی باڵادەستدا بەدی نایەت، بەڵکوو بە دەستەبەرکردنی ستاتۆیەکی سیاسی کە ڕێگەی پێبدات ئازادانە ئیرادەی کۆلەکتیڤی خۆیان دەرببڕن، بەدی دێت.

ئەمڕۆ لە تورکیا دەستەواژەی نەتەوەی دیموکراتیک، پارادایمێکە کەوا نەک تەنها لەلایەن حکومەتەوە، بەڵکوو لەلایەن هەندێک گرووپی ئۆپۆزسیۆنیشەوە پشتیوانی دەکرێت. بەڵام ئەم پارادایمە نەک هەر دان بە مافە مێژووییەکانی کورددا نانێت، بەڵکوو وەک هەبوونێکی سیاسییش نایناسێت. لەم مۆدێلەدا کورد وەک فرەڕەنگی، دەوڵەمەندییەکی کولتووری، یان کاتاگۆرییەکی نەتەوەیی ژێردەستە سەیر دەکرێت؛ داخوازییەکانیان بە بەهاکانی وەک “یەکگرتوویی”، “برایەتی” و “ئاشتی” سەرکوت دەکرێن. بەڵام نەتەوەبوون فۆرمێکی کۆنکرێتی هەبوونی سیاسییە و بە چەمکە ناڕوونەکان پێناسە ناکرێت.

نەتەوە تەنها یەکگرتوویی زمانەوانی یان کولتووری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی مێژوویی بە نیشتمانبوونە. گەلێکی خاوەن ئیرادەی سیاسی، مافی خۆیەتی ڕێکخستنی خۆی و یاساکانی خۆی و دەسەڵاتی ئیداری خۆی دابمەزرێنێت. کاتێک ئەم مافانە لە فۆرمێکی ناڕوون و نادیاری وەک “یەکێتی دیموکراتیک”دا ون دەبێت، هەبوونی نەتەوەیی گەل، دەست بە نەمان دەکات. لای کورد ئازادیی نەتەوەیی نەک بە توانەوەی لە ناسنامەی نەتەوەیەکی دیکەدا، بەڵکوو بە داننان بە واقیعی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەیدا مومکینە.

ئەم مۆدێلە کە لەژێر ناوی “نەتەوەی دیموکراتیک”دا پێشنیار کراوە، وەک نموونەیەکی پۆستمۆدێرن لە ڕێفلێکسە کلاسیکییەکانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانە کار دەکات کە داخوازییەکانی گەلی کورد سەرکوت دەکەن. لەم ڕووەوە ئەو بە دیموکراتیک کردن نییە، بەڵکوو دواخستنە؛ نەک یەکسانی، بەڵکو دواکەوتووییە؛ نەک ئاشتی، بەڵکوو دروستکردنی نادڵنیاییە. یەکسانی ڕاستەقینە تەنیا بە دانپێدانانی ڕوون و بێ دوودڵی بە مافە نەتەوەییەکاندا مومکین دەبێت. گەلی کورد نەتەوەیە، کاتێک ئەم میللەتە بە شوناس و زمان و ئیرادەی خۆیەوە بە فەرمی بناسرێت، ئەوکات دەکرێ لەسەر بنەمای یەکسانی لەگەڵ گەلانی دیکەدا بەشداری یەکیەتی و یەکگرتوویی ببێت. ئەگەر وەها نەبێت، ئەوە یەکگرتوویی و یەکێتی نییە، بەڵکوو ئاسمیلەکردنە؛ ئەوە برایەتی نییە، بەڵکوو باڵادەستییە؛ ئەوە ئاشتی نییە، بەڵکوو ئەوە بێدەنگی دروست بکات.

پوستێن ھەمان بەش